جینۆسایدی ھەڵەبجە/ لوقمان عەبدولقادر محەمەد

(0) / مقالە


Mar 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

٣٣ ساڵ لەمەوپێش و لە ١٦ئازاری ١٩٨٨ دا ڕژێمی فاشست و جینۆسایدکاری عێراق بڕیاری لەناوبردنی ھەموو شتێکی دا لە ھەڵەبجەو دەوروبەریدا، بە ڕۆژی ڕووناک و لەبەرچاوی دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی کۆنگرەی جیھانی ئیسلامی و کۆمکاری وڵاتە عەرەبیەکان و سەرجەم وڵاتان و سەرتاپای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیھاندا ئەم بڕیارەی جێبەجێ کردو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بە سود وەرگرتن لە بەکارھێنانی گازە ژەھــراویە کیمیاییە قەدەغەکراوەکان، ٥٠٠٠ مرۆڤی سڤیل و بێتاوانی لەناو برد کە زۆربەیان منداڵ و ژن  بوون ، تەنانەت دەیان منداڵ کە ھێشتا لە سکی دایکیاندا بوون شەھید کران پێش ئەوەی چاو بە دونیای پڕ ستەمی بەعسدا ھەڵبێنن ! ھەروەھا برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠٠٠ کەس کەتاوەکو ئەمڕۆ سەدانیان لێ شەھید بوون و بێ نازانە سەریان ناوەتەوە، وە زیاتر لە ٧٠٠٠٠ کەسیش بەوھۆیەوە ئاوارە بوون وێڕای ماڵ وێران بوون و لەناوچونی سەروەت و سامانەکانیان و بە شپرزەیی خۆیان دەرباز کرد.

 لەو کاتەدا زۆرێک لە میدیاکانی دونیا ڕویان لەم شارە کردو ئەو وێنەو ھەواڵانەی لە میدیاکانەوە پەخش کران ویژدانی مرۆڤە ویژداندارەکانی دونیای ھەژاندو توشی شۆکی کردن.

دیارە ھەڵکەوتەی جوگرافی ھەڵەبجە و ھەورامان بە جۆرێکە مەودایەکی درێژی ھاوسنووری لە گەڵ کۆماری ئێراندا ھەیە، لەماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عیراق دا، بەردەوام ھەڵەبجە لە ژێر زەحمەتی پریشکی ئاگری ئەم شەڕە نەگریسەدا بوو کە دواجاریش بوویە سوتماک.

تاوانی ھەڵەبجە تاوانێک بوو کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ھاوشێوەی دەگمەنە، چونکە ئەم تاوانە لە لایەن خودی بەڕێوەبەرانی وڵاتێک ئەنجامدرا بەرانبەر گەلەکەی خۆی کە ئەمەش سەرجەم پێوەر و بنەماکانی مافی مرۆڤ دەخاتە ژێر پرسیارەوە؟!؟! کە جیھانی دەرەوە و بانگەشەکەرانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە ئاست ئەم زوڵم و ستەمە بێ دەنگ و بێ ھەڵوێست بوون و ھیچ ڕێگریەکیان لەم تاوانەی دەرھەق بە مرۆڤایەتی نەکرد.

 دیارە تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد بە گشتی و ھەڵەبجە بە تایبەتی بەرنامە داڕێژراوێکی سەرانی بەعس بوو کە تا ھەنوکەش بۆتە مەینەتیەکی سەخت و دژوار بەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردی چونکە ئەو تاوانە بە چەندین شێواز کاریگەری نێگەتیڤی لە دوای خۆی جێھێشتووە بە جۆرێک گیرۆدە بوون بە ئازارەکانی جەستەیی و بارودۆخە نالەبارەکانی دەروونی......ھتد.  ئەوەی جێگەی داخ و تێڕامانە لە لایەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەرەوە تا ئێستاش ئەم پرسەیان وەک "جینۆساید" نەناساندووە، لە لایەکی دیکەشەوە  حکومەتی ئێستای عێراق کە میراتگری پێشووی خۆیەتی خەمسارد بوون و ھیچ ھەنگاوێکی جددیان نەناوە لە پێناو قەرەبوو کردنەوەی قوربانیان و بەدەمەوەھاتنی بەرکەوتووانی کیمیاباران ک .

لە کۆتاییدا دەڵێین برینی قوربانیانی ئێمە بە ئاوڕ لێدانەوەی جدی سارێژ دەبێت و ڕۆحی شەھیدانمان بە گەشتنی گەلەکەمان بە مافی ڕٍەوای ئاسودەتر دەبێت و ھەمیشە خەونی دوژمنانی گەلی کورد، بە ھیمەتی ڕۆڵەکان و خۆ ڕاگرییان لە گۆڕ دەنرێت و ئاییندەیەکی گەش چاوەڕێی کورد و کوردستانە.....

 

* سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە