زایەڵە - کامیل مەحمود نوسەرو میدیاکارێکی سەربەخۆ  بە زایەڵەی ڕاگەیاند، گرژی و پەلامارو هێرشی دەستەویەخەی نوێنەرانی ناو پەرلەمان بۆ سەر یەکتر تاڕادەیەکی زۆر دیاردەی هاوچەرخی ناو پەرلەمانەکانی دنیایە، دیاردەکە لەوەدا ئاساییە کە گوزارشتە لەبوونی پلۆرالیزم و فرەحزبی و ڕای جیاواز لەوڵاتەکەدا کە پەرلەمان کۆکەرەوەی هەموویانە بۆ گفتوگۆ و ڕکابەری لەسەر بنەمای هەڵوێست و پرۆژەی جیاواز.

وتیشی: پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا شەڕو گرژی وەک ئەمەی ئەمڕۆی ناو پەرلەمانی کوردستانیش دەچێتە ناو هەمان دیاردەی جیهانی و بۆ ئێمەی کوردیش ئاساییە،لە ناو ڵاتێکدا دەستورو دامەزراوەی فەرمی و سوپاو هێزی ئەمنی نیشتیمانی وجودی هەبێت و ڕێکخەرو چاودێری پرۆسەی سیاسی بێت بەشێوەیەکی بێلایەنانە ئەو کات ناو پەرلەمان ببێتە گۆڕەپانی جەنگی دەستەویەخەی خوێناویش کاریگەری لەسەر وڵات و حکومەت و دامەزراوەکان نابێت و دواجار لەسێبەری ئەوانەدا سەقامگیری وڵات پارێزراوە، بەڵام لەوڵاتێکدا سەرلەبەری جومگەکانی کۆمەڵگەو دەوڵەت لەدەستی ئەو حیزبانەدابێت و ئیرادەو ویستی حزب لەسەرووی یاساو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوەبێت، بگرە دامەزراوەی ڕەسمی تەنها ڕواڵەتی بێت و چەک و پارەو داهات و بڕیار لای حزب بێت، ئەم جۆرە ڕووبەڕوبوونەوانەی ناو پەرلەمان خاڵی نابێ لەمەترسی و ئاسەواری هاوشێوەی لەدەرەوەی هۆڵی پەرلەمان، بەهیچ شێوەیەکیش گوزارشت نییە لەسیمای دیموکراسی، بەڵکو گوزارشتە لەشەڕی بەرژەوەندی تایبەتی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی خەڵک و وڵات، بەتایبەتی لەم هەرێمەی ئێمەدا کە جوڵەی پێشمەرگەو هێزی چەکدار بەندە بە ئاماژەی پەنجەی خاوەن بڕیارێکی حزبییەوە.

ئەو نوسەرە ڕاشیگەیاند،  ئەوەی ئێستا کە ململانێکان حەسرە لەناو پەرلەمانداو نایەتە دەرەوە، بڕیارو ئیرادەی حزبەکان نییە ئەوەندەی ویستێکی نێودەوڵەتی و تەنانەت هەرێمایەتیشە.

کامەران کەریم