ھەڵەبجە سمبولی نەتەوەیەک / مەلا لوقمان پێنجوێنی

(0) / مقالە


Mar 13, 2021

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە: لە ١٦/٣/١٩٨٨ شارێک بە چەکی کۆمەڵ کوژ خنکێندرا کە ئەم چەکە قەدەغە کراوبوو لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤەوە ، بەڵام ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق بە بەرچاوی ھەموو جیھانەوە پێنج ھەزار خەڵکی مەدەنی لە ژن و پیاو و منداڵ بە گازی خەردەل و کیمیایی خنکان و سوتاند ، ئەوەی شایەنی باسە لەو کارەساتەدا بە تەنھا کۆماری ئیسلامی ئیران لە ڕووی ڕاگەیاندن و مەیدانییەوە ئەو تاوانەی بە جیھان نیشاندا و ھاوکاری پێشکەش کردین ، بەڵام بە ٢٢ دەوڵەتی  عەرەبی ئیسلامی تەنھا بە یەک ووشەش باسیان لەو زوڵمە گەورەیە نەکرد کە عیراق بەرامبەر بە میللەتی کوردی کرد ، وە ھەروەھا وڵاتانی بە ناو دیموکراس خوازی ئەوروپا  و ئەمریکا گوێی خۆیان لێ کەڕ کرد ، ئەوەی جێگەی داخ و پرسیارە لەبری ساڕێژ کردنی برینەکانی ھەڵەبجە و کارەساتی ئەنفال کورد دەستی دایە یەخە برای خۆی و شەڕی ناوخۆی ھەڵگرساند کە جگە لە شەرمەزارییەکی گەورە ھیچی تری لێ سەوز نەبوو ، وە پاش ٢٩  ساڵ حوکمی خۆماڵی تا ئێستاش پەندمان لە جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان وەرنەگرتووە ، کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیا بارانکردن گەر بەسەر ھەر نەتەوەیەکی دیکە بھاتنایە ئێستا دۆزەکەی لە جێگەیەکی تر دەبوو بەڵام بە ھۆی شەڕی ناوخۆ و یەکتر قبوڵنەکردن و پەرتەوازەییەوە کورد ھەر لە جێگەی خۆی ماوەتەوە  یان باشتر بڵێم وەک یاری مار و پەیژە یە کە لە لوتکەوە دامان دەبەزێنێتە خوارەوە ، وە لە ئێستاشدا کورد زۆر پەرتەوازەیە بە تایبەت لە بەغدا، نازانم ئەو کەسانەی نوێنەرایەتی کورد دەکەن لە بەغدا ھەڵەبجە و کارەساتی  ئەنفالیان لە بیر کردووە ! ئایا ھاوپەیمانی ھیوا ھیوا دەگەڕێنێتەوە بۆ ھەڵەبجە ؟ یان ھیوای ئەم نەتەوەیە لە گۆڕ دەنێت ! ئایا گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی عیراق چ پێناسەیەک ھەڵدەگرێت ؟!  دەپرسم گروپی ھیوا و پۆستە حکومییەکانی تر لە بەغدا ھەڵەبجە و ئەنفالیان بیر ماوە ؟! ئایا لەو ماوەیەی کە لە بەغدا بوون چەند جار باسیان لە ھەڵەبجە و کیمیابارانکردنی کردووە لە پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی وەزیران ، ھەرچەندە دڵنیام جگە لە باسکردنی ئیمتیازاتی خۆیان و حزبەکانیان سودێکی تریان بۆ کورد نەبووە... لە کۆتایدا دەڵێم ،

دەبا ناکۆکیەکان وەلا بنێین دەبا بە کردار ھەڵەبجە بکەینە سومبول و ڕەمزی نەتەوایەتی دەبا ئیتر بەس  ئازاری دڵی دایکی شەھیدان بدەین ... بۆیە دەڵێین تەنھا یەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن زامنی سەرکەوتنە .