وانەکانی یەک دەیە شەڕی ناوخۆی سووریا

(0) / مقالە


Apr 05, 2021

قەبارەی فۆنت:

 زایەڵە - پێکادانی چەن لۆیی لە سووریا بریتییە لە شەرٍێکی ناوخۆیی، شەڕی میلیشیاکان، بەربەرەکانێی وڵاتە زلھێزەکان نێوان ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانە. بەسەرھاتی ئەم کێشەکێشە ڕوانگەیەکی گرینگ سەبارەت بە تەنگەژەی کێشەکانی بەردەم ،لە سووریاو دەورووبەری پێک دەھێنێت.ئەم پێکادانە بڕێکی زۆر لە ئەکتەرە ناحوکمیە بەھێزەکان دەگرێتەوە.لە سوننە جیھادییەکان بگرە تا توندڕەوانی ئەلقاعیدە و شوڕشگێرە سکۆلارە کوردەکان.

زیانە مرۆڤدۆستانەکانی ئەم شەڕە کارەساتبارە و قەیرانی ئاوارەییەکەی لە پاش شەڕی جیھانی دووەمەوە بێ وێنەیە. زۆرتر لە نیوەی خەڵکی سووریا ئاوارەن : ٥/٦ ملوێن کەس لە نێوخۆی وڵات و ٦/٥ لە دەرەوەی سنوورەکان دان. بە ڕێژەی نیوەی ئاوارەکان منداڵن . ژمارەی کوژراوەکان لە ساڵی ٢٠١٦دا چوارسەد ھەزار کەس خەڵمێندراوە و پاشان ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرخستنی ژمارەی کوژراوەکانی ڕاگرت.
سووریا لەکاتی دەسپێکردنی شەرە و تا ئێستا لە خراپترین بارودۆخ و داڕمانی ئابووریدا ژیاوە . لە ساڵی ٢٠٢٠دا پارەی باوی سووریا دوولەسێی بەھای خۆی لە دەس داوە. بەپێی ڕاپۆرتی بەرنامەی جیھانی خۆراک ، ١٢ملوێن سووری کە ٦٠% حەشیمەتی ئەو وڵاتە پێک دەھێنێت لە بارودۆخێکی خراپی خۆراکدا دەژین.
وادیارە ئەمرۆ شەڕ گەیشتوەتە بنبەستێکی درێژەداری پڕ لە توندووتیژی . ئەم بنبەستە لە ئەساس دا ناسەقامگیرە و بە بزیسکەی ئاڵۆزی نێوان ئێران و ئیسراییل ،ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان و تورکیا و کوردەکان لە بەردەوامی دایە.
داعش وەک شۆڕشێک لە ئاستێکی نزمدا ماوەتەوە بەڵام خەریکی کەڵک وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەکان بۆ بووژاندنەوەو بە دەست ھێنانەوەی ھیزی خۆیەتی.
باشووری ڕۆژئاوای سووریاش لە بەر توندوتیژییە یەک لە دوای یەکەکانی دژبە رژیم و نارەزایەتی و ڕێپێوانەکان لە نا ئارامی دایە.
چوار بابەتی گرینگ دوورنواڕی سووریای پێک ھێناوە و ئاکامگەلێکی بەرفراوانتری بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگای جیھانی ھەیە.یەکەم، قەیران و ئاوارەبوونی چەن لایەنە، کە ھیچ نیشانەیەکی لە چاک بوونەوەی نییە و ھیچ چاوەڕوان ناکرێت ئاوارە سوورییەکان بەم زووانە بتوانن بگەڕێنەوە زێد و نیشتمانی خۆیان. ڕاپۆرتی ئەنجومەنی پەنابەرانی نۆرویج جەختی کردۆتەوە کە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێد و ماوای خۆیان لە ٥ تا ١٠ ساڵیتر چاوەڕوان نەکراوە.
