ئاکامەکانی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی وڵاتەکان لە مەڕ تاوانی جینۆسایدی کوردستان / د. ستار عەزیزی

(0) / / مقالە / زایەڵە قەڵاچۆ ستار عەزیزی جینۆساید


Mar 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - تاوانی جینۆساید کردەوەیەکە بە مەبەستی قەڵاچۆ کردنی کۆمەڵێکی نەتەوەیی، ئیتنیکی، ئایینی یان ڕەچەڵەکییە ، کە پاش ھەوڵی ئەلمانیای نازی بۆ لە ناوبردنی یەھوودییەکان جێگای خۆی لە نێو ئەدەبی سیاسی ـ مافی(حقوقی) دا کردەوە."ڕافائیل لیمکین" مافناسی یە ھوودی ــ پۆلۆنی کە بە سەرھەڵدانی شەڕی جیھانی دووھەم لە پۆلۆنیا ڕایکرد و ڕۆیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر تاوانی ئەڵمانییەکان دژ بە یەھوودییەکان وشەی جینۆسایدی داھێنا.

ھەوڵە ماندوونەناسانەکانی لمکین و لایەنگری کاریگەری ڕای گشتی و تەوژمی میدیا گەورەکانی سەردەم بوو بە ھۆی ئەوەی کێشەی جینۆساید و گونجاندنی لە نێو ڕێکەوتننامە بە مەبەستی بەرگری لە دووپات بوونەوەی لە داھاتوودا و سزادانی تاوانباران ،لە سەرەتای دەست بەکاربوونی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا بخریتە نێو کارووباری ئەم رێکخراوەیە. بە پێی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بریارنامەی ژمارە ٩٦ی بڕیاری ١١ دیسامبری١٩٤٦ دا بە کۆی دەنگ لە سەر گرنگی خەبات دژی جینۆساید جەخت کرا . لەم بڕیارنامەیەدا ھاتووە:

"جینوساید ڕەت کردنەوەی مافی بوونی ھەموو گرووپە مروڤایەتیە کانە ھەر وەک کوشتن بە مانای حاشاکردن لە مافی بەسەر بردنی ژیانە بۆ تاکەکانی مرۆڤە. حاشاکردن لە مافی ژیانی گرووپە مرۆڤایەتییەکان ویژدانی مرۆڤایەتی ڕادەچڵەکێنێ، زیانی گەورە لە مرۆڤایەتی دەدا و دژی رێساکانی ئاکار و ڕۆح و ئامانجەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

دوابەدوای ئەو ھەوڵانە، لە ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دا لە ٩دیسامبر١٩٤٨ دا کۆمەڵەی گشتی بە کۆی دەنگ لە بریارنامەیەک دا "ڕیکەوتننامەی پێشگری و سزادانی تاوانی ژینوساید" یان پەسەند کرد.

