ئەردۆغان دەیەوێت بەشێكی كوردستان بخاتەسەر نەخشەی تورکیا

(0) / مقالە


May 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئارێز عەبدوڵا هۆشدایی دەدات و دەڵێت، دەبێت هەرێم و عێراق بزانن سوپای توركیا بێت ناگەڕێتەوە، دەشڵێت ئامانجی سەرەكی توركیا داگیركارییە و ئەردۆغان دەیەوێت بەشێكی باشوور بخاتەسەر نەخشەی توركیا، باس لەوەش دەكات، پەكەكەش لە ناوچەكە نەبوایە توركیا هەر هێرشی دەكرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، كاردانەوە دژی داگیركارییەكانی توركیا بەردەوامیی هەیە، لەم بارەیەوە ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و هۆشداریی دەداتە لایەنەكان و دەسەڵاتدارانی هەرێم و ناوەند.
ناوبراو وتی: توركیا دوو ئامانجی لەو هێرشانەدا هەیە، ئامانجی یەكەمی شەڕكردنە لەگەڵ گەریلاكان، بەڵام ئامانجی گەورەترو نهێنی بریتییە لە داگیركردنی خاكی هەرێمی كوردستان.
ئارێز عەبدوڵا ئاماژە بەوە دەكات، كە توركیا دەمێكە چاوی بڕیوەتە سنووری ویلایەتی كۆنی موسڵ، دەشڵێت: ئەگەر پەكەكەش لەم شوێنانە نەبوایە توركیا هەر هێرشی دەكردە سەر خاكی باشووری كوردستان، ئەمەش وەكو كارتێك لەدەستی خۆی دەهێڵێتەوە بۆ ئەو سەوداو مامەڵانەی لەداهاتوودا پێویستی پێی دەبێت.
سەبارەت بە بێدەنگی عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو داگیركارییە، ئارێز عەبدوڵا جەختیشكردەوە: پێموانییە بە بێ ڕەزامەندی عێراق یان ئەو وڵاتانەی كاریگەریان لەسەر عێراق هەیە توركیا ئەو هەنگاوانە بنێت، هەروەها لە هەرێمی  كوردستانیش ئەو لایەنانەی پەیوەندیان لەگەڵ پەكەكە لەئاستێكی خراپدایە ئەگەر هاوكاری توركیایان نەكردبێت لە پرۆسەی داگیركاریدا، ئەوا چاوپۆشیان لەو داگیركارییە كردووە.
پێشیوایە، ئەگەر ئێستاش هەرێم و عێراق زیان لەو داگیركارییە نەكەن بێگومان لە داهاتوودا زەرەرمەند دەبن، “چونكە ئەو سوپایەی كە دێت خاكی هەرێم داگیردەكات بە ئاسانی ناڕواتەوە و خاكی كوردستان چۆڵ ناكات، وەك چۆن ئەردۆغان دەڵێت ‘لە ساڵی ٢٠٢٣ دا نەخشەی توركیا گەورەتر دەبێت‌، كە مەبەستی ئەوەیە بەشێك لە خاكی كوردستان لەبەشی باشوور بخاتە سەر نەخشەی توركیا”.
ئارێز عەبدوڵا باسی لەوەشكرد، كە توركیا قازانجی لەوەدایە حكومەتی هەرێم لاوازبێت، وتیشی “دەبێت پەكەكەش ڕەچاوی بارودۆخی حكومەتی هەرێم و سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان بكات”.
ئارێز عەبدوڵا هۆشداریی جدییەتی ئەم داگیركارییەی داو داواشیكرد “لانیكەم یەكێتی، پەكەكە و پارتی لە یەك تێبگەن و مامەڵەیەكی باشتر لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا بكەن كە ڕووبەڕووی كوردستان دەبنەوە”.