ئەو وڵاتانەی ئاوارەکانی تێدا دەژی خۆیان لە گەڵ کێشەی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆردا دەس وە یەخەن. یەکێک لەم وڵاتانە لوبنانە. خەڵمێندراوە کە ٩٠% پەنابەرانی سووری لە لوبنان لە ھەژارییەکی تەواودا دەژین. ئاوارەیی درێژەدار ، قەیران لە وڵاتانی نیشتەجێی پەنابەران دەبێتە ھۆی ڕۆیشتنی زۆرتری پەنابەران بەرەو ئەورووپا. ھەبوونی منداڵە ئاوارەکان لە خێوەتەکاندا لە سووریا نیگەرانی پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیای توندئاژۆیی زۆرتر دەکات.
دووھەم، دەستپێگەیشتنە مرۆڤدۆستانەکانە. لە ساڵی ٢٠١٤وە ئەنجومەنی ئاسایش ڕوخسەتی ئۆپراسیۆنی یارمەتیدەرانەی لە دەرەوەی سنوورەکان دەرکرد . بەم شێوەیە یارمەتییە مرۆڤانەکان بە بێ ڕوخسەت وەرگرتن لە وڵاتی سووریا ڕادەستی لێقەوماوان دەکرا. بەڵام رژیمی سووریا بە بێ چاودێری خۆی بەرگری لە ناردنی یارمەتی بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی دژبەرەکانی بەشار ئەسەد ئەکرد. ڕووسیاش لە ڕێگای ڤیتۆکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە چالاکی یارمەتییە کانی دەرەوەی سنووری بۆ یەک لەچوار کەم کردەتەوە. لە ڕاستیدا کێشەکانی دەست ڕاگەیشتنە مرۆڤدۆستانەکان لە سووریا جەخت لە سەر پێویستی بە ھێزی و یەکسان کردنی بەڵێن نامە مرۆڤدۆستانەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ ئەو تەنگەژانەی دەکات کە ناوچەکە ئازار دەدەن.
بابەتی سێھەم ، گەمارۆیە.سووریا کەوتۆتە بەر گەمارۆ بەرفراوان و چەن لایەنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەورووپا. ئەم گەماروانە لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ  سەرۆک کۆماری پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بە مەبەستی گوشار خستنە سەر بەشار ئەسەد دووبەرابەر بوەوە. داڕمانی ئابووری، ھەژاری توند و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کورۆنا نیگەرانییەکانی قووڵتر کردووە.
خاڵی چوارەم وەڵام دانەوەیە. لادانی حکوومەتی سووریا لە نۆرمە نێودەوڵەتییەکان بە بێ لێپرسینەوە جەخت لە سەر پێویستی ڕێگای کاریگەر بۆ دڵنیابوون لە وەڵام دانەوە دەکات. ئەشکەنجە و گرتن و بانگەشەی کەڵک وەرگرتن لە چەکە قەدەغە کراوەکان بووەتە کێشەیەکی گەورە لە سووریا. بەم شێوەیە ھەندێک لە ئاڵووگۆڕییەکانی ئەم دواییە مژدەی ڕێگایەکی دڵخۆشکەر دەدەن . مانگی ڕابردوو دادگایەک لە ئەڵمانیا کۆنە بەرپرسێکی دەزگای زانیاری سووریای بە تاوانی پێشێل کردنی  مافی مرۆڤ تاوانبار کرد. ھەروەھا لە ئەڵمانیا و فرەنسا خەریکی لێکۆڵینەوە لە سەر کەڵک وەرگرتن لە چەکە کیمیاوییەکانن. ئەم چالاکیانە دەبێت بە ھەوڵدان لە سەر کۆکردنەوەی دیکۆمنتی چڕوپڕی تاوانەکانی شەڕ ڕابوەستێت و ھەموو لایەنە بەشدارەکان بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و بە جۆرێک پێک بھێنرێت تاک لایەنە و بانگەشەی سیاسی بۆ بەکارھێنان لە بەرانبەر ئەویتر و ئامانجگەلێکی تایبەت نەبێت .
مونا یاکوبیان / سەرچاوە: یوسیپ