زایەڵە - کامیل مەحمود جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات درێژکراوەی چەندین ڕووداوی جەنگییە کە بەردەوام ناوچەکەی خستووەتە ناو دۆخێکی نائارامەوە، جیاوازی ئەمجارەی جەنگەکە لەو گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەدایە کەبەسەر تەکتیکی جەنگی و شێوازی مەیدانیی ڕووبەڕووبوونەوەکانوکەرەستەکانی جەنگەکەدا هاتووە لەلایەن حەماس و ڕێکخراوی جیهادی ئیسلام هاوپەیمانییەوە کەتا ڕادەیەکی بەرچاو ئیسرائیلی تووشی شۆک کردووە.
کامیل مەحمود نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ بەزایەڵەی ڕاگەیاند: لەماوەی سێ چارەکە سەدەی ڕابردوودا کە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئینگلیز فەلەستینیان تەسلیم بە بزووتنەوەی زایۆنی کرد بۆ ئەوەی هەموو جولەکەکانی جیهانی تیادا کۆ بکەنەوە، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ بەرگری و خۆڕاگری فەلەستینییەکان بەردەوامە دوای ئەوەش کەحەرەکەی قەومی فەلەستینی کە لەچوارچێوەی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستیندا بەسەرۆکایەتی کۆچکردوو یاسر عەرەفات کۆبووبوونەوە سازشیان بۆ دەسەڵاتی زایۆنی کردو خەباتی چەکدارییان ڕاگرت، بەڵام ئیسلامییەکانی فەلەستین سەرکردایەتی قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلیان گرتە دەست، هەر ئەمەش گرژی خستە نێوان قەومچییەکانی فەلەستین بەسەرکردایەتی مەحمود عەباس، دوای بردنەوەی ڕێکخراوی حەماسیش لەهەڵبژاردنەکان گروپەکەی مەحمود عەباس شکستەکەیان پێ قبوڵ نەکراو دەرەنجام دەسەڵاتی فەلەستینی لەنێوان حەماس و فەتحدا لەغەزەو کەناری ڕۆژئاوادا دابەش بوو، حەماس غەزەی کردە ناوەندی سەرکردایەتی هێزی بەرگری ئیسلامیی فەلەستینی.
وتیشی: ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات درێژکراوەی چەندین ڕووداوی جەنگییە کە بەردەوام ناوچەکەی خستووەتە ناو دۆخێکی نائارامەوە، جیاوازی ئەمجارەی جەنگەکە لەو گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەدایە کەبەسەر تەکتیکی جەنگی و شێوازی مەیدانیی ڕووبەڕووبوونەوەکانوکەرەستەکانی جەنگەکەدا هاتووە لەلایەن حەماس و ڕێکخراوی جیهادی ئیسلام هاوپەیمانییەوە کەتا ڕادەیەکی بەرچاو ئیسرائیلی تووشی شۆک کردووە.هەموو چاودێران چاوەڕێیی پەرچەکرداری قەوارەی زایۆنی دەکەن کەزەبرێکی گەورە لەحەماس بدات، تەنانەت غەزەش داگیر بکات بەمەستی سڕینەوەی ئەو بزووتنەوەیە، بەڵام ئەوە بۆ سوپای ئیسرائیل زۆر دوورو سەختە لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە لەم ئۆپەراسیۆنەدا ژمارەیەکی سەربازو جولەکەی نیشتەجێکراو بەدیل لەدەستی حەماسدایەو ئەمەش دەستی سوپای جولەکەی بەستووە کە لەوانەیە نەتوانێت وەک جاران کاولکاری بکات یان پەلاماری زەمینی غەززە بدات، پێ دەچێ ئامانجی یەکەمی پەلامارەکە خستنە دەستی دیلی ئیسرائیلی بێت بۆ ڕێگری لەکاولکاری و پاشان ئازادکردنی تێکۆشەرانی فەلەستین لەڕێگای دیل بەدیلەوە، لەبەر دیلەکانیشیان نەبێت پێم وانیە سوپای ئیسرائیل خۆی بخاتە ناو زۆنگاوی جەنگێکی مەیدانییەوە لەناو غەزە، چونکە دڵنیایە گروپە ئیسلامییە فەلەستینییەکان شەڕی مان و نەمانی لەگەڵ دەکەن و بەئاسانی لەشەڕەکە نایەتە دەرەوەو قوربانییەکی زۆر دەدات کە لەتوانای کۆمەڵگەی ئیسرائیلی و سوپاکەیدا نابێت.
بەهەڕ حاڵ شەڕی ئەمجارەی حەماس پەیامی زۆری تیایە، لەوانە بەئیسرائیلییەکان و پشتیوانە ڕۆژئاواییەکانیان دەڵێت دۆزی فەلەستین بەزەبرو زۆر و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی و تەنانەت تەکنەلۆژیای جەنگیی پێشکەوتوو کۆتایی نایەت، هەروەها بەرگری فەلەستینی بەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە پیشانی دا کەفەلەستینییەکان لەدوای سەرکوتی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لەبەرامبەر تەسلیمبوونی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانی دنیای عەرەب و زیاتر بێکەسمانەوەی فەلەستینییەکان ئیرادەیان نەک هەر ناپسێ، بەڵکو بەرگری ئیسلامی دژ بەداگیرکەر بەگوڕترو بە تەکتیکی مەیدانیی بەهێزترەوە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی زایۆنی دەبێتەوە کە لەمێژووی قەوارەی زایۆنیدا ئەمە یەکەم جەنگی پڕوکێنەرە بۆ سوپای ئیسرائیل و کۆمەڵگەی هاوردەکراوی جولەکە.
کامەران کەریم