نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان / رێبوار کەریم وەلی

(0) / مقالە


Apr 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

جەنابی سەرۆک
دادگایی کردنی (ئالفرێد درایفۆس) ئەو ئەفسەرە یەھودییەی کە لە ساڵی ١٨٩٤، کەوتە بەر شەپۆلی نەتەوەپەرستی و راسیزمی ناو فەڕەنسا و، بە زۆری زۆرداری و بەدرێژایی چەندین ساڵ ویستیان مۆرک و تاوانی خیانەتی بخەنە پاڵ، یەکێکە لە بەناوبانگرین دادگاییەکانی مێژووی جیھان کە لە کۆتاییدا و لە ساڵی ١٩٠٦، لە سۆنگەی حوکمێکی عادیلانە و دوای چەندین ساڵ بێتاوانییەکەی بۆھەموو کەس ئیسپات بوو. ئەم دادگاییە پەڵەیەکی رەشە بە تەوێڵی دیموکراسیەت و شۆڕشی فەڕەنساوە کە بنچینەکەی لەسەر ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری بوو.
ئیمیل زۆڵا و دواتر ٣٠٠ کەس لە ئازادیخوازانی فەڕەنسا لە نامەیەکدا لە ساڵی ١٨٩٨ سەرەنجی سەرۆکی فەڕەنسایان بۆ ئەو بێدادییە راکێشا و لە نامەکدا، تێکڕای سیستەمی ئەمنی سەربازی، دادوەری، مێدیا و بیرۆکراتیەتی فەڕەنسایان مەحکوم کرد. نامەکەی ئێمیل زۆڵا(من مەحکومتان دەکەم) یەکێکە گەورەترین ئەو بانگەوازانەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناعەدالەتیدا نووسراوە.
 بڕیاری دادگای تاوانەکانی ھەولێر سەبارەت بە سزادراوانی بادینان لە کەیسێکی لەو جۆرەدا، تا ئێستا لە کوردستان نمونەی نەبووە. پەیامی جەنابتان لەو بارەیەوە و دوای بڕیاری دادگا،  ئومێدێکی گەورەی لای خەڵک دروست کرد، بەلڕم بەداخەوە ھەر لە سەرەتاوە و پێش ئەوەی دادگا حوکم بدات، ئەو کەسانە حوکم درابوون.
ئەگەر بەقەدەر تۆزقاڵێکیش لە قانوون نەزانم بە حوکمی پیشەکەم لەوە دەزانم کە ئەو دانپێدانانەی کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە جەنابتانەوە بڵاو کراونەتەوە، جگە لەوەی ھەتک کردنی سومعەی ئینسانەکانە، خۆی لە خۆیدا تاوانە. چونکە مۆنتاژێکی ئەوەندە سەقەت و ناڕەوا کرابو کە ھیچ قسەیەکیان لەگەڵ ئەوانی دیکە تێکی نەدەکردەوە مەگەر بەو تەقەلڕنەی کە دەڵێی بە سوژن لە لایەن مۆنتێرە نەشارەزاکانی ئاسایشەوە لێیاندرابوو.
سەپاندنی سزا لە رێگەی دادگاکانەوە دەبێت، بەڵام خەڵکی ئازادیخواز و بە ویژادانیش مافی ئەوەیان ھەیە دژی ئەو بڕیارە بن، یان داوای شەفافییەتی زیاتر لە تێکڕای پڕۆسەکەدا بکەن. ئەوانەی بەرگری لەو سزادراوانە دەکەن، ناکرێ و ناشێ بە خائین لەقەڵەم بدرێن و بە ھەمان شت تۆمەتبار بکرێن کە گیراوەکانی بادینانیان پێ سزا دراوە.
لایەنی جێبەجێکار لە حوکمڕانیی کوردستاندا شلگێڕانە بەدوای ئەوەوەیە کە ئەو کەیسە وەکو تیرۆر، خیانەت و جاسوسی وێنا بکات، لە کاتێکدا کە تا ئەم دەققەیەش ھیچ کەسێکی خاوەن ویژدان ناتوانێ بەو بەڵگانەی کە خراونەتەڕوو جگە لە تەمبێکردن و سەرکوتکردنی رادەربڕین، ھیچ سوچ و گوناھێکی دیکە لەو کەسانەدا بەدی بکات. ئەوەش لەکاتێکدایە کە  ئەو لایەنەی کە ئەوانە گوایە جاسووسیان بۆ کردووە، بە پێی قانوونەکانی کوردستان نە تیرۆریستە و نە کاری سیاسیشی لێ یاساغ کراوە!
خەریکە دوو مانگ بەسەر بڕیاری دادگای تاوانەکانی ھەولێردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام سەرباری ناڕەزایەتییەکان و راپۆرتەنێودەوڵەتییەکان، ھێچ پێشکەوتنێک یان پێداچوونەوەیەک بەو بڕیارەدا رانەگەیەندراوە، ھاوکات کەسانێکی دیکەش ھەن کە وا بۆ چەندین مانگ دەچێ راگیراون و ھێشتا ماوەی دەستبەسەرییان درێژ دەکرێتەوە و دادگایی نەکراون!
ئەم تابلۆیە زۆر ترسناکە و دەبێ مەحکوم بکرێت؛ وەک قسە بەناوبانگەکەی  ژاک مێلێ دووپێن کە گووتی:" شوڕش منداڵەکانی خۆی قووت دەدات."، شۆڕشی ئێمەش خەریکە قووتمان دەدات...ئەوە مەحکوم دەکەم کە خەباتی چەندین ساڵەی بابوباپیرانمان، بۆ جێگۆڕکێ پێکردنی ستەمکاری لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی بووبێت...ئەوە مەحکوم دەکەم کە دەسەڵات لە وڵاتی ئێمەدا وایلێھاتبێت، ھیچ بەرپرسێک و تەنانەت خەڵکی ئاساییش جورئەتی ئەوە نەکەن بە ژمارە تەلەفۆنەکانی خۆیان پەیوەندی بکەن، مەبادا گوێیان لێڕابگیرێت!
ئەوە مەحکوم دەکەم کە دەسەڵات رێگە بەخۆی بدات بە شانازییەوە ئامرازەکانی پەیوەندیی ھاووڵاتیان (بێ فرمانی دادگای سەربەخۆ) بخاتە ژێر چاودێریییەوە، گفتوگۆکانیان ریکۆرد و مۆنتاژ بکات، کۆمپیوتەرەکانیان ھاک بکات و دوایی وەکو بەڵگەی تاوان لە دژیان بەکاری بێنێت.
ئەوە مەحکوم دەکەم کە لە وڵاتەکەمدا، دەسەڵات ھیچ سنوورێکی بۆ ئازادی و مەحرەمییەتی ئینسانەکان نەھێشتبێتەوە.
ئەوە مەحکوم دەکەم کە دەسەڵات پێیوابێت دەتوانێ ئەو ئازادییەی کە بەرھەمی خوێنی رۆڵەکانی ئەو گەلەیە زەوتی بکات و کۆت و بەندی بۆ دابنێت. ئینسانەکان بە ئازادی لەدایک دەبن و تا دەمڕن شەڕ بۆ پاراستنی ئازادییەکانیان دەکەن. ئازادی مووچە نییە تا دەسەڵات چەندی حەزی لێ بوو لێیببڕێت.
جەنابی سەرۆک
ئێوە لە پێگەی خۆتانەوە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بە ھەموو دەنگ و رەنگەکانەوە دەکەن و، سوێندتان خواردووە  کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانیان بن. شیرازەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە بەردەم داڕماندایە و سایکۆلۆژییەتی ئینسانی کورد خەریکە ورد و خاش دەکرێ. دەبێ ئەوە مەحکوم بکرێ کە برا بەسەر براوە بکرێتە جاسووس و کەس متمانەی بەکەس نەمێنێ. ئێمە پتر لە شەست ساڵە باجی ئەو سیاسەتە نەگریسەی دوژمنانی کورد دەدەینەوە، بۆیە نابێ رێگە بەوە بدرێ کە بەناوی ئاسایشی نەتەوەییەوە دەنگ و ویژدانی خەڵک بدرێتە بەر شەللاق و لە فەللاقە بدرێن.
باکم لەوە نییە لەسەر ناوەرۆکی ئەو نامەیە منیش بدرێمە دادگا؛ ھەست دەکەم ویژدانم ئاسودەیە...
دڵنیام ئێوەش دەتانەوێ ویژدانی خۆتان ئاسودە بکەن.