زایەڵە - کاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بەزایەڵەی ڕاگەیاند: دانانی پلانی درێژخایەن زۆر گرنگە ئەگەرچی لە عێراق و هەرێم زەحمەتە پلانەکان بچێتە بواری جێبەجێکردن بەلای کەم ئەو ساڵانەی پلانی بۆ دادەنێیت دەبێت چەند جارەی بکەیت ، بەهەرحاڵ بوونی پلان زۆر پێویستە ئەگەر بە هەنگاوی کیسەڵیش بێت چونکە بەرچاو روونیت.ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ دڵسۆزان و شارەزایان بەتایبەت لەبواری بازرگانی ، کە چی بکرێت بۆ ئایندەی ئەم پارێزگایە چەند هەنگاوێک بە ستراتیژی و گرنگ زانرا بۆ ئایندە و هەوڵی زۆر درا بۆ جێبەجێ کردنی ، بەشێکی هەنگاوی باشی بڕی و هەندێکی هەوڵەکان بەردەوامن و پێویستە بە هەموومان بەردەوام بین و ساردنەبینەوە بە هۆی بەربەستە زۆرەکان یان توانج و قسە و قسەڵۆکەکان.
وتیشی: سەرەتا زۆر گرنگ بوو کە ڕێگای دوو سایدی هەڵەبجە سلێمانی تەواو بکرێت زۆر سوپاس بۆ خوای گەورە بە هەوڵی هەموومان پڕۆژەکە لە ٩٨% تەواو کرا و هاوڵاتیان چەند ساڵێکە سوودی لێ دەبینن.هەروەها بیر لە چەند ڕێگایەکی تر کرایەوە ڕێگای تووەقوت ، ڕێگای تەنگی سید محمد ، ڕێگای سازان ، ڕێگای خەرپانی هاوار تەوێڵە، ڕێگای پشتە بەتەواوکردنی ئەو پرۆژانە گەشەیەکی بەرچاویان بە پارێزگای هەڵەبجە دەدا ، بەشێکی ئەو پرۆژانە هەموو هۆکارێکی باشن بۆ پڕۆژەیەکی بازرگانی زۆر گرنگ کە ئەویش ناوچەی بازرگانی ئازاد بوو ، هەریەکە لەو پرۆژانە جەدوای خۆی هەیە و گرنگی و خاڵی بەهێزی زۆرە، هەندێک بەڕێز لە دڵسۆزیان ئەکەوتنە دژایەتی هەندێک لەو پرۆژانەی سەرەوە بەڵام لەڕاستیدا هەر یەکە و لەو پرۆژانە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و هیچیان ئەوی تر سفر ناکەنەوە و هیچیان نابنە بەدیل بۆ ئەوی تر.
ئەوەشی خستەڕوو: ناوچەی بازرگانی ئازاد ساڵی ٢٠١٧ مانگی پێنج بەهەوڵی کۆمەڵێک دڵسۆز و بازرگانی هەڵەبجە و بەهەماهەنگی دیوانی پارێزگا پڕۆژەیەک پێشکەش بە حکومەتی ھەرێم کرا ، لەسەر داوای حکومەتی ھەرێم خۆی کە جەدوای پڕۆژەکە ئامادە بکرێت و لە کورترین ماوەدا ئامادە کرا ، بەڵام بەداخەوە دواتر پرۆژەکە کرا بە ژێرەوە و پەراوێز خرا.ناوچەی بازرگانی ئازاد دەکەوتە نزیک بازگەی دەرەشیش کە مەرزی تەوێڵە لە ڕێگەی خەرپانی و مەرزی سازان لە ڕێگای ٤٠ مەتری بۆ عەنەب و نزیکی لە ناحیەکانی خورماڵ و سیروان و بیارە و تەنها ڕێگایەکی چل مەتری نێوانیان لەگەڵ ناوچەی پیشەسازی هەڵەبجە کە ٤٠٠ دۆنمی بۆ دانرابوو ، هەروەها نزیکترین ناوچەی بازرگانی دەبوو کە پارێزگای هەڵەبجە ئەیتوانی پارێزگای کرماشان کە یەکێکە لە پارێزگا گەورەکانی ئێران ببەستێتەوە بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و بگرە پارێزگای هەولێر و کەرکووک. لە داهاتوودا ئەگەر دەرفەت هەبوو باسی خاڵە بەهێزەکانی دەکەین.هەروەها بۆ گرنگی دان بە خورماڵ کار لەسەر مەرزی مڵەخورد کرا و بەداخەوە لەدواتر بە فەرمانی حکومەتی عێراق هەشت خاڵی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە هەبوو وەستا و دواتر تەنها دوو مەرز رێگا درا بکرێتەوە.
