1 / 9
2 / 9
3 / 9
4 / 9
5 / 9
6 / 9
7 / 9
8 / 9
9 / 9

(0) / عكس


Mar 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە: بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی حزبی و حكومی، دەزگای هزری شارستانی بۆ یەكەم جار 40 وێنەی سێ فۆتۆگرافەری ئێرانی لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بڵاوكردەوە كە یەكەم جارە نمایش کران.

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر: ڕۆڵی ئێران ڕێگریی لەوە کرد کارەساتی هەڵەبجە وەک ئەنفال بێت

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگای وێنەیی تایبەت بە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە ڕۆژی پێنچشەممە١١ی  ئازاری  2021لە هۆڵی ئەمنە سورەکە بەڕێوەچوو، وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هاوکاریکردنی خەڵکی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە.

 

ناوبراو بە ئاماژە بە تاوانەکەی سەدام و ڕژێمی بەعس لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کاتەدا لە کردنەوەی سنورەکان، لە پاڵپشتی خەڵک و خزمەت گەیاندن بەوان و هەروەها هێنانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی کەم وێنەی هەبوو و ڕێگریی لەوە کرد کە ئەم کارەساتە مرۆڤییە نێودەوڵەتییە بە دەردی کارەساتی ئەنفال بڕوات کە کارەساتێکی گەورەتر لە کیمیابارانی هەڵەبجە بوو بەڵام لە بەر نەبوونی بەڵگە و وێنە و دیکیۆمێنت لە جیهاندا کاردانەوەیەکی نەبوو.

 

پارێزگاری سلێمانی وتیشی کە بڵاوکردنەوەی بەڵگە و وێنەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لایەن ئێرانەوە بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی جیهان دواتر لە کارەساتی گەورەی ئەنفالیش تێبگەن.

 

حەمەی حاجی مەحمود: هەواڵنێرانی ئێرانی ڕێگەیان نەدا دەنگی هەڵەبجە وەکوو ئەنفال کپ بکرێت

 

لای خۆیەوە حەمەی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست، وتارێکی پێشکەش کرد لە سەر ڕۆڵی گرینگ و مێژوویی کۆماری ئیسلامی و فۆتۆگرافەر و هەوڵنێرانی ئێرانی لە گەیاندنی هەواڵی کارەساتی هەڵەبجە بە هەموو جیهان.

 

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دەستخۆشی لەو کەسانە کرد کە ئەم وێنانەیان وەکوو ئەرشیڤ پاراستووە .

 

حەمەی حاجی مەحمود بە ئاماژە بەوەی کە هەندێ لە بریندارەکانی هەڵەبجە نێردرانە دەرەوەی وڵات بۆ بریتانیا و ئەڵمانیا لە کاتێکدا ئەوانیش هاوکاری حکوومەتی ئەو کاتی عێراق بوون و کیمیاییان بە عێراق دا و عێراقیش لە کوردستانی دا، وتی: ڕۆیشتنی ئەو بریندارانە بوو کە لە هەموو عالەمدا توانرا بیسەلمێنن کە عێراق کوردستانی کیمیاباران کرد .

 

ناوبراو سەبارەت بە ڕووماڵی ئەو کارەساتە لە لایەن میدیاکارانی ئێرانەوە وتی: هەواڵنێرانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو تاوانە گەورەیان بە هەموو دونیا گەیاند. ئەوه کاری گرینگ و گەورەی ئەو سەردەمە بوو بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە گەورە بە هەموو جیهان بگەیێنن.

 

وتیشی: ئەگەر ئەو تەنیا  ڕێگە و تروسکاییە نەبوایە دەنگی کارەساتی هەڵەبجەش وەکوو ئەنفالەکان خەفە ئەکرا. تا دوای ڕاپەڕین کەس نەیدەزانی لە کارەساتی ئەنفالدا چی ڕووی داوە لە کوردستاندا .

 

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست پاشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: لەو سی و سێ ساڵەدا زۆر فرمێسک بۆ هەڵەبجە ڕژاوە و دەبێ فرمێسک ڕژاندن بوەستێتەوە، دەبێ کەیسی هەڵەبجە بکرێتە کەیسێکی گەورە و حکوومەتی عێراق داوای لێبوردن لە خەڵکی هەڵەبجە و لە ئەنفاڵ بکات و دەبێ ئەو کەیسە بگەیێندرێتە لاهە و بگاتە شوێنەکانی تر و بەدوایدا بچین و ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە چەکی کیمیاییان بە حکومەتی بەعس داوە بدرێنە دادگا.

 

ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری کۆنسووڵخانەی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند: ئێران هەموو کات هەوڵی داوە دراوسێیەکی باش بۆ هەرێمی کوردستان بێت

 

ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سلێمانی یەکێکی دیکە لە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە بوو کەوا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە سەر فەرمانی ڕابەری گەورەی ئێران سنورەکان بە ڕووی خەڵکی ئاوارەی شارەکەدا کرانەوە و لە لایەن گەل و حکومەتی ئێرانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

 

سەید مالک هاشمی بە ئاماژە بەوەی کە ئێران هەموو کات هەوڵی داوە دراوسێیەکی باش بۆ هەرێمی کوردستان بێت، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان خاوەن کەلتورێکی هاوبەشن و ئێران بە درێژایی مێژوو هەوڵی ئەوەیداوە کە دراوسێیەکی باش بۆ دانیشتووانی کوردستانی عێراق بێت.

 

ناوبراو وتی: ئەم بابەتەش لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لایەن سەدامی دیکتاتۆر و تاوانبارەوە بینرا و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر فەرمانی ئیمام خومەینی (رە) سنورەکانی بۆ پێشوازی لە خەڵکی لێقەوماوی هەڵەبجە کردەوە و ماڵی ئێرانییەکان بووە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەوان.

 

ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری کۆنسووڵخانەی ئێران لە سلێمانی بە ئاماژە بە ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پڕچەککردنی ڕژێمەکەی سەدام بە چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو وتی: ئەو وڵاتانە لەو سەردەمەدا بە هەموو شێوازێک پاڵپشتی ڕژێمەکەی سەدامیان کرد و بە چەشنێک هاوبەشی تاوانەکانی ئەو ڕژێمەن بە تایبەت لە دژی گەلی کورد و ئێستاش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق دەبێت لەم وڵاتەدا بمێننەوە.

 

سەید مالک هاشمی لە کۆتاییدا وتی: ئامانجی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ هەمووان ئاشکرا بووە و هاوکارییەکانیان تەنیا ئەنجامەکەی کیمیاباران و پەروەردەکردنی گرووپی تیرۆریستی داعش بووە و هیچ کات ڕاستگۆیانە خزمەتی عێراقییەکانیان نەکردووە، ئەوان دراوسێی عێراق نین و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سەر داواکاری خەڵکی ئەم وڵاتە دەبێت بە جێی بێڵن.

 

سەید ئەحمەد بەرزنجی: تەنیا ئێران بەپیری ئێمە و هەڵەبجەوە هات

 

سەید ئەحمەد بەرزنجی کەسایەتی دیاری ئایینی لەم ڕێوڕەسمەدا لە وتارەکەی و لێدوانێکی تایبەت بۆ زایەڵە وتی: ئێمە ماوەیێک لەمەوبەر هەوڵماندا لەگەڵ هەندێ لە دەزگاکانی حکوومەت ئەمساڵ لێرە لە سلێمانی بە شکۆمەندییەکی گەورەوە یادی کارەساتی هەڵەبجە بکەینەوە. لە یادی کارەساتی هەڵەبجەدا ئەو وتەیەی جەنابی مام جەلال بکەینە سەرمەشق کە فەرمووی کارەساتی هەڵەبجە برینێکە لە دڵی مندا کە هەرگیز کۆتایی نایی. بە ڕاستی لە هەر شوێنێکدا کارەساتی هەڵەبجە برینێکە لە دڵ و دەروونی هەموو کوردێکی بەشەرەف کە هیچ کات ساڕێژ نابێت.

 

سەید ئەحمەد بەرزنجی وتیشی: ئەو تابلۆیانە و هەموو ئەو دێکۆمێنتانەی لە لای دۆستانی کۆماری ئێران هەیە لە لای کەسی تر نییە . چونکە ئەو کارەساتەی کە لە هەڵەبجە قەوما تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووماڵی کرد و تەنیا ئەو حکوومەتە بەپیری ئێمە و هەڵەبجەوە هات.

 

ئاماژەی بەوەش کرد: ئێرانییەکان بە پیری شەهیدەکان و بریندارەکان و خەڵکی ئاوارەی هەڵەبجەوە هات. کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوانی بردە ئیران و چارەسەری کردن و پەنای دان . ئەوا کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە بۆ هەموو عالەمی باس کرد کەوا ڕژێمی سەدام حسێن بە هاوکاریی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی بە پارەی وڵاتانی کەنداوی فارس ئەم کارەساتەیان لە کورد قەوماند و ئەم تاوانەیان لە بەرانبەر کورد ئەنجام دا.

