پەرەسەندنی قەیرانی کۆچبەران

(0) / راپورت


Jan 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

قەیرانی کۆچبەران وەک پەتایەک پەرەی سەندووە هۆکارەکەشی بۆ کێشەی  کۆمەڵایەتی و کلتووری و ئابووری دەگەڕێتەوە.
زایەڵە_ بەهار عەباسی: لە ئەم ساڵانەی دواییەدا لەبەر داخستنی سنوورەکان و بێکاری، ژمارەیێکی زۆر لە گەنجان ڕێگای ئەورووپا دەگرنەبەر و زۆربەیان خێزانەکانیان لە ئێران بەجێ دەهێڵن بەو هیوایەی ئیقامە وەربگرن و دواتریش لە ڕێگای یاساییەوە ئەوانیش ببەن بۆ لای خۆیان و ئەم ستایلی ژیانیشە بووەتە هۆی دروست بوونی چەندین قەیرانی جیددی بۆ کۆمەڵگا و خێزانەکانیشی لە یەک ترازاندووە و زۆر جاریش بووەتە هۆی جیابوونەوە. سەردەشت شارێکی بچووکی سنوورییە کە سی و سێ ساڵ لەمەوبەر کیمیا باران کرا. هیچ پارک و کافە و شوێنێکی گونجاوی نیە بۆ کات بەسەر بردن و زۆربەی خەڵکی ئەم شارە خەریکی ئاژەڵ داری یان کۆڵبەری لە سنوورەکاندان. دوای داخرانی سنوورەکان زۆربەی گەنجان بێکار کەوتن و بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنایش بازاڕیش ڕووبەڕووی سستییەکی بەرچاو بووەوە. لەبەر بێکاری و نەبوونی خۆشگوزەرانی مانگانە کەسانێکی زۆر ڕێگای ئەورووپا دەگرنەبەر. کەمال حسێن پوور نوێنەری سەردەشت له پەرلەمان وتویەتی: " لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو بە هەزاران گەنجی سەردەشتی ڕێگای ئەورووپایان گرتووەتەبەر. لە سەردەشت هیچ کارگەیەکی پیشەسازی چالاک نیە و کشتووکاڵیش بوونی نیە و لە سێ بازاڕچەی سنوورییش دوانیان داخراون."
خێزانی ڕەسوڵ ئێران نژاد لە سەردەشت بەهیوای ژیانێکی باشتر کۆچیان کرد بۆ ئینگلیز بەڵام لە ڕێگادا پێنج کەسیان لە کانڵی مانشی فەرەنسا خنکان و تەرمی شیوا و ڕەسوڵ و ئانیتا و ئارمین لە سەردەشت بەخاک سپێردران. بەڵام هێشتا ئارتین بێسەرو شوێنە.
هەواڵنێرەکانی نەرویژ هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی منداڵێکی ۱۵مانگانەیان بڵاو کردەوە کە لەوانەیە تەرمی ئارتین بێت. لە ڕۆژی بەخاک سپاردنی تەرمی کۆچبەران دا دایە گەورەی ئارتین بەهیوای ئەوە بوو کە ڕۆژێکیش تەرمی ئارتینیش بدۆزرێتەوە.
هاوکار ئێران نژاد سەرنووسەری "سەردەشت هەواڵ" بە زایەڵە دەڵێت : " خێزانی کوڕە مامم کە لە دەریای مانش دا خنکان بەهیوای ژیانێکی باشتر ڕێگای ئەورووپایان گرتەبەر. ڕەسوڵ لە ئێران دا کرێکار بوو و ژیانێکی مامناوەندییان هەبوو و لە ڕێگای کرێکاری بژێوی ژیانیان دابین دەکرد و لە ڕێگادا سێ سەد ملیۆن تمەنیان خەرج کرد و شەش سەد ملیۆنیشیان قەرز کردبوو و لە هەلومەرجێکی زۆر دژواردا ڕێگای ئەورووپایان هەڵبژارد بەڵام خنکان و هێشتاش ئارتین بێسەروشوێنە. چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە کرمائیی نەرویژ تەرمی منداڵێک دۆزراوەتەوە و بڕیارە توێکاری بۆ بکەن و لە ڕێگای DNA _ەوە شوناسی دیاری بکەن. پێدەچێت ئەو تەرمە تەرمی ئارتین بێت.
کۆچی گەنجان:
عوسمان مزەییەن پارێزەر بە زایەڵە دەڵێت: یەکێک لە ئەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی کۆچی گەنجان هۆکاری ئابووری و نەبوونی ئیشە. سنوور هیچ ئەمنییەتێکی ئابووری و گیانی بۆ خەڵک نیە. لە سەردەشت کێشەی کلتووری بوونی هەیە چالاکانی مەدەنی و کولتووری سەردەشت گوشارێکی زۆریان لەسەرە و ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ کۆچی گەنجان و جیاوازی و هەڵاواردن کردن زۆر زۆرە و هیچ ئیمکاناتێک بوونی نیە و زۆربەی جیاوازییەکان ئتنیکین و هەر لەبەر ئەمەش گەنجان کۆچ دەکەن لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ داهاتووییەکیان نیە و ئەو کەسانەی کە دەچن بۆ ئەورووپا، خێزانەکانیان لە ئێران دا ڕووبەڕووی کێشەی مەعنەوی و مادی زۆر دەبنەوە و هەندێ جار شیرازەی خێزانەکان تێکدەچێت یان لەیەکدی جیا دەبنەوە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها یاسای وڵاتانیش مامەڵە لەگەڵ کۆچبەراندا ناکەن.
هۆکاری سەرەکی کۆچ کردن بۆ ئەو کەلێن و جیاوازییەی دەگەڕێتەوە کە لە نێوان شارەکانی ناوند و شارە سنوورییەکاندا بوونی هەیە. لە ئەم شارانەدا هیچ خۆشگوزەرانییەک و هیچ شوێنێکی گونجاو بۆ کات بەسەر بردن بوونی نیە و گەنجان ناچار دەبن بۆ ئەوەی کۆچ بکەن‌.
هۆکاری زیادبوونی کۆچکردن:
سەلام مەعروفی پارێزەر لە وتووێژێکدا لەگەڵ زایەڵەدا دەڵێت:"لە ئەم پێنج ساڵەی دواییەدا کۆچکردن زیادی کردووە.بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی داهات هۆکاری سەرەکی کۆچی گەنجان لە سەردەشت و شارەکانی دەورووبەرییەتی. نەمانی هێزی کار لە کۆمەڵگا و هەنگاونیان بەرەو کۆمەڵگایەکی بەتەمەن زەنگێکی مەترسیدارە. شاری سەردەشتیش ڕووبەڕووی ئەم زیانە دەبێتەوە. هەرچەندە داتاییەکی ورد لەسەر کۆچکردن لەبەردەست نیە بەڵام دەتوانین بڵێین کە لە هەر سێ خێزاندا کەسێک کۆچی کردووە.لەوانەیە ئێستا زیانەکانی لەبەرچاو نەبن بەڵام بەدڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمەڵگا ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفت دەکاتەوە."
کێشەکانی کۆچکردن:
 سەلام مەعروفی له درێژەی وتووێژێکدا دەڵێت: " کێشەی زۆر جیددی لە ئەم چەند ساڵی دواییەدا کۆچی زۆرێک لە پیاوان و گەنجانە بۆ ئەورووپا. بەڵام کێشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو‌ کەسانە زۆربەیان ژن و منداڵیان هەیە و بەجێیان هێشتوون. لە نێو ئەوانیش زۆرتر ئەو ژنانەی تووشی کێشە دەبن کە لە دەرەوە ماڵ ئیش ناکەن و هیچ سەرچاوەیەکی بژێوییان نیە ژنی وا هەیە کە پێنج ساڵە لە چاوەڕوانی شووەکەی دایە تاکوو ئیقامە وەرگرێت و ئەمان بانگهێشتی ئەورووپا بکات."
لە یاسای دابین کردنی تێچووەکانی ژیان کە نەفەقەی پێدەڵێن بەپێی بڕگە ماددەی ۱۱۰۶ یاسای مەدەنی نەفەقەی ژن لە ئەستۆی پیاوەکە دایە و نەفەقەیش بریتییە لە هەموو پێداویستییەکانی ژن و خانووبەرە و خۆراک و پۆشاک کەلوپەلی ناوماڵ و تێچووەکانی تەندرووستی کە پیاو دەبێت دابینی بکات."
کۆچی بەکۆمەڵی کۆچبەران:
محمد مەمەندزادە ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی بە زایەڵە دەڵێت: " ژیان لە سنووردا کێشەی تایبەت بە خۆی هەیە و و بە واتایەکی دیکە سنوور لێکەوتوویی یەکێکە لە لێکەوتەکانی ژیان لە سنوورەکانداندایە. بەو واتایەی کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە قەزاکانی وەکوو سەردەشت دەژین هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی چەندین چەمکی وەکوو هەڵهاتن لە سنوورو و  پەنابەری و پەنابەر و دەرەوە دەبنەوە.
لە درێژەی وتووێژێکەدا دەڵێت:" لەڕاستیدا دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ ئەم چەمکانەدا دەژین و گەورە دەبن و ئەم جورە نوێنەکە ڕەفتارییانە دێنە نێو کۆمەڵگا و گشتگیر دەبن. قەیرانی کۆچبەران لە کوردستان و بەتایبەت لە شارێکی وەکوو سەردەشت بووەتە پەتایەک و هۆکارەکەشی بۆ کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە. بەڵام بە بەراورد کردنی لەگەڵ شارەکانی دیکەی هاوشێوەی سەردەشت لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەم قەیرانە لە ئەو شارانەدا بەدی ناکرێت. لێرەدا بە وتووێژ کردن و ئامادە بوون لە شوێنێک کە ئەم پەتایە بڵاو بووەتەوە، دەبینین کە ئەو کەسانەی کە لە کۆمەڵگایەکدا پێکەوە دەژین کار دەکەنە سەر یەکتری و بە کۆمەڵ کۆچ دەکەن.
کۆتایی./