زایەڵە - کامیل مەحمود نوسەروڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ بەزایەڵەی ڕاگەیاند: ئۆپۆزسیۆن چی بۆ چارەسەری ئەم دۆخە دژوارە پێیە،ئێستا موعاناتی خەڵک و ئاستی بژێوی زۆرینە لەدۆخێکی دژوارو زۆر خراپدایە بەهۆی تەنگەژەی مووچەو ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی هەولێرو بەغدا.پرسیارەکە ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەکوردستان تاکەی تەماشاکەرو بێ پرۆژەو پێشنیارن بۆ چارەسەری کێشەکە، بەلای کەمەوە بۆچی دەست ناخەنە سەر برینەکەو هۆکاری کێشەکەمان پێ بڵێن، کە لەلێدوانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداردا جیاوازی دەبینین و هەریەکەیان هۆکارو دەرەنجامێک باس دەکەن کە مایەی دڵخۆشی نییەو کەمترین شەفافیەت و ڕاستیش لەوتەو لێدوانەکانیاندا هەیە، خۆ دەبێت ئۆپۆزسیۆن وەک چاودێرو خاوەن بەدیل و پرۆژە بۆ ڕەوشە خراپەکە بێتە پێش و پێشنیارو قسەیەکی هەبێت.

وتیشی: پێم وایە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن تەنها چاویان لەسەر تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکەو دەیانەوێ بۆ هەڵبژاردنەکان سوودی لێ ببینن، بەڵام ئەزموونەکانی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە خەڵکی ناڕازی لەغیابی ئۆپۆزسیۆنی مەیدانی و بێ گوتار و بێ پرۆژەی چارەسەردا ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنە نابێتە جێگای متمانەیان و ئەزموونی بایکۆت و بەشدارینەکردن لەدەنگدان دووبارە دەبێتەوەو دیسانەوە دۆخەکە بەسوودی دەسەڵات تەواو دەبێتەوە، ئێستا کە لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن پلان و پرۆژەو فشارێکی نەبێت بۆ سووککردنی باری موعاناتی خەڵک و پەلەپێکردن بەدەسەڵات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر چی دەبێتە پاڵنەر بۆ خەڵکی ناڕازی سبەینێ بچێتە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان.

ئەوەشی خستەڕوو: پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن هەنگاوی خێرا هەڵبگرن و پرۆژەی بەدیل بۆ چارەسەری کۆتایی و خەمساردی دەسەڵات بخەنە ڕوو، گوێیان لێ بگیرێ یان نا گرنگ ئەوەیە ئەوان وەزیفەی سیاسی و ئەخلاقی خۆیان جێبەجێ کردووەو خەڵکیش دەخەنە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن لەبەرژەوەندی خۆیان.

کامەران کەریم