ئەم ڕێکەوتننامەیە گرینگییەکی زۆری بۆ ناسینی بەرپرسیارێتی سزادانی تاکی تاوانبارانی جینۆساید و ئەرکی نێو دەولەتی  دەوڵەتەکان لە بواری دادوەری نێودەوڵەتی دا دۆزییەوە. بە ھێنانەوەی نموونەیەک بابەتی بەرپرسیارێتی تاکی و دەوڵەتی پێکەوە شرۆڤە دەکەین. پاش ھەڵوەشانەوەی یوگوسلاڤیای کۆن و ھەوڵی کۆماری بۆسنەو ھرزەگۆڤین و کورواتیا بۆ جیا بوونەوە لە یوگۆسلاڤیای کۆن، ھێزی سەربازی ناوەندی کەزۆربەیان لە سێربەکان پێک ھاتبوون ھاتن بۆ یارمەتی سێربەکانی ‌دانیشتووی بۆسنە و کورواتیا و لە سەردەمی شەڕە ناوخۆییەکان لەم وڵاتە کۆماریانەدا سێربە توندئاژۆکان  ھەوڵیان دا خەڵکی موسوڵمانی بۆسنە و کورواتیا لانیکەم لە ھەندێ شوێن دا لە ناو ببەن ھەر بۆیە دەسیان دایە کوشتنیان. ئەنجومەنی ئاسایش لە پەرچە کردارێکی بەرانبەردا دادگای نێو دەوڵەتیییەکانی تایبەتی سزای دامەزراند  تا تاوانبارانی ئەم کارەساتانە بە سزای تاوانەکانیان بگەیەنێت. سەرەڕای بە سزا گەیاندنی زۆرێک لە بەرپرسانی ئەم کارەساتە دەوڵەتی بۆسنیا و کورواتیا پاش وەرگرتنی سەربەخۆیی، لە دادگای باڵای نێو دەوڵەتی دادوەری دا بە ھەڵوێست لە بەرانبەر ژێرپێکردنی یاسای ڕێکەوتنی پێشگری و سزادانی تاوانی جینۆساید دا سکاڵایەکیان دژ بە دەوڵەتی سێربستان(وەک دەوڵەتی جێگری یۆگۆسلاڤیای کۆن) تۆمارکرد . دەوڵەتی سێربستان دەیگووت ڕێکەوتنی پێشگری لە جینۆساید تەنیا بۆ بە سزا گەیاندنی کەسانی تاوانباری تاوانی جینۆساید و دەرخستنی بەرپرسیارێتیان پەسەند کراوە و ناکرێت لەم بارەیەوە حکوومەت  بەرپرسیار دابنرێت.پارێزەران وتیان بە تێڕوانینی سزای تاوانبارانی تاوانی ژینۆساید لە دادگای باڵای سزای نێو دەوڵەتی یۆگۆسلاڤیای کۆن(ICTY ) ئیتر پێویست بە ئاماژە کردن بە بەرپرسیارێتی وڵاتی سێربستان لە بارەی کردەوە تاوانبارییەکانیان نییە بەڵام دادگای باڵای نێودەوڵەتی  وتەکانی پارێزەرانی دەوڵەتی سێربستانیرەت کردەوە.بە بڕوای دادگا بە گریمانەی ئەوەی بە لایەنگری و کەڵک وەرگرتن لە کەرەستە ی دەوڵەتی ،تاوانی جینۆساید ئەنجام بدرێت بەرپرسیارێتی سزای تاوانەکەدەکەوێتە ئەستۆی کەسی ئەنجام دەر و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵت. لە ڕوویەکی ترەوە ئەوانەی دەسیان لە تاوانی جینوسایددا ھەبووە بەرپرسیارێتی سزایی یان دەبێت و لەلایەن دادگای تاوانەنێو دەوڵەتییە کان یان ناوخۆییەوە دەبێت سزا بدرێن. ھەروەھا ئەو حکوومەتەش تاوانەکەی تێدا ئەنجام دراوە لە باری مەدەنییەوە بەرپرسیارە و دەبی بە شێوازێکی گونجاو کە لە بەشی بەرپرسیارێتی نێو دەوڵەەتی حکوومەتەکان ئاماژەی پێکرا قەرەبووی زیانەکانیان بکاتەوە.

 دادگای باڵای نێودەوڵەتی شێوازی ھەڵسووکەوتی حکوومەتەکانی لەم بارەیەوە دەرخست . بۆ نمونە وڵاتی ئەلمَانیا پاش لە ناوبردنی نازییەکان لە چەن قۆناغدا بە دانانی یاساگەلێک پاش قبووڵ کردنی بەرپرسیارێتی تاوانی جینۆسایدی یەھوودییەکان قەرەبووی جیماوەکانی جینوسایدی کردەوە و مافی شارۆمەندی ئەڵمانیای پێ بەخشین. ھەڵبەت سەرکردەکانی ئەڵمانیای نازی پاش شەڕی جیھانی دووەم لە دادگای سەربازی نۆرینبێرگ دا سزادرابوون . لەئەستۆ گرتنی ڕەھەندیسزادانی تاوانە کە لە لایەن بکەرانی تاوانەکەوە نەبووە رێگر لەوەی وڵاتی ئەڵمانیا خۆی لە بەرانبەر ئەو تاوانە بە بەرپرس نەزانێت.لە واقیع دا بەپێی یاسا ناسراوە نێو دەوڵەتییەکان ،سەرەڕای گۆڕانی ڕژێمیش  بەرپرسیارێتی کردەوە نایاساییەکانی حکوومەتی پێشوو لە ناو ناچێت بەڵکوو ئەم پرسە لە ئەستۆی حکوومەت دا دەمێنێتەوە و دەوڵتی نوێ دەبێت قەرەبووی زیانی قوربانیەکانی کردەوە نایاساییە کان بکاتەوە.

