جۆرەکانی پێست

(0) / / هەمە ڕەنگ / زایەڵە هەمەڕەنگ پێست تەندروستی


May 26, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - پێست چییە؟ پێست بریتییە لە چینێک کە بەشی دەرەوەی جەستە دەگرێتەوە، سێ ئەرکی سەرەکی هەیە کە پاراستن و ڕێکخستن و هەستکردنە. پێست لە چەندین جۆر پێکهاتووە کە پێنج جۆرە سەرەکییەکەی، پێستی ئاسایی، پێستی وشک، پێستی چەور، پێستی تێکەڵ و پێستی هەستیارە. 

جۆرەکانی پێست
جۆرەکانی پێست (بە ئینگلیزی: Skin types، بە عەرەبی: أنواع البشرة) پێست لە چەندین جۆری جیاواز پێکهاتووە، بەپێی چەند هۆکارێک پۆلێن دەکرێن کە پەیوەندییان بە هاوسەنگییەوە هەیە، لەوانە دەردانی چەوری، ئاووەرگرتن و ئاستی هەستیاری. بەم شێوەیە هەر جۆرە پێستێک تایبەتمەندی خۆی دەبێت و پێویستی بە چاودێری جیاواز هەیە. جۆری پێست بەپێی بۆماوەیی دیاری دەکرێت، هەرچەندە هۆکاری تریش کاریگەری لەسەر دەبێت و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەتوانێت بگۆڕێت. کە پێنج جۆرە سەرەکییەکەی بریتین لە، پێستی ئاسایی، پێستی وشک، پێستی چەور، پێستی تێکەڵ و پێستی هەستیار، بۆ هەر جۆرێک لە پێست پێویستی بە جۆرێک لە چاودێریکردن و گرنگیپێدان هەیە، بۆ هەموو جۆرەکانی پێست دەتوانیت سوود لە پاککەرەوە و شێدارکەرەوەی گونجاو وەربگریت. 

پێستی چەور
پێستی چەور چەوری زیاد بەرهەم دەهێنێت، کە دەبێتە هۆی ئەوەی پێست بریقەدار دەربکەوێت و هەست بە چەوری بکەیت لەسەری و کونیلەدار بێت، بەتایبەتی لە ناوچەی ناوچاوان و لووت و چەناگە. بەهۆی بەرهەمهێنانی چەوری زۆر لەلایەن ڕژێنە چەورییەکانەوە دروست دەبێت، بەزۆری بەهۆی هۆکاری بۆماوەیی یان هۆرمۆنییەوە دیاری دەکرێت. ئەو کەسانەی پێستیان چەورە، ڕەنگە کەمتر چرچ و لۆچییان هەبێت، بەڵام لەوانەیە زیاتر تووشی گەورەبوونی کونیلەکان، پەڵەی زیپکە، خاڵی ڕەش و خاڵی سپی بن.

بەڵام لەبەر ئەوەی پێستت چەوری سروشتی بەرهەم دەهێنێت بەو واتایە نییە پێویستت بە شێدارکەرەوە نییە لە چاو جۆرەکانی تری پێست. پاراستنی پێستی چەور دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمە گونجاوانەی کە خۆراک بە پێست دەدەن و شێداری دەکەن، بەبێ ئەوەی کونیلەکانت دابخەن یان ببنە هۆی برینداربوونی پێست.

بۆ چاودێری پێستی ڕووخساری چەور دەبێت پاککەرەوەیەکی نەرم و کەفاوی بەکاربهێنرێت کە بە شێوەیەکی کاریگەر پیسی و چەوری زیادە و پیسییەکانی تر لاببات. هەروەها پێویستە شێدارکەرەوەیەکی سووک و بێ چەوری و بەکاربهێنرێت و نەبێتە هۆی گیرانی کونیلەکانی پێست. 

پێستی وشک
پێستی وشک بە گشتی کەمتر زەیتی سروشتی بەرهەم دەهێنێت لە چاو جۆرەکانی تری پێست. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە مات دەربکەوێت و زبر بێت، توێژاڵاوی بێت، یان تەنانەت توێکڵی هەبێت.

زۆرجار هەست بە توندی یان کەمتر لاستیکی دەکات، بە شێوەیەکی بەرچاو وشکیی هەیە، لەوانەیە مەیلی نیشاندانی هێڵی وردی زیاتری هەبێت. جگە لەوەش زیاتر توشی خوران دەبێت یان کزانەوەی دەبێت لە چاو جۆرەکانی تری پێست.

چاودێری پێست بۆ پێستی وشک دەبێت پێکهاتەی نەرم و ئارامکەرەوە و شێدارکەرەوەی پێست لەخۆبگرێت کە یارمەتی پاراستنی بەربەستی پارێزەری شێی پێست دەدات، وەک سیرامید. بۆ جۆرەکانی پێستی وشک، پێویست دەکات کە دوور بکەونەوە لە گەرماوی زۆر درێژ و گەرم، شێدارکردنەوە چەندین جار لە ڕۆژێکدا بەکاربهێنرێت، پێویستە هەڵبژاردنی بەرهەمەکانی چاودێری پێست بێ بۆن بێت و کونیلەکانی پێست نەگرێت هەروەها بێ کحول بێت. 

پێستی ئاسایی
پێستی ئاسایی هاوسەنگە، نە زۆر وشکە نە زۆر چەورە، ئەو کەسانەی پێستیان ئاساییە بە شێوەیەکی گشتی کونیلەکانیان بچووکە و پێکهاتەی پێستیان نەرمە و کەمتر تووشی هەستیاری یان پەڵە دەبن، پێویستی بە چاودێریکردنێکی تایبەتی نییە و چەند ڕۆتینێکی سادەی ڕۆژانە بەسە بۆ پاکبوونەوەی. بەڵام سەرەڕای ئەوەی پێستی ئاسایی هیچ کێشە و نیگەرانییەکی تایبەتی نییە، بەڵام هێشتا پێویستی بە چاودێریکردنی پێستی دروست هەیە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە دەربکەوێت. 

پێستی تێکەڵ
پێستی تێکەڵ هەم پێکهاتەی چەور و هەم پێکهاتەی وشکیشی هەیە، بە شێوەیەکی باو ناوچاوان و لووت و چەناگە چەورە، ڕوومەتەکان یان وشکن یان ئاسایین. ئەم جۆرە پێستە دەتوانێت لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا جیاواز بێت، هەروەها بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆرەوە، وەکوو فشاری دەروونی یان گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکانیش دەکرێت هۆکاری گۆڕانی پێستەکە بێت. پاککردنەوە و ئاووەرگرتنی کاریگەر کلیلی گرنگیدان بە پێستێکە کە لە هەندێک شوێن چەور یان ئاساییە و لە هەندێکی تردا وشک بێت.

پێستى هەستيار
زۆرجار پێستی هەستیار بە جۆرێکی پێست ناودەبرێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە پێستی هەستیاری چەور، پێستی هەستیاری وشک، یان پێستی هەستیاری ئاسایی هەبێت. بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کام جۆری پێستت هەیە، ئەگەر پێستت هەستیارە، لەوانەیە سوور دەربکەوێت و هەست بکەیت سووتاوە، خورانی هەیە یان وشک بووە. 

دەرکەوتنی ئەم نیشانانە ڕەنگە پەیوەندییان بە بەرکەوتن بە شتێکەوە هەبێت لەوانەیە بەهۆی هەندێک پێکهاتەوە وەک بۆیاخ یان بۆن، هەروەها لە هۆکاری ژینگەییەوە دەستپێبکات.

ئەگەر پێستت هەستیارە بە پێی کات دەتوانیت بزانیت چی هەستیاریت بۆ دروست دەکات یان کێشەت لەگەڵ چی بەرهەمێک، شێدارکەرەوەیەک، پاککەرەوەیەک هەیە تا دوور بکەویتەوە لە بەکارهێنانی، شێدارکەرەوە، یان بەرهەمەکانی تر کە ئەو پێکهاتە تایبەتانەیان تێدایە کە هەستیاریت بۆ دروست دەکات. 

چۆن بتوانم جۆری پێستم لە ماڵەوە دەستنیشان بکەم؟
ئەگەر نیشانەکانی جۆرە جیاوازەکانی پێست یارمەتیت نەدات بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک، چەندین پشکنین هەیە کە دەتوانیت لە ماڵەوە ئەنجامی بدەیت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات لە دیاریکردنی جۆری پێستت وەکوو شێوازی “سەیرکردن و چاوەڕوانی” کە ئەم پشکنینە لە ماڵەوە ڕێگەت پێدەدات لە جۆری پێستت تێبگەیت بە چاودێریکردنی چۆنێتی ڕەفتارەکانی پێستت دوای پاککردنەوە. ئەمەش بەپێی چەند جووڵەیەک دیاری دەکرێت کە بریتین لە:

بۆ دەستپێکردن، دەموچاوت بە پاککەرەوەیەکی نەرم بشۆ، پاشان بە نەرمی دەستی لێبدە و وشکی بکەرەوە.
٣٠ خولەک چاوەڕێ بکە بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی دەربکەوێت.
ئەگەر پێستت بە درێژایی کات بریقەدار دەرکەوت، ئەوا پێدەچێت پێستت چەور بێت.
ئەگەر هەستت بە توندی کرد و توێژاڵاوی بوو یان توێکڵی هەبوو، ئەوە پێدەچێت پێستت وشک بێت.
ئەگەر بریقە تەنها لە ناوچەی ناوچاوان و لووت و چەناگەتدا بێت، ئەوا پێدەچێت پێستی تێکەڵت هەبێت.
ئەگەر هەستت بە شێداری و ئاسوودەیی کرد، بەڵام چەور نەبوو، ئەوا پێدەچێت پێستت ئاسایی بێت.

کەنار ئەبووبەکر