ڕێگری‌و ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەی کەرتی تایبەت لەپارێزگای ھەڵەبجە  چین؟

(0) / / اقتصادی / زایەڵە هەڵەبجە کەرتی تایبەت پێشەوا ئەحمەد


May 20, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - پێشەوا ئەحمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی هەڵەبجە لەگەڵ رۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “ئێمە دوو دەروازەی سنوریمان ھەیە لەپارێزگای هەڵەبجەدا، بەڵام داھاتەکەیان دەچێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەی گەرمیان”.

لەکاتی دامەزراندنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی ھەڵەبجەوە تا ئێستا، گرنگترین ئەو کارو چالاکیانەتان چین ئەنجامتان داوە؟

پێشەوا ئەحمەد: ئامانج لەدامەزراندنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی بەپێی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ١٩٩٣ بریتیە لەبوژاندنەوەی ئابوری سنوری پارێزگاکە، پارێزگای ھەڵەبجە پاریزگایەکی نوێیەو ساڵی ٢٠١٥ بوەتە پارێزگا. ئێمە لەسەرەتاوە لێکۆڵینەوەمان لەسەر ئەوە کرد کە پارێزگای ھەڵەبجە لەڕووی ئابورییەوە لە چ بوارێکدا بەھێزە، تاکو لەم بوارانەدا کار بکەین بەمەبەستی بوژاندنەوەی ئابوری پارێزگای ھەڵەبجە. لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی پارێزگای ھەڵەبجە لەبوارەکانی گەشتوگوزارو کشتوکاڵ دەتوانێت کاری لەسەر بکرێت‌و ھانی وەبەرھێنەران بدرێت پڕۆژە لەم بوارانەدا ئەنجام بدەن، بەڵام بەداخەوە دوای دامەزراندنی ژووری بازرگانی ھەڵەبجە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبوەوەو قەیرانی دارایی سەریانهەڵدا، لەھەموو جیھان شتەکان ئاڵۆز بوون‌و جوڵەی بازرگانی خاوبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، ئێمە ئەو ئامانجەی ھەمانبوو نەمانتوانی وەک پێویست بەدیبھێنین، بەڵام بەردەوامین لەھاندانی بازرگانان‌و وەبەرھێنەران لەبواری کشتوکاڵ پرۆژە ئەنجام بدەن. ئێمە خاوەنی دەشتی شارەزوورین کە یەکێکە لە بەپیترین‌و فراوانترین ئەو دەشتانەی گونجاون بۆ کشتوکاڵ کردن‌و چوار وەرزەی ساڵیش پارێزگاکەمان لەبارە بۆ گەشتوگوزار، کە لە گوڵەخانەوە دەستپێدەکات بۆ ھەورامان‌و سازان‌و روباری سیروان، ئەمانە چەند ناوچەیەکی سەرنجڕاکێشن کە دەتوانین بۆ گەشتوگوزاریی چوار وەرزە بەکاریبھێنین. ساڵانە ملیۆنێک گەشتیار لەناوەڕاست‌و باشوری عێراق‌و پارێزگانی تری ھەرێمیش سەردانی ناوچە گەشتیارەکانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە دەکەن، ئێمە پرۆپۆزەڵمان ئامادە کرد تاکو بیدەینە دەستەی وەبەرھێنان بۆ ئەوەی وەبەرھێنەرانی ناوخۆیی‌و بیانی بێن‌و بەھاوبەشی لەم بوارانەدا کار بکەن، بەپێی کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بەگۆڕینی کۆمەڵگا لەکۆمەڵگایەکی بەکاربەرەوە بۆ کۆمەڵگایەکی بەرھەمھێنەر، ئێمە دڵخۆش بووین، بەو ئاڕاستەیە کارمان کرد کە کشتوکاڵ ببێتە بەشێک لەسەڕچاوەی داھات لەپاڵ نەوت‌و سامانە سروشتیەکان، خۆشبەختانە توانیمان لەبواری کشتوکاڵدا ١٠ بۆ ١٢ پڕۆژەی گاوداری‌و بەخێوکردنی مەڕو سامانی ماسی دروست بکەین، ئەمە یەکێک بوو لەئامانجەکانمان. بەشێکی تر لەکارەکانمان بریتی بوە لەسازدانی فیستیڤاڵ‌و دروستکردنی شاندی بازرگانی بوو تاکو بازرگانانی ھەڵەبجە سەردانی پێشەنگاو کۆنفرانسە جیھانییەکان بکەن‌و لەنزیکەوە بەتەکنیک‌و تەکنەلۆژیاو بازرگانانی ئەو وڵاتانە ئاشنا بن‌و بتوانن کاری ھاوبەش ئەنجام بدەن، ئێمە زیاتر لە ٤٢ گەشتمان بۆ بازرگانانی ھەڵەبجە ڕێکخستووە، خاوەنی چەندین پرۆتۆکۆلی لێکتێگەیشتنین لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی ئێران‌و تورکیاو بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا، لەئێستادا شاندێکمان لەوڵاتی کەنەدایە، ئێستا ژمارەی ئەندامانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی ھەڵەبجە زیاتر لەھەزار کەسە، ھەڵەبجە ژمارەی دانیشتوانی سنوردارە، بەڵام دەکرا ئێمە باشتر کارەکان بکەین‌و خزمەتی زیاتر بکەین کە بەداخەوە بەھۆی قەیرانەکانەوە نەمانتوانی.

 

ڕێگری‌و ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەی کەرتی تایبەت لەپارێزگای ھەڵەبجە چین؟

پێشەوا ئەحمەد: کەرتی تایبەت لەھەرێمی کوردستان لەپاشەکشەدایە لەبەرئەوەی ئەوانەی ھەڵدەستن بەئەنجامدانی پڕۆژەکان وەک بەڵێندەران شایستە داراییەکانیان وەک پێویست پێنادرێت، بەھۆی کێشەی موچەوە بازاڕ خاو بوەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر وەبەرھێنەران ھەبووە، لەم بارۆدۆخەدا وەبەرھێنەران ریسک ناکەن‌و پڕۆژە ئەنجام بدەن. گەشەی ئابوری بەتەواویی نەوەستاوە، بەڵام زۆر خاو بوەتەوە. بابەتێکی تر بریتیە لەڕۆتینی کارگێری، لەسنوری پارێزگای ھەڵەبجە کاتێک وەبەرھێنەرێک روو دەکاتە پارێزگای ھەڵەبجە ئەوەندە رۆتینات زۆرەو نەشارەزایانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، کەسەکە ناتوانێت پڕۆژەکە ئەنجام بدات، خۆی وا پێویست دەکات ئێمە نەخشەی وەبەرھێنانمان ھەبێت، کاتێک کەسێک دەیەوێت پڕۆژەیەک ئەنجام بدات، زەویەکەمان ئامادە بێت، بیرۆکەکەمان ئامادە بێت، پرۆپۆزەڵەکەمان ئامادە بێت، بڵێین فەرموو دەست بکە بەکارکردن‌و تەنھا زەمانی بانکی لێوەربگرین، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەمە بکەین، لەبەرئەوەی زەویەکە ھی کشتوکاڵە تاکو دەستھەڵگرتنی بۆ دەکات‌و شارەوانی پەسەندی دەکات‌و شانزە فەرمانگەی پەیوەندیدارو ژینگە ڕەزامەندی دەدەن، پڕۆژەکە کەڵکی نامێنێت. ئەمە لەھەموو کوردستان وایە، بەڵام لەھەڵەبجە زۆر زیاترە لەبەرئەوەی لێرە ئەزمونی کار کردن کەمەو لەئاستێکی بەرزدا ئەزمون‌و شارەزاییان نیە، لێرە خۆپاراستن لەگەندەڵیی، بۆتە بارگرانی‌و گەندەڵییەکی تر، بۆیە ئەنجامدانی پڕۆژەکان خاو بونەتەوە.

گرنگترین پڕۆژە ئابورییە گەورەکانی ئێستای پارێزگای ھەڵەبجە چین؟

پێشەوا ئەحمەد: ئێمە لەدوای دامەزراندنی ژوورەکەمان ھانی وەبەرھێنەران‌و بازرگانانمان داوە پڕۆژە ئەنجام بدەن، خۆشبەختانە لەئێستادا کۆمەڵێک پڕۆژەی زۆر باش ئەنجام دراوە، پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ھێلکە ھەیە کە تواناکەی بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن ھێلکەیە لەڕۆژێکدا، ئەم پڕۆژەیە قۆناغی زۆر باشی بڕیوە. لەئێستادا ھۆڵی پەروەردەو بەرھەمھێناننی مریشکی هێلکەمان ھەیە، دەیانەوێت کارگەی ئالیکیش دروست بکەن. لەئێستادا سێ پڕۆژەی گاوداری زۆر باش ھەیە، مانگایان لەھۆڵەنداو ئێرانەوە ھێناوە بەرھەمەکەی دەنێرن بۆ سلێمانی‌و شارەکانی تر. ژمارەیەکی زۆر کێڵگەی پەلەوەریی لەھەڵەبجە ھەیە، پڕۆژەی بەخێوکردنی جۆرێک لەمەڕی ئەوروپی ھەیە کە نەژادێکی زۆر تایبەتە، ئەم پڕۆژەیەش گەورەیە. پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسیش ھەیە بەھۆی دەریاچەی سیروانەوە. پڕۆژەی بزنی ھۆڵەندی ھەیە. لەھەڵەبجە کارگەی زەیتی زەیتون‌و سابون ھەیە. ئەمانە ھەموو ئەو بوارانە بوون کە ئێمە وەکو ژووری بازرگانی لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردن‌و یاداشتمان دایە دەستەی وەبەرھێنان تاکو بەگوێرەی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٦ وەبەرھێنان کە باس لەبەخشینەکان کراوە، ئێمە داوامان کرد ئەو وەبەرھێنەرانەی پڕۆژەیان لەھەڵەبجە ئەنجامداوە لەبری ئەوەی ١٠ ساڵ لەباج ببەخشرێن، بۆیان بکرێت بە ١٥ ساڵ بەخشین لەباج، ئەوانەشی ٥ ساڵ بەخشراون بۆیان بکرێت بە ٧ ساڵ، ئەمە دەبێتە ھاندانێکی زۆر باش بۆ بوژاندنەوەی پارێزگاری ھەڵەبجە کە قوربانییەکی زۆری داوەو ناوبانگێکی جیھانی ھەیە، زیانێکی مادی‌و ژینگەیی‌و مرۆیی زۆری کردوە، پێویستە حکومەتی ھەرێم ئەم بڕیارە دەربکات.

تا چەند هەوڵتان داوە لەسنوری پارێزگای ھەڵەبجە دەروازەی نێودەوڵەتی بکرێتەوە؟

پێشەوا ئەحمەد: ئێمە دوو دەروازەی سنوریمان ھەیە، یەکێکیان بریتیە لەتەوێڵە کە لەئێران پێیدەڵێن شۆشمێ، ئەویتریان دەروازەی پشتەیە کە لەئێران پێدەوترێت شێخ ساڵە، ئەم دوو دەروازەیە نیمچە فەرمین، تەنھا بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانییە، گەشتیار ناتوانێت ھاتوچۆی لێوە بکات. لەبەرئەوەی تەوێڵە کە شوێنێکی گەشتیارییەو ڕێگاکانی زۆر یارمەتیدەر نین بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی داھاتەکەشی دەچێتە پارێزگای سلێمانی، بەداخەوە مەرزی پشتەش لەبەرئەوەی زۆر دوورە شەقامێکی ڕاستەوخۆ نیە، دەبێت لەدەربەندنیخانەوە بۆی بچیت واتە بچێتەوە سنوری پارێزگای سلێمانی ئێنجا بچیتە پشتەو داھاتەکەی دەچێت بۆ ئیدارەی گەرمیان. واتا ئێمە دوو دەروازەی نیمچە فەرمیمان ھەیە، بەڵام داھاتەکەی سوودی نەبووە بۆ ھەڵەبجە. ئێمە وەک ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی ھەڵەبجە پێشنیازی کردنەوەی مەرزی سازانمان کردوە کە ئەمە بەناوەڕاستی ھەڵەبجەدا دەڕوات، ھەڵەبجە دەکاتە ڕێڕەوێکی بازرگانی، دووری مەرزی سازان بۆ کرماشان دەببتە ٢ کاتژمێرو ٤٠ خولەک، بەکردنەوەی دەروازەکە جوڵەی بازرگانی زۆر بەش دروست دەبێت، شاندی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی ھەڵەبجە سەردانی بەغداو سەرۆک کۆمارو دەستەی دەروازە سنوریەکانی عێراقمان کردوەو قۆناغێکی زۆر باشمان بڕیوە لەقۆناغەکانی کۆتایی ڕەزامەندین.

 

داواکاریی‌و پێشنیازتان چیە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و کەرتی تایبەت؟

پێشەوا ئەحمەد: پێویستە لەم وڵاتەدا کەرتی گشتی‌و کەرتی تایبەت ھاوتەریبی یەکتر بن، یەکتری تەواو بکەن، لەقەیرانەکاندا بازرگان ڕۆڵێکی زۆرباشیان ھەبووە، پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کار بکات بۆ دروستکردنی کەرتێکی تایبەتی سروشتی نەک کەرتی تایبەتێک کە بەپشتگیری گەشە بکات، ئێمە دەمانەوێت بازاڕی ھەرێمی کوردستان ڕێکخراو بێت، کێبڕێکیەکی ئازادو یاسایی تێدا بێت، مافی بەرھەمێن‌و بەکاربەر پارێزراو بێت تیایدا، بازاڕێک بێت کە ھەموومان ھەوڵ بدەین بەرھەمەکانی بەکوالێتیەکی بەرز تێدا بێت‌و بەنرخێکی گونجاو کاڵاکان بگاتە دەست ھاوڵاتیان‌و زۆر گرنگە حکومەت کەمترین دەستوەردان لەبازاڕەکان بکات، بازاڕ بەجێبھێڵێ بۆ کێبڕکێ‌و بازاڕ خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی. تایبەت بەھەڵەبجەش ئێمە داواکارین ئەو فەرمانی لێخۆشبوونە لەدەستەی وەبەرھێنان دەربچێت، داوا دەکەین حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرنجی زیاتر بێت لەسەر ھەڵەبجەو لێرە کاری زیاتر بکات، ھەڵەبجە لەبوارەکانی گەشتیاریی‌و کشتوکاڵ دەتوانێت پێشبکەوێت، پێویستە ڕۆتین لەھەڵەبجە نەمێنێت‌و کەسانی شارەزاو بەئەزمون لەھەڵەبجەدا دابنرێن لەفەرمانگەکان، داواکاریشین کار بکرێت بۆ کردنەوەی مەرزی سازان.

ئا: رێژەن سەردار