ڕۆمانی «هاوژان» بڵاو کرایەوە

(0) / / فرهنگی / زایەڵە هاوژان ڕۆمان


May 21, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ڕۆمانی «هاوژان» بەرهەمی ڕەند زارعی بڵاو کرایەوە.

ڕۆمانی هاوژان، ڕۆمانێکی کۆمێدییە کە باس لە پێکدادانی نێوان دوو نەسلی کورد لە کوردستان – لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ لە ئێران دەکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ماڵی کتێبی کوردی، چیرۆکەکە بەسەرهاتی دوو گەنجە کە شەیدای هونەر و مۆسیقای کوردین و دەیانهەوێ وەدوای خەون و خەیاڵەکانی خۆیان بکەون و هەربۆیەش دواجار بڕیار دەدەن ببنە گۆرانیبێژ، بەڵام لەم ڕێگایەدا تووشی گەلێک لەمپەر و بەربەست دەبن. یەکێک لەو لەمپەرانە ئەو تابۆیانەن کە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا زاڵن و بەشێکی دیکە لەو لەمپەرانە ئەو خەون و خولیایانەن کە بنەماڵە بۆیان داناون.

ئەو شەوە باوکم هەرچەندە بە تەنیا لەو ژوورە دانیشتبوو، کەچی هەر بۆڵاندی و جاروبار بە دەنگی بەرز کە هەموومان گوێمان لێ بێت قسەی دەکرد. هەر جارەی بە شتێکییەوە دەگرت. دەیگوت بە شەق دەمنێرێتەوە بەر خوێندن و ئەگەر سەد هێندەش داهاتووم تاریک بێ، باشترە لەوەی گەلۆر دەرچم. دەیگوت ئەگەر هەر نەبێ وەبەر کار و سەنعاتم دەنێ، خۆ هیچ نەبێ بەشی تێچووی ئەو نانە دەردەهێنمەوە کە لەو ماڵەدا دەیخۆم. تاوێک دواتر بڕیاری دەدا ژنم بۆ بهێنێت و بە دەنگی بەرز باسی ئەوەی دەکرد بە ژنهێنان دەمکاتە پیاو و عاقڵ دەبم. دەیگوت کوڕ ئەگەر ژنی هێنا، دادەسەکنێ. دەبەسترێتەوە! لەپڕ حەزی خوێندنی ئایینی و مەلایەتیش لە بیری باوکمدا دەپشکووتەوە، کەچی هەموو جارێک کە بیری قسەکانی مەلا جومعە و کەتنەکەی من دەکەوتەوە، خوێنی پیس دەبوو و جنێوی بە عەرز و عاسمان دەدا. (لاپەڕە ٧٤)

خانخولەی کەرناس، مەلا جومعە و حاجی ڕەحیم هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تا ئەو دوو کوڕە ببنە مەلا و خوێندنی ئایینی تەواو بکەن. عەلی (عەلی کەرناس) و حەمدۆڵڵا (مەلا حەمدۆ) کە وەک دوو منداڵی سەرلێشواو لەلایەک لەژێر فشاری بنەماڵەدا دەبێ ببن بە مەلا و لەلایەکی تر بەپێی حەزی خۆیان حەز دەکەن ببنە گۆرانیبێژ، لە نێوان دوو دنیا و خەونی تەواو جیاوازدا بەردەوام تووشی پێکدادان و لێک تێنەگەیشتن و گەلێک بەسەرهاتی جۆراوجۆری خۆش و ناخۆش دەبن.

بە تووڕەیی و لەبەر ددانییەوە کە دیاربوو دەترسا مەلا جومعە بێتە دەر و بمانبینێ، گوتی: ”شێت بووی؟ دەستت دادەوە، وازم لێ بێنە، بڕۆ. باشە ئەمن کوتم مەبە بە مەلا، خۆ نەمکوت لێم ببە بە لۆتی!“ (لاپەڕە ٣٥)

ڕۆمانی هاوژان، ڕۆمانێکی کۆمێدییە، بەڵام گەلێک ڕووداوی ناوخۆش و تڕاژیدیش لەو بەسەرهاتەدا ڕوو دەدەن. ئەم ڕۆمانە باس لەو تۆرەمەیە دەکات کە لە دوای شۆڕشی ٥٧ لەدایکبوون کە هەم لەلایەن دەسەڵات و هەم لەلایەن بنەماڵەوە وەک پێویست لێیان تێنەگەیشتن.

ڕۆمانی هاوژان، دووهەمین ڕۆمانە لە نووسینی ڕەند زارعی کە لە توێی ١٧٠ لاپەڕەدا، لە وڵاتی سوید لەلایەن چاپەمەنی ٤٩کتێب ۴۹books چاپ و بڵاو کراوەتەوە. نووسەر لە ناساندنی ڕۆمانەکەدا نووسیوویەتی کە ئەم ڕۆمانەی پێش ڕۆمانی هانا، واتە لە ساڵی ٢٠١٩ (١٣٩٨) نووسیوە، بەڵام چاپ و بڵاوبوونەوەی کەوتۆتە دوای ڕۆمانی هانا.