پاش لەناوچوونی ڕژیمی سەدام حسێن، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بۆ سزادانی سەدام و سەرکردەکانی رژێمی بەعس کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری دا تاوانیان دژ بە خەڵکی عێراق بەتایبەت نەتەوەی کورد ئەنجام دابوو دانرا و بەدەر لە سەدام ھەندێک لە سەرکردەکانی تری بەعس وەک عەلی حەسەن مەجید(ئامۆزای سەدام و ناسراو بە عەلی کیمیایی) بە حوکمی لە سیدارە دان سزا دران. دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقبە شێوازی تایبەت بابەتی کیمیابارانی ھەڵەبجە و تاوانی ئەنفالی تاوتوێ کرد و تاوانی ژینۆسایدی دژ بە نەتەوەی کورد سەلماند.

بە لە بەرچاو گرتنی ئەم سزادانە ناوخۆییەی عێراق  و ھەروەھا دەنگی دادگای ناو خۆی ھوڵەندا لە کێشەی وون ئارت دا و ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی دەزگاکانی مافی مرۆڤ وەک : چاودێری مافی مرۆڤ ، لێبوردنی نێو دەوڵەتی و کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوەی تاوانی ژینوساید دژ بە گەلی کورد سەلمێندرا.سەلماندنی ئەم بابەتە(کردەوەی تاوانی جینۆساید) کاریگەری گەلێکی زۆری لە بواری یاساکانی مافی نێو دەوڵەتی دا دەبێت.لە بەر ئەوەی تاوانی جینوساید شکێنەری ڕێسا دەستوورییە نێو دەوڵەتییەکانە(Jusc gens) نەک بۆ عێراق بەڵکوو بۆ وڵاتانی تری ئەندامی کۆمەڵَگەی نێودەوڵەتیش لە باری مافی مرۆڤەوە کاریگەری دەبێت، سەرەتا باس لە کاریگەریە کانی لە سەر عێراق دەکەین.

دەوڵەتی ئێستای عێراق دەبێت بە دەر لە قەرەبووکردنەوەی مادی زیانەکانی قوربانیان و بەجێماوانی  تاوانی جینۆسایدی کوردستان پلانی پێویست بۆ لە ناوبردنی کاریگەرییە نایاساییەکانی ئەم کردوە دابڕێژێت. بۆ نموونە یەکێک لە لایەنە مادییەکانی تاوانی ژینۆساید قەڵاچۆ کردنی ئێتنیکی بە ئامانجی لە ناوبردنی گرووپێکی ئێتنیکی یان نەتەوەییە. ڕژێمی بەعس بۆ لەناوبردنی بوونی کوردەکان لە ناوچە ھەستیارەکانی وەک کەرکوک قەڵاچۆ کردنی ئێتنیکی دەس پێکرد. ھەر بۆیە دەوڵەتی ئێستای عێراق دەبێت قەرەبووی قوربانیانی ئەم تاوانە بکاتەوە و ڕێگا بۆ گەڕانەوە بۆ زێدەکانیان دابین بکات.

وڵاتەکانی تری ئەندامی کۆمەڵگەی نێودەولەتیش ئەرک و بەرپرسیارێتیان سە بارەت بەم تاوانە نێودەوڵەتیانە لە ئەستۆ دایە.ئەم وڵاتانە بەپێی مادە ی ٤١ی پلانی بەرپرسیارێتیە نێو دەوڵەتییەکان (پەسەند کراوی سالی ٢٠٠١ کمیسیون مافی نێودەوڵەتی) دەبێت  یەکەم: دۆخی درووست بوو بە ھۆی شکاندنی یاساکانی مافی نێو دەوڵەتییەوە بە فەرمی نەناسن و ھەوڵ بۆ ڕاگرتنی ئەو دۆخە نەدەن. دووھەم ، ھەوڵ بۆ سڕینەوەی دۆخەکە نەدەن. وڵاتانی تر وەک : ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتە ئەوروپیەکان دەبێت لە پێناوی پاککردنەوەی کاریگەرییە  نایاساییە جیماوەکانی تاوانی جینوسایدی ڕژێمی بەعس دژ بە نەتەوەی کورد تێبکۆشێن . ھەروەھا دەبێت یارمەتیدەر بن تا ھەندێک لە ڕێساکانی یاسای بنەڕەتی ئێستای عێراق کە ھێشتا بە کار نەھاتووە کەڵکی لێ وەر بگیرێت. کەم تەرخەمی ئەم وڵاتانە لەم بارەیەوە یارمەتیدەری مانەوەی دۆخی نایاسایی و پێشێل کردنی یاسای نێو دەوڵەتی دەبێت و بە پێی مادەی ٤٠ پلانی برپرسیارێتی نێودەوڵەتی وڵاتەکان کردەوەیەکی سەرپێچی کارانەیە.