بەرپرسێکی سۆسیالیست دیموکرات: چاومان لەهەڵکشانی ژمارەی دەنگەکانمانە
(0) /
زایەڵە - لەوتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە شادمان شەهید ڕۆستەم ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەڵبژاردن خۆی لە خۆیدا پایەیەکی گرنگ و ئەساسی دیموکراسییە، ئەگەر بمانەوێت ناو و ناوبانگی هەرێمەکەمان بپارێزین دەبێت پابەندی بنەماکانی دیموکراسی بین، کە هەڵبژاردن یەکێکێکە لە گرنگترینەکانیان.
ئاماژەی بەوەش دا؛ ئێمە زەروریەتی ئەم هەڵبژاردنە لە کۆمەڵێک گۆشەنیگاوە دەبینین، ئاشکرایە، کە ماوەیەکی زۆر بەسەر وادەی یاسایی پرۆسەکەدا تێپەڕیوە، ئەمەش بوەتە مایەی ناڕەزایی خەڵک وکاریگەری نەرێنی لەسەریان دروستکردووە، هەر ئەو دواخستنە بووە بیانو بۆ واڵاکردنی دەستی سەرانی بەناو دادگای فیدراڵی تا پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێننەوە، ئەو پەرلەمانەی، کە بەری ڕەنجی خەبات، قوربانیدان و تێکۆشانی چەندین ساڵەی میللەتەکەمانە. ئەمەجگەلەوەی لەو وادەیەی کەدەبوو هەڵبژاردن بەڕێوەبچوایە تا ئەمڕۆ چەند جیلێک گەیشتوون بە تەمەنی یاسایی و مافی دەنگدانیان هەیە و ڕەنگە بۆچونیان تەواو جیاوازبێت لەگەڵ چین و توێژەکانی تر، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا لە دونیادا لەپاڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەبێت دامەزراوەی پەڕلەمان هەبێت و چالاکانە چاودێربێت بەسەر کارەکانی حکومەتەوە.
وتیشی، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، یەکێکە لە پارتە ڕەسەن و ئەساسییەکانی نێو کایەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، کە لە ۸ـی ئاب مێژووی تێکۆشانمان ٤۸ ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، ئەمەش مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ سەروەرییە کە بەخوێنی هەزاران شەهید نەخشێنراوە، بۆیە لەم سۆنگەیەوە و بە گەشبینییەوە و پاڵپشت بە جەماوەر وخانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر و ڕێکخستنەکانمان، چاومان لەهەڵکشانی ژمارەی دەنگەکانمان و کورسییە. سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەکە، ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی حزب بدەینەوە، دەبینین لە سەرەتای دروست بوونیەوە تا ئەمڕۆ حزب لە هەڵکشان و داکشاندابووە، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە و حزب درێژەی بە تێکۆشانی خۆیداوە و لە هەموو قۆناغە سەختەکانی میللەتەکەماندا ئامادەی فیداکاری بووە، سەرلەشکری ئەو خۆڕاگری ووەستانەوەیەش بەرامبەر ئاڵنگارییەکان جەنابی کاک محەمەد حاجی مەحمودە، کە بۆخۆی قوتابخانەیەکی گەورەی سیاسی، سەربازی، دبلۆماسی و کۆمەڵایتییەو فاکتەری بەردەوامی حزب و زاڵبونە بەسەر گرفتەکاندا.
ئەو بەرپرسە هێمای بەوەشکرد، ڕەنگە کەمێک زووبێت قسە لەسەر حکومەتی داهاتوو بکەین. بۆ ئەم هەڵبژاردنە کۆمەڵێک لیست و قەوارەی نوێ هاتونەتە مەیدانەکە، ئەو لیست و لایەنانە لە ئێستادا جۆرێک لە گوتاری سیاسییان هەیە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ڕووندەبێتەوە تا چ ڕادەیەک پابەندی ئەو تێڕوانینە دەبن. لەلایەکی ترەوە بەهۆی بڕیاری تاکڕەوانەی بەناو دادگای فیدراڵ، کە سەرەتا کورسی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە و دواتر لەو ۱٠٠ کورسییەی کە پێشتر ململانێی لەسەر دەکرا پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانکرد، ئەمەش وادەکات ململانێکە سەخت بکات، بەگشتی چاوەڕێدەکرێت نەخشەی سیاسی پەڕلەمان بگۆڕێت بێگومان ئەو گۆڕانە ڕەنگدانەوەی لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکومەت و حکومەتەکەشدەبێت.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: