سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بەرەنگاری هەر توندوتیژییەک دژی ژنان دەبینەوە

(0) / / زنان / زایەڵە هەرێم کوردستان ژنان


Nov 25, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، رایگەیاندووە، بەرەنگاری هەر جۆرە توندوتیژییەک دەبینەوە بەرامبەر ژنان و کچان لەژێر هەر پاساو و لە هەر کوێیەک بکرێت.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئه‌مڕۆ 25ى نۆڤه‌مبه‌ر له‌ ڕۆژى جيهانيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ئافره‌تاندا، هه‌موو پشتگيرييه‌ك بۆ كه‌مپه‌ينى 16 ڕۆژه‌ى كار و چالاكييه‌كانى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌. لێبڕاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر جۆره‌ توندوتيژييه‌ك دژى كچان و ژنان و هه‌راسانكردنيان له‌ هه‌ر كوێ و به‌ هه‌ر پاساوێك بێت، ده‌وه‌ستينه‌وه.

له‌م ڕۆژه‌دا یادی هه‌موو ئەو ئافرەتانە دەکەینەوە کە سته‌ميان لێكرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەندرایەوە. هیچ شتێک دادی ئازارى گەورەی خێزان و دایکوباوکانى ئه‌و قوربانييانه‌ نادات. تاكه‌ دڵنه‌وايى بۆ ئه‌وان ته‌نيا ئه‌وه‌يه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى دادوه‌رى بۆ قوربانييان جێبه‌جێ بكرێت. هه‌روه‌ها به‌ پێزانينه‌وه‌ له‌ ڕۆڵى خانمانى چالاكوان و مامۆستايانى ئايينى و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ڕوانين كه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێت، بۆ باشتركردنى دۆخى ئافره‌تان كار ده‌كه‌ن.

له‌م ياده‌دا پابه‌نديمان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ ئيراده‌يه‌كى پته‌و و به‌ جددى به‌ره‌نگارى هه‌موو توندوتيژى و پێشێلكارى و ده‌ستدرێژييه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان و مافه‌كانيان ده‌بينه‌وه‌. له‌ هه‌ماهه‌نگى و كارى هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌سه‌ر ئاستى عێراق و نێوده‌وڵه‌تيش به‌رده‌وام ده‌بين. هه‌رگيز له كار و هه‌وڵدان بۆ بنياتنانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و دادپه‌روه‌ر و يه‌كسان كۆڵ ناده‌ين.


نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/11/25