ئێران: ئەنجامی پەرەسەندنی شەڕ گۆڕینی نەخشەی جوگرافی ڕژێمی زایۆنی دەبێت

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران زایۆنی کوردستان ئیسرائیل غەزە قودس حزبوڵڵا


Oct 17, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە – وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە پەرەسەندنی شەڕ، ئەنجامەکەی گۆڕینی نەخشەی جوگرافی ڕژێمی زایۆنیستییە و وتی کە هەر هەنگاوێکی پێشوەختە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ئەگەرێکی واڵایە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دووشەممەشەو لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای فەڵەستین و ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکە، وتی: هەوڵێکی زۆر لە ئاستی ناوچەکە بە ئاراستەی ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕەکە دەبینرێت، بەڵام ئەوەی بۆ بەرەی خۆڕاگری دەگەڕێتەوە و ئێمە کە باس لە خۆڕاگری دەکەین تەنیا مەبەستمان حزبوڵڵای لوبنان نییە.
ناوبراو وتی: لایەنەکانی بەرامبەر ئەوە دەزانن کە گرووپەکانی خۆڕاگری لە پێناو پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتان و بەرەنگاربوونەوەی دەسدرێژییە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵانی ڕابردوو لە سەرتاسەری ناوچەکە و لەو وڵاتانە ڕێکخراون.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: پەرەسەندنی شەڕی ئێستا، ئەنجامەکەی گۆڕینی نەخشەی جوگرافی ڕژێمی داگیرکاری قودس دەبێت. سەرکردەکانی خۆڕاگری موڵەتی ئەوە نادەن کە ڕژێمی زایۆنیستی ئەم هەموو تاوانە لە کەرتی غەززە بکات و پاشان کە غەززەی داگیر کرد ڕوو لە ناوچەکانی دیکەی بەرەی خۆڕاگری بکات.
ناوبراو وتی: هەر هەنگاوێکی پێشوەختە لە کاتژمێرەکانی داهاتوو ئەگەرێکی واڵایە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە ئەگەری بەشداری ئێران لەم شەڕەدا وتی: هەر ئەگەرێک پێشبینی دەکرێت. جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە کە هیچ لایەنێک ناتوانێت بەرامبەر بەم بەردەوامی ئەم تاوانە و ئەم دۆخە بێلایەن بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی کە ئێمە هیچ کات خوازیاری شەڕ نەبووین و هەوڵە بەردەوامەکانی ئێمە لە پێناو مسۆگەرکردنی مافی فەڵەستینییەکان و ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕە. بە ڕاشکاوانە بە ئەمریکییەکانمان ڕاگەیاندووە کە ئەوان ناتوانن داوای دان بە خۆداگرتن لە سەرجەم لایەنەکان بکەن و بە هەموو شێوازێک پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی بەو هەموو تاوانەوە بکەن.
ناوبراو سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە غەززە، وتی: ئەمڕۆ ئەگەر بەرگری لە غەززە نەکەین سبەی دەبێت لە بەرامبەر ئەم چەکانە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان لە شارەکانی خۆمان بەرگری بکەین. وەک چۆن کە سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان بە ڕاشکاوانە ئەمەی باس کردووە.