نوسەرێک بۆ زایەڵە  زۆرینەی دیموکراسیی و  زۆرینەی دیکتاتۆریی لێکیدایەوە

(0) / / گفتگو / زایلە زایەڵە هەرێم زۆرینە


May 25, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە –  ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد  ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان ئێستا لەبەردەم هەردوو جۆرەکەی زۆرینەدایە، هەم زۆرینەی دیکتاتۆرییانە و هەم زۆرینەی دیموکراسیانە، بەرئەنجامی وێنەی مێژوویی زۆرینەی دیکتاتۆریانەش، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی باشدا نییە و چاوەڕێی باشبوونیشی لێناکرێت.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد  نوسەری دیار لەهەرێمی کوردستان  بە زایەڵەی ڕاگەیاند، چەمکی زۆرینە، چەمکێکی دوو دیوە، زۆرینە هەمیشە بە هەڵگری مانای حەقیقەت نایەت، زۆرینەی دیکتاتۆریی جودایە لە زۆرینەی دیموکراسی، زۆرینەی دیکتاتۆریانە لە نمونەکانی سەدام و قەزافی و ئەسەد و عەلی عەبدوڵڵا و موبارەک و زۆرێکی دیکەش، ئەم نمونانەی زۆرینە پێماندەڵێت لە زۆرینەی دیکتاتۆریدا هێز و ترس زۆرینە کۆدەکەنەوە و دەیهێننە بەرهەم، بۆیە دوای هەرەس و لەناوچوونیان دەردەکەوێت زۆرینەکە چۆن بەرهەم دەهێنرێت، زۆرینەی دیموکراسی بەتەواوی پێچەوانەی زۆرینەی دیکتاتۆریانەیە، لەم زۆرینەیەدا هێز کاریگەرنییە لەکۆکردنەوەی زۆرینەدا، بەڵکو حەقیقەت و ئامانج و ستراتیژ و میللەت سەنتەری زۆرینەبوونە. ئەم دوو زۆرینەیە لە رابردووی سەرکردە لەناوچووەکانی بەهاری عەرەبییەوە بۆ ئەمڕۆی کوردستان راستە.

وتیشی، زۆرینەی دیموکراسیانە چونکە کار بۆ پڕۆژەیەکی گشتی دەکات، زیاتر لە دوو دیدگا و دوو بەرەی ناچونیەک و ناکۆکیش یەک دەخات، بەڵام زۆرینەی دیکتاتۆریانە هەرگیز جێگا بۆ دوو دیدی جیاواز ناکاتەوە و دوو هێزی ناچوونیەک لەسەر یەک ئامانج کۆناکاتەوە؛ ئەوەش بۆخۆی پێچەوانەبوونی زۆرینەی دیکتاتۆرییە بە زۆرینەی دیموکراسی، ئەم زۆرینەیە بۆیە پێی دەوترێت زۆرینەی دیکتاتۆری یان دیکتاتۆریەتی زۆرینە چونکە لەم زۆرینەیەدا یەک هێز خۆیی پێ زۆرینەیە و پشتبەست بە دەستی دەرەکی و رێگای نامۆراڵی دەم لە زۆرینەبوون دەکوتێت، ئەگینا ئەمە کەمینەی واقیع و پرۆسەی دیموکراسییە.

باسی لەوەشکرد،زۆرینەی دیموکراسیانە شتێکی نییە بەناوی سیناریۆ و فێڵ و فرت، چونکە زۆرینەیەکە لەبناغەوە بۆ چاککردن و باشترکردنی ناڕێکی و فرت و فێڵەکانی دەرەوەی کردەی دیموکراسی پێک دێن، ئەم زۆرینەیە جێگای مەترسی نییە و هەرگیز وەک زۆرینە دیکاتۆرییەکە کارەسات بەدوای خۆیدا ناهێنێت، واتە: زۆرینەی دیموکراسیانە هەرکاتێکیش لەناوبچێت و هەڵبووەشێتەوە بەکارەسات کۆتایی نایەت، بەڵام زۆرینەی دیکتاتۆریانە لەحاڵەتی بوون ولەناوچوونیشدا مایەی کارەساتە بۆ وڵات و پرۆسەی سیاسی. هەموو ئەو زۆرینە دیکتاتۆریانەی لەمێژوودا لەناوچوون تائێستاش گۆتاوەڕۆی نەرێنییان لەسەر کۆمەڵگاکانیان جێهێشتووە، بەڵام لەم نمونە نەرێنییانەی دیکتاتۆریانە بۆ زۆرینەی دیموکراسی زۆر کەمە، یان هەر بوونی نییە.

ئەوەشی خستەڕو، لەعیراقدا، لەکۆنەوە بۆ دواین کابینەی وزاری، بینیومانە زۆرینەی دیکتاتۆریانە دەرئەنجامی چۆن بووە، هاوکات زۆرینەی دیموکراسیانەش عیراقی چۆن لەمەترسییەکانی ئەو زۆرینە دیکتاتۆرییە پاراستووە. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم دوو زۆرینەیە هەمیشە لەحاڵەتی پێکدادان و ناکۆکیدان،  تەنها ناکۆکی بینراو نا، بەڵکو ناکۆکی لە وەرگرتن و پێگەی جەماوەریدا، ناکۆکی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، لەسەر ئاستی لێکەوتە و کاریگەرییەکانیان، لەسەر ئاستی کات و شوێن.

ئەونوسەرە هێمای بەوەشکرد،هەرێمی کوردستانیش ئێستا لەبەردەم هەردوو جۆرەکەی زۆرینەدایە، هەم زۆرینەی دیکتاتۆرییانە و هەم زۆرینەی دیموکراسیانە، بەرئەنجامی وێنەی مێژوویی زۆرینەی دیکتاتۆریانەش، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی باشدا نییە و چاوەڕێی باشبوونیشی لێناکرێت.

کامەران کەریم