عەبدوڵڵا ئاکرەیی: کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران دەکات/ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێم و ئێران گەیشتۆتە چوار ملیار دۆلار

(0) / / گفتگو / زایەڵە ئێران هەرێمی کوردستان عێراق عەبدوڵڵا ئاکرەیی


May 19, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران ئاشکرای دەکات، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زیادیکردووە و قەبارەکەی چوار ملیار دۆلارە، دەشڵێت: لە کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران دەکات و گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی دەروازەکان دەکەن.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، شاندەکە پێکدێت لە هەر چوار پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان و بەڕێوەبەرانی هەرسێ دەروازەی سنووری، پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران.
گوتیشی: "کۆبوونەوەکە لە 31ی ئەم مانگە لە شاری ورمێ ئەنجام دەدرێت، شاندێکی ئێران کە ژمارەیەک پارێزگاری شارەکانی ئێران تێیدا دەبن لەگەڵ شاندەکەی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە".
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر پەیوەندیی و هەماهەنگی لەسەر نێوان پارێزگاکانی هەردوولا بووە، بەڵام لەم کۆبوونەوەیە گفتوگۆکان فراوانتر دەبن، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە باسکردن دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو بارهەڵگرانە دەکرێت کە لە ئێرانەوە بار دەگوازنەوە هەرێمی کوردستان، هەروەها باس لە کارەبای دەروازە سنوورییەکان دەکرێت کە لە ئێرانەوە هاتووەتە نێو خاکی هەرێم، جاران گرێبەستەکەمان وابوو پارەی کارەبامان بە تومەن دەدا ئێرانییەکان دەڵێن دەبێ بە یۆرۆ بیدەن، بۆیە دەیانەوێت لەم کۆبوونەوەیە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن".
سەبارەت ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پەیوەندییەکان بەرەو پێشەوە چوونە و ئاڵوگۆڕی  بازرگانی لە هەر سێ دەروازەی فەرمی سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران زیادیکردووە، ئاستی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولا باشە و کێشەکان کەمتر بوونە بەرەو باشتر دەڕوات".
ئاماژەی بەوەشکرد: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە گشتی لەنێوان عێراق و ئێران دەگاتە 12 ملیار دۆلار و لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران چوار ملیار دۆلارە".
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، باسی لەوەشکرد، بڕیارە کۆنفرانسێکی گەورەی بازرگانی لە هەولێر رێکبخرێت، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە و ئەوانیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە.