مەسعود حەیدەر لەبارەی لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانیەوە؛ پابەندی یاساین

(0) / / عراق / زایەڵە مەسعود حەیدەر وەزارتی دارایی


Dec 02, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - مەسعود حەیدەر لەبارەی لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت پابەندی یاساین.

مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت:  بەپێی ماددەی 71ی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر نەداون، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لە بەرواری 1ی کانونی یەکەمی 2023ەوە، ناتوانن دەسەڵاتی یاساییان هەبێت و پۆستەکانیان بەکاربهێنن.

دەشڵێت: پابەندی یاساین و کێشەیەکی گشتی یاسایی دەوڵەتە و بە ھەماھەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان پێویستی بە چارەسەر ھەیە.

ئەوە لەکاتێکدایە، بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق كە واژووی تەیف سامی-ی وەزیری دارایی لەسەرە و بە ژمارە (7086) لە 30ی تشرینی دووەم دەرچووە، بڕیاردراوە بە رەتكردنەوەی ئەو دەسەڵاتەی دراوەتە (مەسعود حەیدەر رۆستەم) بریكاری وەزارەتی دارایی.

هەر بەپێی نوسراوەكە سەرجەم دەسەڵاتەكان گەڕێندراونەتەوە بۆ خودی وەزیر، تا ئەو كاتەی بڕیار لەسەر ئەرك و كارەكانی بریكاری وەزارەت دەدرێت.

کامەران کەریم