داهاتووی زیدان لەگەڵ ریال مەدرید چی دەبێت؟

(0) / ورزش


May 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرەڕای ئەوەی لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، کە بۆ یاریی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو ئەنجامیدا ئامادەنەبوو هیچ قسەیەک لەبارەی داهاتووی خۆیەوە بکات، زینەدین زیدان، نزیکە لە بەجێهێشتنی یانەی ریال مەدرید.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە لە بەشی وەرزشی ڕووداو، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێری رابردوودا، هەواڵی رۆیشتنی زیدان لە یانەی ریال مەدرید میدیای ئیسپانیای تەنیوە، کە گوایە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا راهێنەرەکە یانەی شاهانە بەجێدەهێڵێت.
رۆژنامەی مارکای نزیک لە یانەی ریال مەدرید دەڵێت " دوای دۆڕانیان بەرامبەر یانەی چێڵسی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا، زیدان بە یاریزانەکانی گوتووە وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکە بەردەوامنابێت، بەر لە یارییەکەی بەرامبەر سێڤییاش هەمان شتی بە یاریزانەکانی راگەیاندووە، هەر بۆیەش بۆ کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش ئەو یارییە هەندێک لە کاتی خۆی دواکەوتووە".
بەپێی میدیای ئیسپانیا، چەند راهێنەرێک بۆ جێگرتنەوەی زیدان لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە بەربژێرن، دیارترین لەوانەش ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری پێشووی یانەی یوڤێنتوس، یواخیم لۆف، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و رائول گۆنزالێس، راهێنەری کاستیا مەدرید و ئەستێرەی پێشووی یانەکە، هەندێک سەرچاوە ناوی کارلۆ ئەنچیلۆتیش وەک یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ ئەو پۆستە دەهێنن.
ئالێگری نزیکترین بژاردەیە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە، بەوپێیەی سێ ساڵ لەمەوبەر فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانە ئیسپانییەکە داوای لەو راهێنەرە کرد بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت، بەڵام راهێنەرەکە بەهۆی ئەوەی راهێنەری یانەی یوڤێنتوس بوو رەتیکردەوە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام ئێستا راهێنەرەکە ماوەیەکی زۆرە لە ماڵەوەیە و پشوویەکی زۆری وەرگرتووە و بۆ تاقیکردنەوەی ئەو ئەزموونە ئامادەیە.
هەرچەند بەشێکی میدیای ئیسپانیا باس لەوەدەکات کە رائول دەبێتە راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید، بەڵام ئەو ئەزموونێکی وای نییە و ئەستەمە بتوانێت لەم بارودۆخە سەختەی کە یانەکە پێیدا تێدەپەڕێت سەرکردایەتی تیپەکە بکات.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، لە رکابەرییەکانی گەڕی 37ـی لالیگا، پرسیار لە بارەی داهاتووە لە زیدان کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی " من لێرەم، دوو یارییمان ماوە و نازانم لە داهاتوودا چی روودەدات".
پێشتر فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید رایگەیاندبوو، کە هەرگیز رۆژێک زیدان لە خەو هەڵناستێتەوە بڵێن تۆ لە یانەکە دوورخراویتەوە، رۆیشتنی زیدانیش لە کۆتایی وەرزدا لەسەر داوای راهێنەرەکە خۆی دەبێت.