هەڵەبجە، زامی مێژوو!/ ئارێز عەبدوڵلا

(0) / مقالە


Mar 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - هەرکە بۆ خۆشی یان ناخۆشی ناوی هەڵەبجە دێ ڕاستەوخۆ سەرنجەکان بۆ سەر تاوانی کیمیابارانکردن دەگوازرێنەوە. ئەو تاوانە هێندە گەوریە، هاوشێوەی تاوانەکانی هیرۆشیما و ناکازاکی لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو و ویژدانی مرۆڤایەتیش هەتا هەتایە هەر دەمێنێتەوە.  
دیارە یازدە مانگ پێش بوردومانکردنی شاری هەڵەبجە، رێک لە ڕۆژی ١٦/٤ی ١٩٨٧ رژێمی دیکاتۆری سەدام حسین دۆڵی بالیسانی لە قەزای شەقڵاوە کیمیابارانکرد و دواتریش جافایەتی و گۆپتەپە و زۆربەی دەڤەرەکانی تر بەر ئەو هەڵمەتە درندانەیە کەوتن، بەڵام هەردوو کەمپی دژ بەیەکی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی(سۆسیالستی و ئیمپریالیستی) ئەو کات نوززەیان لێوە نەهات و بێ دەنگیان هەڵبژارد، بۆیە رژێمی سەدام حسین زاتی ئەوەی کرد کە پەرە بەو تاوانەی جینۆسیادە بدا و دواجار نۆرە گەیشتە سەر هەڵەبجە و لە ڕۆژی 16/3/1988 ئەو کارەساتە گەرەیەی دروستکرد.
لەبەر ئەوەی هەڵەبجە لەسەر سنوری ئێران بوو وێنەکانی ئەو ڕوداوە مێژووییە بە هەموو دنیادا بڵاوبونەوە  و هەڵوەستەیەکی مرۆڤانە لەسەرتا سەری جیهان هەستی پێکرا، بەڵام هێشتاش دەگوترا هەڵەبجە لەسەر سنورە و مەیدانی شەڕ بووە، بۆیە وای بەسەر هێنراوە!
ئەگەر هەڵەبجە لەمەیدانەکانی شەڕیش نزیک بووبێ، خۆ دۆڵی بالیسان، جافایەتی، بادینان، سێوسێنان، دەشتی کۆیە، سەر سنور و نزیکی مەیدانەکانی جەنگ نەبوون؟
پێش ئەو ڕووداوە رژێمی سەدام حسین ئەو چەکەی لە شەڕی عێراق - ئێران بە ناوی قڕکەری مێش و مەگەز بەکارهێنابو، لەلایەکی دیکەش ئەو بەرنامەی لەناو بردنی گەلی کوردستانی دارشتبوو، بۆیە بە هەردوو پاساوی بێ دەنگی جیهان لە ئاست تاوانەکان و جەنگ لەگەڵ ئێرانی بەهەڵ زانین و بەو شێوەیە ڕووبەڕووی خەڵکی بێ گوناهـ و سڤیلی کوردستان بوەوە.
کارەساتی هەڵەبجە و کارەساتەکانی تریش گەورەن و هەرگیز لە بیر ناچنەوە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا سەر نگون بوونی ئەو رژێمە فاشیستە و لە سێدارەدانی سەدام حسین و هاوپیشەکانی لە بیر ناچنەوە،وەکو پەندێک بۆ هەموو ستەمکار و دیکتاتۆرەکان دەمێننەوە.
 گەلی ئێمە ڕووبەڕووی کیمیاباران و قڕان بوەوە، بەڵام کۆڵی نەدا، لەناو نەچوو لە نزیکترین دەرفەتیشدا هەستایەوە و ڕاپەڕی. ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی گەلی کوردستان وانەیەکی تری مێژووە و ئەوە دەردەخا، کە گەلانی زیندوو هەرگیز لەناو ناچن و ستەم و زەبر و زەنگی سەریشیان هەرچەندە بێ تا سەر بڕ ناکەن.
دوای ڕاپەڕین کوردستان بەگشتی و هەڵەبجەش بە تایبەت ئاوەدانکرایەوە، جوانکرایەوە، بەرەو پێشەوە چوو و ستەمکارانیش بەرەو زەلکاوی مێژوو ڕاو نران.
هەڵەبجە زامێکی مێژووە، بەڵام لە هەمانکاتدا بەرەو پێشەوە هەنگاوی گەورە دەنێ.
روحی شەهیدان شادبێ و سڵاو بۆ خۆڕاگری خەڵکی هەڵەبجە و تەواوی کوردستان.