نوسەرێک بۆزایەڵە: داعش هێشتا لە كەمیندایە

(0) / / گفتگو / زایەڵە داعش تیرۆر


Sep 05, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کاردۆ عوسمان هەورامی نوسەر بەزایەڵەی ڕاگەیاند:رۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە باكوری بەغداد، لە ئەنجامی كەمینێكی چەكدارانی داعش سەربازێكی فەرەنسی لە هێزە تایبەتەكان كوژرا، هەروەها چواری دیكەش برینداربوون، كە دەكاتە سێیەم  كوژراوی سەربازی فەرەنسی لەم مانگەدا،ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە كە هێشتا داعش و تیرۆر هەڕەشەی جدییە لەسەر هێزە عێراقی و بیانییەكان و توانای وەڵام و هێرشی ماوە.

وتیشی: هەرچەندە عێراق لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2017وە سەركەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاندووە، بەڵام لە سەر ئەرزی واقیع، ئەم سەركەوتنە بەو شێوەیە نیە كە كابینە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق پڕوپاگەندەی بۆ دەكەن،چونكە بەپێی ئامارەكان هێشتا داعش توانای وەڵامدانەوەی ئۆپراسیۆنەكانی هەیە، لەوەش زیاتر كەم و زۆر هێرش دەكات و سەربازەكان دەخاتە كەمینەوە، وەك ئەوەی دژ بە هێزە تایبەتەكەی فەرەنسا ئەنجامی دا و توانی گورز لە سوپای عێراقیش بوەشێنێت.

هێمای  بەوەشکرد: مانەوەی داعش  بەم شێوەیە هەڕەشەیەكی جدییە لەسەر سەقامگیری عێراق،سەقامگیری بە واتای سەقامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی، چونكە هەر وڵاتێك لایەنی ئەمنی سەقامگیر نەبوو، ناتوانێت سەقامگیرییەكانی دیكەش فەراهەم بكات،لەم ڕوانگەیەوە بۆمان دەردەكەوێت كە عێراق هێشتا لە چوارگۆشەی یەكەمدایە، نەیتوانیوە سەقامگیری ئەمنی فەراهەم بكات و هەنگاو بۆ بەرەو پێشبردنی سێكتەرەكانی دیكە بنێت، كە ئەمەش داهاتووی ئەو وڵاتە نادیار دەكات،چونكە نازانرێت كەی دۆخی ئەمنی بەرەو باش بوونی تەواو دەڕوات،یان گروپە تیرۆرسیتیەكانی ئێستا و ئەوانەی لە داهاتوودا سەر هەڵدەدەن چ زیانێك بە عێراق بگەیەنن.

ئەوەشی  خستەڕوو: عێراق لە ڕووبەڕوو بونەوەی تیرۆر بە تایبەت داعش هێشتا لە جەنگدایە، بۆیە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر هەڵەیەكی ستراتیژی گەورەی كرد، كە سەركەوتنی ڕاگەیاند، لەوەیە عەبادی زیاتر بۆ موزایەدە و خۆ دەرخستن ئەو كارەی ئەنجام دابێت،چونكە خۆشی و هەموو لایەك دەزانن كە تیرۆر و هەرەشەكان لەسەر ئەمنی ئەو وڵاتە هێشتا بوونی ماوە، حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكا پێویستیان بە هەوڵی جدی هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی مەترسیەكان لەناو بەرن، بەشێوەیەك ئۆپراسیۆنی كۆتایی داعش رابگەیەنن، كە تەواو جیاواز بێت لە ئۆپراسیۆنی تایبەت و كیۆماڵ، چونكە شانە نوستووەكان و مانەوەی چەكدارەكان بەم شێوەیەی ئێستا دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی خۆیان ڕێكبخەنەوە و لە هەر كاتێكدا بیانەوێت ببنە  هەرەشە لەسەر هێزە عێراقی و بیانییەكان و سەقامگیری وڵات تێكبدەن.

کامەران کەریم