زایەڵە - مامۆستایەکی زانکۆی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئەو شارستانێتییەی وڵاتی ئێران هەیانە ئێمەی کوردیش بەشدارین تیایدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پەیوەندی ڕۆشنبیری، کلتوری و زانستی لەگەڵ ئێران سودی خۆی هەیە.
د، تارا موحسین مامۆستای زانکۆ لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند؛ هەبوونی پەیوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران سودی خۆی هەیە لە ڕووی زانستی و کلتوری و ڕۆشنبیرییەوە، چونکە وڵاتی ئێران مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و جێ دەستیان دیارە لەڕووی پێشکەوتنیانەوە لە زۆر بواردا، بێگومان ئەمەش سودی هەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی لایەنی کلتوری و زانستی و هۆنەری و ڕۆشنبیرییەوە ئەوان چەندین کەسانی پسپۆڕ و سەرچاوەی بەسود و پاشماوەی بەنرخیان لە ڕووەوە لە ئێمە زیاتر هەیانە، بۆیە گرنگە بوونی پەیوەندی بەستن لەو ڕووانەوە.
ناوبراو وتیشی، ئەمە جگە لەوەی ئێمەی کورد هەر لەسەرەتای دروستبوونمانەوە لە ڕووی مێژوویی و شارستانێتییەوە بەستراوین بە وڵاتی ئێرانەوە، تەنانەت لەسەدەکانی زوودا لەسەردەمی حوکمڕانی ماددەکاندا پەیوەندییەکی زۆر نزیک هەبوو لە نێوان حوکمڕانی هەخامەنشینیەکان و میدییەکاندا، هەرچەندە بە لەو سەردەمانەدا حوکمڕانی مێدییەکان یاخود ماددەکان بەو شارستانێتییە گەورەیانەوە کەوتە ژێر دەسەڵاتی هەخامەنشینی فارسەکان، واتە ئەو شارستانێتییەی وڵاتی ئێران هەیانە ئێمەی کوردیش بەشدارین تیایدا و جێی خۆیەتی ئەگەر جارێکی تر ئەو بوارانە ببوژێنرێتەوە لە نێوان ئێمەو ئەواندا.
کامەران کەریم