ئەندامێكی تیمی کوردستانی عێراقی CPT ئاشکرایدەکات؛ لەدوو ساڵی ڕابردوی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا 11 کەس لەخۆپیشاندانەكاندا شەھیدبوونو نزیکەى 450 ڕۆژنامەوانو چالاکوان دەستگیرکراونو زیاتر لە55 ڕۆژنامەنوسیش ڕوبەڕوی دادگا کراونەتەوەو هەروەها، 20 ڕۆژنامەنوسو چالاكوان سزای زیندانیکردن دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، كامەران مەلا عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی CPT لە فەیسبوكی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ دوو ساڵی ڕابردوی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم كردوەو نوسیویەتی:"كابینەی نۆ لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕینو دەستدرێژییەکانی تورکیاو ئێران بۆ سەر سنورەکانی ھەرێمی کوردستاندایه".
لەبارەی ئازادی ڕادەربڕینەوە دهڵێت:"لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوی کابینەی نۆیەمدا، 11 کەس بەھۆی خۆپیشاندانو دەربڕینی ناڕەزایەتییەوە شەھیدبوون، زیاتر لە 235 کەسی دیكهش لەخۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەکاندا برینداربون.
بەپێی ئامارەكانی ئەندامەكەی تیمی کوردستانی عێراقی CPT، لەو دوو ساڵەدا، نزیکە 450 ڕۆژنامەوانو چالاکوان دەستگیرکراونو زیاتر له55 ڕۆژنامەنوس ڕوبەڕوی دادگا کراونەتەوە، زیاتر لە20 ڕۆژنامەنوسیش لەڕێگەی دادگاوە سزادراونو بەشێکیان بەسزای قورسی شهش ساڵ بۆ حهوت ساڵ زیندانیکردن سزادراون بەشێکیان داوای پێبژاردنی ملیۆنان دیناریان لێکراوە.
هەروەها ئهوهشى باسكردوه، زیاتر لە25 ڕۆژنامەوانو چالاکوان لەناوخۆی ھەرێمدا لەنێوان شارەکانی دھۆکو ھەولێرو سلێمانیدا ناچار بەجێھێشتنی شارەکانیان بوونو نزیکەی 20 ڕۆژنامەوانو چالاکوانیش ھەرێمی کوردستانیان بەرەو دەرەوەی وڵات بەجێھێشتووە.
سەبارەت بەهێرشو لەشكركێشیەكانی توركیاو ئێران باسی لەوەكردوە، تورکیا لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا، زیاتر لەهەزارو 350جار بۆردومانی ھەرێمی کردوەو ئێران زیاتر لە25 جاریش بۆردومانی ھەرێمی کردوە.
وەك ئەندامەكەی سی پی تی ئاماژەی پێكردوە، تورکیا لەدوو ساڵی ڕابردوی کابینەی نۆیەمدا، 14 بارەگای سەربازی نوێی لەخاکی ھەرێمی کوردستاندا بونیادناوەو لەھەردوو ناوچەی حەفتانینو دەڤەری بەرواری باڵا-ش، بەقوڵایی 12 بۆ ههشت کیلۆمەتر ھاتۆتە ناوەوە، 27 ھاوڵاتی مەدەنیش بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیاو دوو ھاوڵاتی مەدەنی بەھۆی تەقەی پاسدارانی یٔێرانهوه شەھیدبونو زیاتر لە45 گوندیش بەھۆی دەستدرێژییەکانی تورکیاوە بەتەواوی چۆڵبون.
دوێنێ، دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر دەستبەكاربونی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانیو بەو بۆنەیەوە سەرۆكی حكومەت ڕاگەیەنراوێكی لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتو بەربەستو ئاستەنگەكانی بەردەمیان بڵاوكردەوە.