سوود و زیانەكانی ئەسپرین بزانە

(0) / / هەمە ڕەنگ / زایەڵە ئەسپرین تەندروستی


May 30, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ترشی ئەسیتیل سالیسیلیك چییە؟ لە چ حاڵەتێكدا پێویستە و بەسوودە ، لە چ حاڵەتێكیشدا دەتوانێت زیان بە جەستە بگەیەنێت؟.
دكتۆر ئەلێكساندەر میاسنیكۆڤ لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژە بەوە دەكات كە لە ئێستادا 170 ساڵ بەسەر دۆزینەوەی ترشی ئەسیتیلسالیسیلیك – ئەسپرین تێدەپەڕێت.
بە گوتەی ناوبراو، پێیوایە ئەسپرین كاریگەری لەسەر پڕۆسەكانی هەوكردن لە جەستەدا دەبێت و پلەی گەرمی لەش دادەبەزێنێت و خوێن شلدەكاتەوە، هەروەها پێویستە بۆ هەموو ئەو نەخۆشانە بنووسرێت كە مەترسی ئاڵۆزییان لەسەرە بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكانەوە. 
هەروەها ئەم ترشە ڕێژەی مردن بەهۆی هەندێك جۆری شێرپەنجە كەمدەكاتەوە، هەروەها چارەسەرێكی باشە بۆ تەمبەڵی، هەرچەندە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر پرۆسەی میتابۆلیزمی ئیتانۆل نییە و پەیوەندی بە پاككردنەوە لە ژەهراویبوون نییە، بەڵكو یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوون لە نیشانە خراپەكان  و باشتركردنی باری كەسەكە بە گشتی.
دەشڵێت: دەرمانەكەی تر كە پاراسیتامۆڵەپلەی گەرمی باشتر دادەبەزێنێت، تەنها ئەوە نەبێت كە لەگەڵ كحولدا دەستبەجێ جگەر لەناو دەبات.
میاسنیكۆڤ جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە ڕاستیدا دژە نیشانەیەكی زۆر هەیە بۆ بەكارهێنانی ئەم دەرمانە موعجیزەییە كە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت،هەروەها ئەسپرین لە هیچ حاڵەتێكدا پێشنیار ناكرێت بە بەبێ ڕەچەتەی پزیشك وەربگیرێت.
بە گوتەی ئەو لە كۆی 10 هەزار كەس كە ئەسپرین دەخۆن، چوار كەس تووشی خوێنبەربوونی توند دەبن و ڕێژەی مردنیش لەسەدا 50یە.
هەروەها دەشڵێت، قەدەغەیە منداڵانی خوار تەمەنی 14 ساڵ ئەسپرین بخۆن ، چونكە لەوانەیە دەرئەنجامی كوشندەی لێبكەوێتەوە. هەروەها باش نییە بۆ خانمانی دووگیان بنووسرێت جگە لە حاڵەتی تایبەت و بە ژەمە كەمەكان.
میاسنیكۆڤ جەخت لەوەش دەكاتەوە كە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە ئەسپرین بەسوودە بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی سڕبوونی ماسولكەكانی دڵ بوون، یان جەڵتەی مێشكیان هەبووە، یانیش تووشی ڕەقبوونی خوێنبەرەكان بوون، یان تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكانیان هەیە.