لێبوردنى نێودەوڵەتى: دەزگاى پاراستنى پارتی بەشێوەی ھەڕەمەکی خەڵکیان گرتووە و بێسەروشوێنیان کردون

(0) / / راپورت / زایەڵە ئەمنستی پاراستن پارتی


Jun 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت دەزگاى پاراستنى پارتی بەشێوەی ھەڕەمەکی خەڵکیان گرتووە و شوێنبزریان کردوون.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، رێکخراوی ئەمنستی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتى خۆیدا رایگەیاند، ئاسایش و ھەواڵگریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان(ھێزەکانی پاراستن، ئاژانسی ھەواڵگریی پارتی دیموکراتیی کوردستان) بەشێوەی ھەرەمەکی خەڵکیان دەستبەسەر کردووە، تیایدا شەش کەس شوێنبزر کراون.
بەپێی ڕاپۆرت زایەڵە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی "ئەمنستی" راپۆرتی تایبەتی خۆی لە بارەی دەستگیراوانی بادینان بڵاوکردەوە و تیایدا بە وردی رەوشی دەستگیرکردنیان و ئازادی رادەربڕینی لە هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، لە رێگەی دەستگیرکردنی ھەرەمەکی و گێچەڵپێکردن دەستبەسەرکراون، هەربۆیە پێویستەدەستبەجێ ئەو دەستبەسەرکراوانە ئازاد بکەن.
لە بارەی دەستگیرکردن و بڕیاردان بە سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەوانەی کە پێشتر حوکمدراون لە دادگایی نادادپەروەرانە- بەھۆی بەشداریکردنییان لە خۆپیشاندانەکان یاخود کرداری پرۆفێشناڵانە یان چالاکی پەیوەست بە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.
هەروەها روونیکردوەتەوە، بەگوێرەی ئەو پارێزەر و کارمەندانەی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە لەنێوان مانگەکانی ئازاری ٢٠٢٠ و نیسانی ٢٠٢١، ھێزە ئەمنییە کوردییەکان تەنھا لە پارێزگای دھۆک زیاتر لە ١٠٠ کەسیان دەستگریکردووە، بەتایبەتی لە ناوچەی بادینان و باکووری خۆرئاوای پارێزگاکە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوەى خستووەتەڕوو، لەنێوان مانگەکانی شوبات و ئایاری ٢٠٢١، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی کەیسی١٤ کەسی لە بادینان تۆمارکرد کە سێ ڕۆژنامەوان و ١١ چالاکوانی سیاسیی و کۆمەڵگای مەدەنیی بوون، ھەموویان لەنێوان مانگەکانی ئاب و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دەستگیرکرابوون- وە بۆی دەرکەوت، کە لە ھەموو کەیسەکاندا ئاسایش و ھەواڵگریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان(ھێزەکانی پاراستن، ئاژانسی ھەواڵگریی پارتی دموکراتیی کوردستان)بەشێوەیەکی ھەرەمەکی خەڵکیان دەستبەسەر کردووە، کە شەشیان شوێنبزر کراون.
بەپێی ئەو راپۆرتە لە ھەموو ئەو ٢١ کەیسەی کە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی تۆماریکردووە بەمەبەستی ئامادەکردنی ئەم بەیاننامەیە، ھێزەکانی
ئاسایش ئەو کەسانەیان لە ماڵەوە یاخود لە شوێنی کاریان دەستگیرکردووە بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن یان ھەر پەیوەندییەکی فەرمی کە ھۆکاری دەستگریکردنەکە روون بکاتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەو کەسانەی کە بە دەستبەسەرکراوی مانەوە تەنیا رێگایان پێدرا لە ماوەی سێ رۆژ بۆ هەفتەیەک بەشێوەیەکی پچڕپچڕ پەیوەندیی بە خانەوادەکانیانەوە بکەن، کە ھەرشەش کەسەکە لە ژووری قەرەباڵغدا ھێڵراونەتەوە و خۆراکی کەمیان پێدراوە.
هاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەکردوە، یەکێک لە حاڵەتەکان، ھێزەکانی ئاسایش کەسێکیان بەتەواوی رووتکردەوەتەوە و وای لێکرا بەدرێژایی لێکۆڵینەوەکە بە رووتی بمێنێتەوە، ئەوەشی وتووە، پێشکەش نەکردنی پەڕاوی کەیسەکە لەکاتی گونجاودا بۆ ئەوەی پارێزەرەکان بەرگریی خۆیان ئامادە بکەن و خانەوادەکانیان رێگەیان پێنەدرا کە لە دانیشتنەکان ئامادە بن.
رێکخراوەکە هێمای ئەوە کردوە، ھیچ پارێزەرێکی کەیسەکان پێش دادگاییەکە فایلی کەیسەکانیان لەکاتی پێویست پێنەدرا تاوەکو بەرگرییەکی رێکوپێک ئامادە بکەن. لە راستیدا، لە ھەر پێنج کەیسەکە، پارێزەران چەند دەقیقەیەک پێش دادگایی بریکاری فایلەکانی ئەوانیان پێدراوە.
