نوسەرو ڕۆژنامەنوسێکی  سەربەخۆ لەڕێگای زایەڵەوە باسی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و بەرپرسیاریەتی میدیا لەم قۆناغەدادەکات

(0) / / گفتگو / زایەڵە ڕۆژنامەنووس


Sep 07, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کامیل  مەحمود نوسەرو ڕۆژنامەنوسی  سەربەخۆ بەزایەڵەی ڕاگەیاند: وەک ئەزموونی ڕابردووم کە سەرنووسەری چەند گۆڤارو ڕۆژنامەیەک بووم و لەمیدیا کارم کردووە دیاریکردنی بابەتێک بۆ گفتوگۆی هەمەلایەنە لەچوار چێوەی دۆسیەیەکی تایبەتی ڕۆژنامەوانیدا بەو شێوەیە بووە کە تەوەرەکانی بابەتەکە لەلایەن ستافی گۆڤارەکە یان ڕۆژنامەنووسی ڕاسپێردراو دیاری کراوەو  هەر یەکە لەکەسە پەیوەندیدارەکان بانگهێشت کراون بە ئامادەکردنی تەوەرەیەکی باسەکە، یان کەسەکان لەدەوری مێزێک کۆکراونەتەوەو ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە ئەنجام دراوەو دواتر گۆڤارەکە وتەو دیدگای بەشدارانی یاداشت کردووەو بەنووسین خراوەتە سەر ڕووپەڕی گۆڤارەکە یان ڕۆژنامەکە.

وتیشی: ئەو دۆسیە تایبەتەی گۆڤاری گوڵانیش لەمەڕ ئیسلامی سیاسی لەو جۆرەیەو چەند بەڕێزێک بەشداریان تیادا کردووەو هەریەکەیان لەگۆشەیەکەوە کە بۆی دیاری کراوە قسەی خۆی کردووە، من چاوێکم خشاند بە گۆڤارەکەو ئەو بابەتەی دیبەیتە ڕۆژنامەوانییەکەدا، کارێکی ڕۆژنامەوانی ئاساییەو بەشدارانیش قسەو بۆچوونی ئاسایی خۆیان خستووەتە ڕوو کە پێشتر لەم جۆرە ڕاوبۆچوونانە زۆر خراونەتە ڕوو،  دیبەیت و گفتوگۆکەش سەرنج و تێبینی ئاسایی هەڵدەگرێ و لەبنەڕەتدا ئیسلامییەکان لەسەر ئەو باس و بابەتانە ڕاهاتوون و هەڵچوونی نەویستووە.

ئەوەشی خستەڕوو: ئەوەی نائاساییەو دوورە لە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و ناتەبایە لەگەڵ ئەم دۆخە قەیراناویە پڕوکێنەرەی وڵاتەکەماندا ئەداو مامەڵەی ناپیشەییانەی گۆڤاری گوڵانە لەگەڵ ئەم جۆرە چالاکییە ڕۆژنامەوانیانەدا، کە پێم وایە ئەو گرفتی بەشێک لەڕۆژنامەنووسەکانی ناو دەزگا میدیاییەکانی پارتیە کە تا ئێستاش حاقیدانەو بەنەفەسی شەڕی ناوخۆوە کار دەکەن و کارەکانیان فاکتەری ناسەقامگیری و زیاتر پەرتەوازەیی ڕیزەکانی خەڵک و هێزەسیاسییەکانە، تەوقیتی ئەم بابەتەو بەو فورم و مانشێت و ئەدا نائیتیکیە لەجێی خۆیدا نیە، جگە لەوەی کێشەی ئەم هەرێمە ژیان و بژێوی و بێکاری و ناعەدالەتیە نەک شەڕی فیکری و ئایدۆلۆژی و ململانێی ئیسلامی و عەلمانی.

بەشێک لەوانەی بەشداری دیبەیتەکەی گوڵانیان کردووە ڕوونکردنەوەیان داوەو ناڕەزایەتیان دەربڕیوە کە گۆڤارەکە بەخراپ سوودی لەگفتوگۆکە ورگرتووەو قسەی نەوتراوی داوەتە پاڵ کۆی بەشداران.

هێمای  بەوەشکرد: پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان پیاچوونەوە بەدام و دەزگا ڕۆژنامەوانییەکانیدا بکاتەوەو بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی خراپی ئەم وڵاتەدا بکات و کەسانی نابەرپرس لەدەزگا میدیاییەکانی دوور بخاتەوە، ئەوانەی دوور لەئیتیکی میدیایی و ڕۆژنامەوانی لەپانی میدیاو کاری ڕۆژنامەوانیدا تەنگەژە دەخوڵقێنن و لایەنە سیاسیەکان زیاتر لەیەک دوور دەخەنەوە.ئێوە باس لەزەروورەتی یەکڕیزی کورد و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێم دەکەن بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەڕەشەو تەحەدیاتەکان، بەڵام میدیاکانتان کار لەسەر ڕووخاندنی ئەو پردە لاوازەی پەیوەندییەکان دەکات کە لەنێوان حزب و لایەنەکانی ناو ئەم هەرێمەدا ماوەو هەر خۆتان تەبایی و یەکڕیزی دەشێوێنن.

کامەران کەریم