زایەڵە ـ گفتوگۆكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا، قۆناغی زۆری بڕیوە بەڵام لەسەر موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.
بەپێی زانیارییەكان، ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا تایبەت بووە بە چارەسەركردنی موچەی مانگی تەموزی فەرمانبەرانی شارستانی و موچەی مانگی تەموز و ئابی هێزە ئەمنییەكان.
لە ئەنجامی گفتوگۆی کۆبوونەوەکانی دوێنێی شاندی هەرێم و بەغدا، مووچەی مانگی تەمووزو ئاب، بۆ هێزە ئەمنییەکان مسۆگەر كراوە، بەڵام پارەکەی نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم. بڕیار وایە دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکان کە چەند کێشەیەک ماوە چارەسەر دەکرێت ئەو كات پارەی هێزە ئەمنییەکان دەنێردرێت.
بەپێی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكان، عێراق تا ئێستا سوورە لەسەر نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بۆ مانگی حەوت، چونکە هەرێم پێشتر پابەند نەبووە بە ناردنی داهاتی مانگانەو وەرگرتنی پارەی زیادە بەناوی مووچە.
وەزیری دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی گوتوە تەوتین مەرجێکی سەرەکییە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و گەر ڕێگری بکەن هەڵوێستی ترمان دەبێت، چونکە بەپێی یاسا دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر سیستەمی بانکی عێراقی تەوتین بکرێن.
کامەران کەریم