عوسمان گوڵپی بۆ زایەڵە لێکیدایەوە: ئەو دوو خاڵەی ئەگەری کەوتنی ئەردۆغان بەهێز دەکەن
/
گفتگو
/
زایەڵە
تورکیا
عوسمان گوڵپی
ئەردۆغان
زایەڵە - عوسمان گوڵپی چالاکوانی مەدەنی بە زایەڵەی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێکی کەم لەبەردەم دەنگدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی تورکیادا ماوە، بە پێی شارەزایانی پرسی تورکیا یەکێكە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە لە ڕابردوودا تەنهاهەڵبژاردنەکانی ١٩٥٠ و ١٩٦١ و ١٩٨٣ و ٢٠٠٢ بە ئەندازەی ئەم هەڵبژاردنە گرنگبون، کە ململانێیەکی توند لە نێوان هاوپەیمانە ڕکابەرەکاندا هەیە و بە پێی ڕاپرسیە جیاوازەکانیش لە ململانێکەدا ڕێژەی دەنگیان بە نزیکەی بەرز و نزم دەبێتەوە.
گوڵپی وتیشی: ململانێی توند لەهەڵبژاردنەکاندا لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپەدایە کە هێزەکانیتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا لەدەوریان کۆبونەتەوە.ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە بۆ ئەردۆغان و مەترسی جدی لەسەر دروستکردوە، بە ىروای من مەترسیە جدیەکە لەسەر ئەردۆغان نە هەدەپەیە و نە جەهەپە، بەڵکو دوو خاڵی سەرەکی ئەگەری کەوتنی ئەردۆغان بەهێز دەکەن، یان با بڵێین دوو خاڵ هەن بەتەواوی هەڵبژاردنەکەیان کردۆتە هەڵبژاردنێکی مەترسیدار بۆ ئەردۆغان و حیزب و هاوپەیمانەکانی، ئەوانیش ئەمانەن.
وتیشی، یەکەم گولەنیەکان،گولەنیەکان ئەگەرچی لە چوارچێوەی پارت و لیستی هەڵبژاردندا نین بەڵام بەهێزی پێگەیان وایکردوە کە مەترسی جدیبن لەسەر ئەردۆغانی دۆستی ڕابردوویان، گولەنیەکان وەك قوتابخانەیەکی بەهێزی توندوتۆڵ لە هەموو جومگەکانیسەربازی و مەدەنی ی تورکیادا بوونیان هەیە و هەر ئەمانیش بە پشتیوانی بەهێزی ئەردۆغان دانران بۆ بردنەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، بەڵام لە ئێستادا گولەنیەکان وێڕای داخستنی هەزاران قوتابخانە و دامەزراوەیان، هەڵمەتی دەستگیرکردنیان لە چەندساڵی ڕابردودا هەزارانیان توندی زیندانەکان کردوە کە زۆربەیان خەڵکی ئاینی و ئەکادیمی خاوەن پێگەی ناوچەکانی خۆیانن و کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگەی تورکیا هەیە، ئەوە وێڕان نانبڕاوکردن و دەرکردن لە وەزیفەی هەموو ئەوانەی کە بە نزیك لە گولەنیەکان دانراون، ئێستا گولەنیەکان بۆیان گرنگ نیە بەرامبەرەکانی ئەردۆغان کێن بەڵکو چەقی بیرکردنەوەی گولەنیەکان کەوتنی ئەردۆغانە، بۆیە ڕۆژی هەڵبژاردن سەدان هەزار قوتابی و هاوسۆزی گولەنیەکان و کەسوکاری دەیان هەزاریان دەچنە سەرسندوقەکانی هەڵبژاردن و بێدەنگ بێدەنگ بە نیەتی کەوتنی ئەردۆغان دەنگ دەدەن، ئەمەش یەکێكە لە مەترسیە جدیەکان لەسەر کەوتنی ئەردۆغان.دووەم دۆستەکانی ڕابردوو و دژەکانی ئێستای ئەردۆغان.
ڕونیشیکردەوە، ئەردۆغان کە دەسەڵاتی گرتە دەست بەتەنها نەبوو بەڵکو تیمێکی بەهێزی کاریگەر لە حیزبەکەیدابوون بۆ بردنەوەی پارتەکەی لە هەڵبژاردن، بەڵام ئەردۆغان نەیتوانی ئەم تیمە بهێڵێتەوە بەبەهێزی، بۆیە ئێستا تیمە بەهێزەکەی ڕابردووی ئاكپارتی زۆرترینی لەدەرەوەی هاوپەیمانێتی ئەردۆغانن و بۆ خستنی ڕابەرەکەی ڕابردوویان کۆبوونەتەوە و لەگەڵ دووژمنەکەی ڕابردوویان بوونەتە هاوپەیمان و دەیانەوێ دۆستە پێشینەکەیان کۆتایی پێ بهێنن، لێرەدا کاتی ئەوە نیە بڵێین بۆچی ئەردۆغان ئەم هموو کەسایەتیە کاریگەرەی لێ دوور کەوتنەوە، کە دیارترین وکاریگەرترینیان ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن ئەوە وێڕان ئەو کەسە کاریگەرانەی کە ڕۆڵیان لە بەهێزکردنی حیزبەکەی ئەردۆغاندا هەبوو و ئێستا لەگەڵ کەوتنی ئەردۆغاندان و پشتیوانی ئەحمەد داودئۆغڵو، عەلی باباجان دەکەن،لە ڕووی سیاسی و پێگەی حیزبیە تەنها ئەو دوانەی سەرەوە مەترسیان لەسەر کەوتنی ئەردۆغان دروستکردوە، چونکە ئەم هێز و کەسایەتیانە لە بازنەی ئاکپارتی چونەتە دەرەوە و پشتیوانی ئەردۆغانیان جێ هێشتوە، ئەگەرنا ئەوانیتر لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووشدا هەمان دژایەتی ئێستایان هەبووە بۆ ئەردۆغان و نەیانتوانیوە بیخەن، کوردیش بەهۆی دابەشبوونی بەسەر هاوپەیمانێتیەکاندا ناتوانێ ببێتە هێزی یەکلاکەرەوە، ئەوە وێڕای ئەوەی هیچ هێزێکی کوردی کە هەدەپە بەهێزەکەیانە نەیتوانیوە ببێتە جێگەی متمانەی زۆرینەی دەنگدەرانی کورد.پێشبینی کردن بۆ ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا ئاسان نیە، وێڕای ململانێی بەهێزی نێوخۆیی تورکیا، ئەوا بەشێك لە وڵاتانی کاریگەری وەك ئەڵمانیا و ئەمریکا خواستنی کەوتنی ئەردۆغانیان هەیە، کە دەکرێت ببنە گرفت بۆ داهاتوو، لە کۆتایدا ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە خاڵێك بۆ تاقیکردنەوەی پرسی دیموکراسی و هەڵبژاردن بۆ ئەو وڵاتە، ئایا سندوقی دەنگدان بە ئاسانی دەتوانێ کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئەردۆغان بهێنێت؟ یان نەخێر پرسی تەزویر و گرفتەکانی دوای دەنگدان و ململانێکان تورکیا ڕووبەڕووی دۆخێکی نوێ دەکەنەوە، چونکە لەئەگەری دەرچونەوەی ئەردۆغاندا ڕەنگە نەیارە نێوخۆییەکان و وڵاتانی کاریگەری نەیاری ئەردۆغان چاوەڕێی هەڵبژاردنێکیتر نەکەن و ڕێگایتر دەدۆزنەوە بۆ
کەوتنی بەرامبەر بەتایبەت تورکیا دەستو پەنجەی لەگەڵ کودەتادا نەرم کردوە و تەنها لە ماوەی ٦٠ساڵدا ئەم کودەتایانە ئەنجامدراون و هەندێکیان سەرکەوتوو و هەندێکیشیان شکستیان خواردوە ،١٩٦٠،١٩٧١،١٩٨٠،١٩٩٣،١٩٩٧،٢٠١٦، بۆیە تاکە ڕێگای باو لە تورکیا تەنهاهەڵبژاردن نیە.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: