ئێران بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی 20 لەسەد دەڕواتە پێشوازیی بایدن / حەسەن فەحس

(0) / / مقالە / ئێران ئەمریکا جۆ بایدن


Jan 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئێران ئەم ساتەوەختەی بۆ کەمکردنەوەی پابەندبوونی بە  بەڵێنەکانی هەڵبژارد تاکوو کاریگەری بکاتە سەر حکومەتی نوێی ئەمریکا بەڵکوو جۆ بایدن ناچار بە پێداچوونەوە بکات و هانی بدات  بۆ ئەوەی لە ۲۰_ی ژانوییەدا کە دەسەڵات دەگرێتە دەست گەمارۆکانی سەر ئیران لەپێشی بەرنامە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی بێت.
ڕاگەیاندنی بەرهەم هێنانی یۆرانیۆمی پیتاندراوی لەسەدا ۲۰ له دامەزراوەی  ئەتۆمی فۆردۆی ئێران و هەنگاونان بۆ دروستکردنی یەک هەزار ئامێری سانتریفیوژ له جۆری IR2 و IR6 و دانانیان لە دامەزراوەکانی فۆردۆ لە مانگەکانی داهاتوو، وادیارە هەنگاوێکی ئیران بێت  بە ئاراستەی " هەنگاوە ستراتیژییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانە" که پێشتر بووە هۆی ئاڵۆزی نێوان حکومەت و پەرلەمان بەشێوەیەک کە بووە هۆی ئەوەی که ئایەتوڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕش قسەی تێدا بکات.
زیادکردنی ئاستی پیتاندن لەگەڵ لێدوانەکانی دوو مانگ پێش ئێستای حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران یەکدەگرێتەوە کە باسی لە دوایین هەنگاو لە کۆ هەنگاوە پەسندکراوەکانی حکومەت و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بۆ کەمکردنەوەی پابەندییەکانی ئێران بە بەڵێنەکانی خۆی بەپێی ڕێککەوتنی ناوەکی، کرد. ئەم هەنگاوی دواییە بریتی بوو لە دوو قۆناغ: دانانی سانتریفیوژە پێشکەوتووەکان لە دامەزراوەکانی فۆردۆ لە قۆناغی یەکەم و تێکردنی غازی هگزافلۆرایدی یۆرانیۆم تێیدا له قۆناغی دووهەم. وادیارە ئێران لە سەرووبەندی ڕۆیشتنی ترەمپ لە کۆشکی سپی و هاتنی جۆ بایدن بۆ ئەم کۆشکە، دەستی بە هەنگاوی دووهەم کردووە.
ئێران ئەم ساتەوەختەی بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی هەڵبژارد تاکوو کاریگەری بکاتە سەر حکومەتی نوێی ئەمریکا بەڵکوو جۆ بایدن ناچار بە پێداچوونەوە بکات و هانی بدات بۆ ئەوەی لە ۲۰_ی ژانوییەدا که دەسەڵات دەگرێتە دەست گەمارۆکانی سەر ئیران لەپێشی بەرنامە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی بێت.بەتایبەت کە باس لەوە دەکرێت کە حکومەتی بایدن بەنیازە چارەسەر کردنی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ چین دا لە ئەولەویەتی یەکەمی بێت و دواتر بێتە سەر ئیران.
هەرچەشنە بەدواخستنێک لە هەڵدانەوەی کەیسی ئەم قەیرانە و هەڵدانەوەی ئەگەر و مەرجەکانی گەڕانەوە بۆ بەرجام، ئەو هەلە بۆ ئێران دەدات تاکوو لە مانگێکدا یۆرانیۆمە له سەدا ۲۰ پیتێندراوەکەی خۆی لە نێوان ۸ تاکوو ۹ کیلۆگرام زیاد بکات. هەروەها دانانی ئامێرە سانتریفیوژە نوێکان لە جۆری IR6 ئەو هەلە بۆ تاران دەڕەخسێنێت تاکوو پیتاندن لە ئاستێکی بەرزتر و بەخێراییەکی زۆرتر ئەنجام بدات.
ئەو گرژییە سەربازییانەی کە لە خولی دۆناڵد ترەمپ بەجێ ماوەتەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە لێواری تەقینەوە و ئیسرائیل لە بەرانبەر هەر هەنگاوێکی تاران بۆ بەسەربازی کردنی بەرنامە ناوەکییەکەی، دەستەوسان نابێت. لەبەر ئەمەش واشنتۆن ناچارە چارەسەر کردنی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێراندا بخاتە ئەولەویەتی بەرنامەکانی خۆی.
سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا دوو بژاردەی لەبەردەم دایە:
یان باسی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان بە بەرجام نیە، نەکات و بەتەنیا لەگەڵ تاران، بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی بەر لە دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام، دانوستان بکات کە ئەمەش دەسبەردار بوونی پیتاندنی لە سەدا ۲۰_یش دەگرێتەوە.یان ئەوەی پێداگیری لەسەر بابەتەکانی دیکە بکات و ئەمەش بەخێرایی ئێران بەرەو بەسەربازی کردنی بەرنامە ناوەکییەکەی دەبات و ئەگەری ئەوە دێتەئاراوە کە پێکدادانی سەربازی و شەر لەنێو ئەم دوو وڵاتەدا ڕووبدات.
سەرچاوە: ئیندیپێندێنتی عەرەبی

وەرگێڕان: زایەڵە