لە بارەی پشت بەستنی دادگا بە شایەتیدانی دوو شایەتحاڵ، راپۆرتێکی ئەمنستی دەڵێت، دادگاکە پشتی بە دوو شایەتی سەرەکی بەست، کە یەکێکیان ھەواڵپێدەرێکی نھێنی بووە. شایەحتاڵە نەناسراوەکە لە دادگا دەرنەکەوت، سەرەڕای داواکاریی پارێزەر و فەرمانی دادوەر. سەرەڕای ئەوەش، پارێزەری شێروان شێروانیی تەنھا یەک رۆژ پێش دادگاییەکە فایلەکانی کەیسەکەی پێدرا، کە کاتی گونجاوی بۆ نەمایەوە تاکو بەشێوەیەکی رێکوپێک بەرگرییەک ئامادە بکات.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەو باوەڕەدایە کە دەستگیرکردنی ھەڕەمەکی و دەستبەسەرکردن و شوێنبزرکردنی بەزۆرەملێ و دادگایکردن و هەڕەشەی دانپێدانان بە ترساندن و هەڕەشە لە چالاکوانان وەرگیراوە.
 رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی  لە عێراق، بەتایبەتی لە دھۆک، رێکخراوەکە چوار حاڵەتی ترساندنی ئەو کەسانەی تۆمارکردووە کە راستەوخۆ پەیوەندیدارن بە قوربانیەکانی دواین سەرکوتکارییەکانی دژی ئازادی رادەربرین لە دھۆک، لە رێگەی ھەڕەشەی زارەکیی لە دژی ئەندامانی خانەوادە یان ئەو پارێزەرانەی کە کار لە کەیسەکە دەکەن دانپێدانانیان لێ وەرگیراوە.
 راپۆرتەکەی ئەمنستی ئاماژەی بەوەداوە، کە ھەموو ئەو کەسانەی کە تۆمەتی ناسراویان ئاراستە کراوە تۆمەتبار کراون بەپێی یەکێک لەو سێ یاسایەی کە زمانی ناڕوون و فراوان لەخۆ دەگرن و رێگەدەدەن بە دادگاییکردن لەسەر کردارگەلێک کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی وەک تاوانی ناسراو سەیر ناکرێن.
دەشڵێت، زمانێک تا ئەو راددەیە لێڵە کە رێگە دەدا بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە دژی ئەو کەسانەی کە بە شێوەی ئاشتیانە رەخنە لە کارمەندانی حکومەت و دەزگاکان دەگرن. ماددەی ژمارە (٢) لە یاسای ھەرێمی کوردستان بۆ قەدەغەکردنی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن-یاسایەکی کێشەداری تر- ئەویش بەشێوەیەکی گشتگیرتر بەکارھێنرا بۆ تۆمەتبارکردنی کەسانێک لەبەرامبەر "خراپ بەکارھێنانی" ئامێری مۆبایل و ئیمەیڵ و ئینتەرنێت، لەژێر تۆمەتی ناڕوون و فراوان کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی وەکو تاوان نەناسێنراون.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی زۆر نموونەی بە ئامانجگرتن و گێچەڵ پێکردن و ھەڕەشە لێکردن و ترساندنی کەسەکانی تۆمارکردووە تەنھا لەبەرئەوەی بە مافی رەوای خۆیان ھەڵساون بە رەخنەگرتن لە دەسەڵات، تیایدا لە رێگەی جێبەجێکردنی وردی یاسا خراپ پێناسەکراوەکان بۆ لکاندنی بەھانەی بێ بنەما، تۆمەتی لێڵ و فراوان بە کەسەکان و بێبەشکردنیان لە مافەکانی دادگایی دادپەروەرانە و دەستەبەری یاسایی.
لە کۆتایی راسپاردەکان رێکخراوەکە داوادەکات، دەستبەجێ ئەو کەسانە ئازاد بکەن کە لە دەستبەسەرکردنی ھەرەمەکیی دا ماونەتەوە و ئەوانەی کە تاوانبار دەرچوون لە دادگاییە نادادپەروەرەکان، مەگەر بەشێوەیەکی راستگۆیانە بە تاوانێک تۆمەتبار بکرێن کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی بناسرێ.
لە بارەی پەنا بردن بۆ دادگای نێودەوڵەتی رێکخراوی ئەمنستی لە راپۆرتەکەیدا داوادەکات، ھەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی ھەموو ئەو کەسانە بھێننە بەردەم دادگا کە گومانلێکراون بە ھەبوونی بەرپرسیاریەتیی تاوانکاریی لە دەستبەسەرکردنە ھەڕەمەکییەکان و شوێنبزرکردنە زۆرەملێیەکان و ئەشکەنجەدان و تاوانەکانی دیکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی یان پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە دادگایی دادپەروەرانە لە دادگای مەدەنیی ئاسایی بەبێ پەنابردنە بەر سزای مەرگ.