باسی لەوەشکرد: وە بەمەبەستی گرنگیدان بە ناحیەی بەمۆ مەرزی پشتە نزیکەی بیست دۆنم زەوی بۆ زیاد کرا و کرایە ٣٠ دۆنم و ڕێگاکەی دەرخستەی بۆ ئامادەکرا کە نزیکەی پێنج ملیار دیناری تێ دەچوو ئاراستەی،وەزارەتەپەیوەندیدارەکان کرا ، کە بە دروستکردنی ڕێگاکە داهاتی زۆر زیادی دەکرد بەڵام بەداخەوە دوای دەیان جار ناردن و داکۆکیکردن.بودجەی بۆ تەرخان نەکرا.لە ئێستادا سێ پردی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بودجەی بۆ تەرخان کراوە کە گوژمەی هەرسێ پڕۆژەکە نزیکەی ٤١ ملیار دینارە ، بێ هیوا نیین کە رۆژێک لە رۆژان بەسەر ئەو سێ پردەدا هاوشێوەی پردی زەڵم گوزەر بەسەریاندا بکەین، پردی سازان کە گرنگترین پرۆژەیە بە کولفەیەکی زۆر کەم کە بودجەی پردەکە تەنها ٨٢٠ ملیۆن دینارە و پڕۆژەکە بۆ کۆمپانیای دەڵەمەڕ دەرچوو بەڵام بەهۆی هەندێک گرفت نەکەوتە بواری جێبەجێکردن ، بەهیوای چارەسەری گرفتەکان و پاش ئەوەش تەرخانی بودجە بۆ ڕێگاکەی بکرێت. پرد و رێگای تووەقوت کە بودجەی پڕۆژەکە زیاد لە ٣٠ ملیار دینارە و پڕۆژەکە بۆ کۆمپانیای سەرسیر ساکۆ دەرچوو ، بەڵام بەداخەوە ئەمیش تا ئێستا نەکەوتوەتە بواری جێبەجێکردن و تەنها کێشەی دەستپێکردنی هەیە. پڕۆژەی پردی تەنگی سید محمد کە بڕی ٩٫٨ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و پرۆسەی تەندەرین دەستی پێنەکردووە و ئەگەر بودجەی وەبەرھێنان لە عێراق پشکی هەرێم گرفتی بۆ دروست نەبێت ئەچێتە بواری جێبەجێکردن.ئەمە خەیاڵ نییە چونكە بەشێکی زۆری پڕۆژەکان بە تایبەت ڕێگا و گۆڕەپانی مەرزەکان پشتە ، سازان ، تەوێڵە ، مڵەخورد ئەگەر حکومەتی ھەرێم توانای دارایی نەبێت کە نییەتی و ڕێگا بدات بە کۆمپانیا نیشتمانییەکان ،کە ڕێنمایی تایبەت بەو بوارە هەیە و تەواو یاساییە و سوودمەندی سەرەکی حکومەت دەبوو لەگەڵ ئەوەی بەبێ خەرجکردنی تەنها دینارێک لە حکومەتەوە لە ڕێگەی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەتppp تەواو دەکرا یان تەواو دەکرێت.
کامەران کەریم