ئایەتوڵڵا ڕەئیسی: هەڵوێستی هاوبەشی ئێران و عێراق سەبارەت بە فەلەستین ئەوەیە کە دەبێ بۆردوومانەکان بووەستێنرێن و هاوکاریی مرۆیی بگاتە غەززە

(0) / / ایران / زایەڵە ڕەئیسی غەزە سودانی ئێران عێراق


Nov 06, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی عێراق سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە دەکات و دەڵێت، ''دەبێت بە زووترین کات بۆردوومانەکان بووەستێندرێن بۆ ئەوەی هاوکاریی مرۆیی بگاتە خەڵکی کەرتی غەززە".
 محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 06-11-2023، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانى پایتەختی ئێران و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان رێکخست.
 ئیبراهیم رەئیسی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، ''هەڵوێستی هاوبەشی حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین ئەوەیە کە دەبێ بە زووترین کات بۆردوومانەکان [بۆ سەر کەرتی غەززە] بووەستێنرێن و هاوکاریی مرۆیی بگاتە خەڵکی غەززە".
 سەرۆککۆماری ئێران بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ''کۆمەڵکوژیی مەترسیدار'' ناودەبات و دەڵێت، ''رژێمی زایۆنی بە پاڵپشتیی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی ئەم هێرشە دڕندانەیە ئەنجام دەدات و خەڵکی فەلەستین کۆمەڵکوژ دەکات".
 ئیبراهیم رەئیسی سوپاسی هەڵوێستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ''ئەوانەی نایانەوێت جەنگ تەشەنە بکات، پێویستە گوشار بخەنە سەر داگیرکار''. گوتیشی، هەڵوێستی عێراق بۆ پرسی فەلەستین "نەگۆڕە" و پشتیوانی لە مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات کە پایتەختەکەی قودس بێت
ئیبراهیم رەئیسی دەڵێت، هاوکاریی سەربازی و دارایی ئەمریکا، ئیسرائیل زیاتر بۆ ''کۆمەڵکوژکردن''ـی خەڵکی کەرتی غەززە هان دەدات و هەڵوێستی ئەمریکاش بۆ راگرتنی شەڕ و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە زیانلێکەوتووانی شەڕەکە بە ''ساختە'' ناودەبات.
 سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، بۆ رێگریکردن لە بۆردوومانکردنی زیاتری کەرتی غەززە و ''هێرشەکانی رژێمی زایۆنی و ئەمریکا'' پاڵپشتیی هەر هەڵوێستێک لەلایەن وڵاتانی ئیسلامی، وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی نێودەوڵەتی دەکەن.