ئێران: قەوارەی زایۆنی جارێکی دیکە دڕەندەیی بۆ هەمووان نیشاندا

(0) / / ایران / زایەڵە فەڵەستین غەزە ئێران


Oct 18, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی سەرکۆنەی ئەو ‌هێرشە دەکات کە شەوی سێشەممە کرایە سەر نەخۆشخانەیەک لە کەرتی غەززە و بەهۆیەوە زیاتر لە 500 کەس کوژران.
 ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، شەوی سێشەممە 17-10-2023 لەبارەی رووداوەکەی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب لە غەززە رایگەیاند، "بە تووندترین شێوە ئەو تاوانە دڕندەیەی داگیرکاری زایۆنی کردی، بە کردنە ئامانجی نەخۆشخانەکە لە غەززە کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی سەدان کەس، سەرکۆنە دەکەین."
 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "قەوارەی زایۆنی لە بەردەوامیی تاوانە قێزەونەکانی دژی گەلی فەلەستین، ئەو تاوانە گەورە و قێزەونەی ئەنجامدا و جارێکی دیکە دڕەندەیی بۆ هەمووان نیشاندا و سەلماندی کە کەمترین پابەندبوونی بە پرەنسیپ و یاسای نێودەوڵەتی لەکاتی جەنگدا نییە."
 ناسر كەنعانی هاوسۆزیی حکومەت و گەلی ئێرانی بۆ گەلی فەلەستینی نیشاندا و گوتی، "خوێنی شەهیدانی ئەو رووداوە، ویستی گەلی فەلەستینیی بەرگریکار و موجاهید بۆ رزگارکردنی خاکەکەی لە خراپەکاریی داگیرکەرانی زەوتکاران زیاتر دەکات."
 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، "پێشبینی دەکرێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەو رێکخراوە، بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی خۆیان لە خێرا لێکۆڵینەوە لە رەهەندەکانی ئەو تاوانی جەنگە بگرنە ئەستۆ."