تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە فێڵی لەهاوڵاتیان كردبوو

(0) / / اجتماعی / زایەڵە کۆمەڵایەتی سلێمانی


May 07, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - پۆلیسی  سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بەفێڵ‌و بەناوی دامەزراندن‌و زەوی وەرگرتن‌و زیادكردنی مووچەی كەمئەندامان، پارەی لەهاوڵاتیان سەندبوو.

دوای ئەوەی هاوڵاتییەك لەڕێگەی پەیجی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە زانیاری لەسەر کەسێک گەیاندە ھێزەکانی پۆلیس كە بەفێڵ‌و بەناوی دامەزراندن‌و زەوی وەرگرتن‌و زیادكردنی مووچەی كەمئەندامان، پارە لەهاوڵاتیان دەسەنێت، بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی ڕاسپارد كە بەدواداچوونی بەپەلە بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی ئەنجام بدەن.

دوای  بەدواداچوون‌و لێكۆڵینەوەكان‌و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەرو، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستگیربكرێت. لەکاتی دەستگیرکردنیداو لەماڵی تۆمەتباردا دەستگیرابەسەر ژمارەیەکی زۆر پێناسی باری شارستانیی و زانیاری كەسیدا.

لەئێستادا تۆمەتبار (م،ح،ح  لەدایكبووی 1969 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی  312 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.

تۆمه‌تباری‌ ناوبراو له‌دوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ چه‌ند سكاڵایه‌كی‌ له‌سه‌ر تۆماركراوه‌و داواش لەھاوڵاتیان دەكەین کە هەر كەسێك بەناوی دامەزراندن‌و زەوی وەرگرتن‌و زیادكردنی مووچەی كەمئەندامانەوە فێڵی لێکراوەو پارەی لێسەندراوە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بكات بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی.

کامەران کەریم