 

کامەران مستەفا: پیشانگاکە سەرەتایێکە بۆ چالاکییەکانی یادی ١٦ی ٣

 

لای خۆیەوە کامەران مستەفا بەڕێوبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بۆ زایەڵە، وتی: ئەم پیشانگایە کە کراوەتەوە، فۆتۆکانی لە لایەن سێ فۆتۆگرافەری ئێرانییەوە گیراوە و دیارە بەشێک لەو وێنانە تا ئێستا نەبینراون و یەکەم جارە دەبیرێن و ئەمەش درێژەپێدەر و سەرەتایێکە بۆ کار و چالاکییەکانی یادی ١٦ی ٣ لە هەڵەبجە. لە هەمان کاتدا ئەمڕۆ تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕی تایبەتمەند لە سەر ئاستی باڵا لە لایە وەزارەتی تەندروستی ئێران کە پسپۆڕن  لە چارەسەریی  بەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی دوێنی گەشتنە شاری سلێمانی کە لە سەر داوای هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و لە ڕێگای مەکتەبی عیلاقاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە هاتوون و چەند ڕۆژێک لێرە ئەمێننەوە. ئومێد دەکەین سەرجەم ئەو بەرکەوتووانەی کە تۆمارن و هەندێک لەوانەی کە بارودۆخیان خراپە و تۆمار نەکراون، ببینرێن و چارەسەری بێ بەرانبەر بۆ هەموو ئەو بەرکەوتوانە بکرێت.

 

فۆتۆگرافەری ئێرانی: وێنەکانم بۆ نیشاندانی دڕندەیی بەعس و مەزڵوومییەتی کورد گرت

 

فۆتۆگرافەرانی ئێرانی لە ڕێوڕەسمەکەدا و لە کاتی پیشان دانی وێنەکان بۆ ئامادەبووان ڕایانگەیاند کە ئەو ڕۆژە لە بیر ناکرێت و هێندە ئازاریان بینیوە لە کاتی تۆمارکردنی وێنەکاندا کە کاریگەریی دەروونی لەسەریان دروست کردووە.

 

لەوبارەیەوە فوتۆگرافەرانی ئێرانی  ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد ماندوبونێكی زوریان بینیوە تا فۆتۆكانیان گرتووە و  چەندین جاریش رووبەرووی مەترسی بوونەتەوە.

 

سەعید سادقی فۆتۆگرافەری ئێرانی بۆ زایەڵە وتی: لە ڕێگەی سەدی دەربەندیخانەوە هاتمە هەڵەبجە. ئەو کاتە کە کارەساتەکە ڕوویدا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو. کاتێک گەیشتمە هەڵەبجە هەندێ لە قوربانییەکان گیانیان دەدا من یارمەتیانم دەدا و هەندێکیشیان خەریک بوون دەخنکان.

 

سادقی وتیشی: دیمەنی ماڵی عومەری خاوەر و ئەو ئۆتۆمبێلەی کە زۆرترین قوربانی گیانیان تێدا لەدەستدا، زۆر سەخت بوو بە کامێراکەم وێنەیان بگرم. من ئەمەم بۆ پارە نەکردووە بۆ ئەوەم کردووە کە دڕندەیی حیزبی بەعس و مەزڵوومییەتی میللەتی کورد پیشان بدەم. بۆ ئەوەم کردووە ئەم ساتانە لە مێژوودا بمێننەوە و ببنە بەڵگە و دێکۆمێنت.

 

بەڕێوبەرایەتی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە دەڵێین وێنەکان وەکوو ئێستا بەشێکیان بڵاونەکرانەتەوە و ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی هەموو ئەو دێکیۆمێنتانەی کە سەبارەت بە تاوانی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە هەن کۆبکرێنەوە.

 

لە پیشانگاکەدا ٤٠ وێنەی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆڕەو  خرابوونە ڕوو و بەشێک لە شەهیدان و بریندارانی کارەساتی هەڵەبجە لە وێنەکاندا دەبینران و کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجەش بۆ سۆراغ کردنی شەهیدەکانیان و ئەو کەسانەش کە لە تاوانەکەدا بوون بوو بە ئومێدی دۆزینەوەیان بەشدارییان لە پیشەنگاکەدا کرد.