نوسەرێک بۆ زایەڵە: درۆنی دوژمن و مەهزەلەی بەئازاری كوردی
/
گفتگو
/
زایەڵە
درۆن
ئازادی
کاردۆ عوسمان
زایەڵە - كاردۆ عوسمان هەورامی نوسەر بە زایەڵەی ڕاگەیاند: فڕۆكەی بێفرۆكەوان ناسراو بە درۆن، مێژووی بەكارهێنانی دوور نیە، بەڵام هەموو كورد پێی ئاشنایە، ئاشنابوونێكی پڕ لە ئازار وەك تەواوی فڕۆكە جەنگییەكانی دیكە،چونكە ئەمانیش سڤیل و ژن و منداڵ و چەكدار و گەشتیار پێكەوە دەسوتێنێت، جیاوازی لەگەڵ فرۆكەكانی دیكە ئەوەیە كە بۆ نەگبەتی كورد، خەریكە دەبێتە مەهزەلە،چونكە ئەوان دەمانكوژن و ئێمەش بە ویستی دوژمن بە ئازارەكانمانەوە بۆیان هەڵدەپەڕین، وەك ئەوەی خۆشیمان بە خوێنڕشتنی خۆمان بێت، ئەمەش مەهزەلەیەكی پڕ لە ئازارە، كە لە ئازاری شەهید بوونمان قورسترە.
وتیشی: نامەوێت ئاماژە بە ئاماری شەهید و بریندار و ژمارەی بۆردومان و جۆر و تایبەتمەندی فرۆكەكان بدەم، بەڵكو دەمەوێت باسی مەهزەلەی درۆنەكان بكەم كە بە ئێمەیان بەخشیوە،ناهەقم مەگرن درۆن بكەم بە مەهزەلە، چونكە ئەوان لە بنەمادا هێزە چەكدارییە نادەوڵەتییەكان بەكاریدەهێنن و تەنگ بە دەوڵەت وهاوپەیمانێتیەكان هەڵدەچن و هەر بەهۆشیەوە سەركەوتن بەدەستدەهێنن، هەروەك ئەوەی حوسییەكانی یەمەن دەرحەق بە سعودیە و ئیمارات و هاوپەیمانی عەرەبی ئەنجامیان دا، چەندین دەوڵەتیان هێنایە سەر چۆك، بەڵام لەلای خۆمان نەك بەكاریناهێنین، بەڵكو ئێستا لەناو شار و ماڵ و ڕێگە سەرەكییەكان وشوێنەگەشتییارییەكان میوانی ناوەختە و گیانمان دەبات، جا لەوەش نەگبەتی تر، هەموو جارێك بیانووییەك بۆهێرشەكە دەهێنینەوە، بەوەی نەدەبوو ئێمە لەو شوێنە بین كە درۆنەكانی لێداوە، جا گەشتیاریت یان لەناو ڕەز و باخیت یان دەتەوێت منداڵەكەت تاسەرسنوربەڕێبكەیت،ئەمەش وەك عەرەب دەڵێت" پێكەنینێكی گریانەوییە،چونكە خۆ لە ماڵەوەش بیت هەر لێتدەدات، وەك ئەوەی لە كونەماسی و سەر ڕێی پێنجوێن ڕوویدا، ئنجا تخوا ئەمە بیانووە، هیچ لۆژیكێك قبوڵی دەكات،جا ئەم مەهزەلەیە تەواو نابێت، دەزگاكانی ناوخۆش، یەكسەر بەیاننامەیەكی حازریان ئامادەیە و دەڵێن ئۆتۆمبێلە بە ئامانجگیراوەكە پڕ بووە لە چەكدار، دوایش كە بە هەڵەدا دەچن و سڤیل دەردەچێت، ویژدانیان ناجوڵێت، بڵێن وامزانی ڕادیۆ بوو، ناهەقیان ناگرم لەوەیە خۆیان نەینوسن، یان ئەمرێكە و مەجالی ڕەت كردنەوەی نیە.تۆ سەیر بكەن،ئەم درۆنانە چی پێكردووین،چۆن كردووینی بە مەهزەلە، هێزێكی دیكەش دەیەوێت لەشارباژێڕ و پێنجوێن و گەرمیان و كوێستان بە كڵاشینكۆف شەڕیان لەگەڵ بكات، نازانن قوفڵی درۆنەكان لە پایتەختی وڵاتانی دراوسێیە، جا نازانم لەم قسەیەم تێدەگەن یان خۆیانی لێلادەدەن و حەز بە وەڵامی گورچكبڕ و لێدان لە دڵی دوژمن ناكەن، یان مەهزەلەیەكی تریان ئەوەیە دەیانەوێت بە خۆپیشاندانی مەدەنی وەڵامی درۆنەكان بدەنەوە،ئاخر لە ئێوە دەپرسم درۆن و دوژمن بە خۆپیشاندان وەستێنراوە.
رونیشیکردەوە: بۆیە ناهەقم مەگرن ئەم درۆنانە وەك مەهزەلە باس بكەم، ئاخر لەوە مەهزەلەتر چیە كە لەلای ئێمە ڕوودەدات، خەریكە لە حەوت سەر سوڕهێنەرەكە دەگەینە حەفتا و هێشتا خەبەرمان نەبۆتەوە، بەنیازیش نین خەبەرمان بێتەوە،چونكە خۆمان لە هەموو كەس پێراسترە،هیچ كێشەیەكیشمان لەگەڵ جۆری بیركردنەوەكانماندا نیە،بۆیە بەم شێوازە بەردەوام دەبین و هەر بە ئازارەكانمان پێدەكەنین،دوژمنیش هیچ ڕەحممان پێناكات، مێژووشمان هەر دووبارە دەبێتەوە، هەر ڕۆژەی هەواڵێكی بەسوێ دەبیستین و هیچیش كارمان تێناكات.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: