ئازادی رادەربڕینی تاك و کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی زۆر ناهەموار و ترسناکدایە
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، کە ئامارو داتا تۆمارکراوەکانی ڕێکخراو و ناوەندەجیهانیەکان دەریدەخەن، ئازادی رادەربڕینی تاك و کاری رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی زۆر ناهەموار و ترسناکدایە، دەشڵێت" لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵ، (١٧٤) حاڵەتی پێشێلکاریی لەلایەن پارتی و یەکێتی ئەنجامدراوە".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" لەماوەی شەش مانگی ساڵی ٢٠٢١ (١٧٤) ڕووداوی پێشێلکاریی بەرانبەر رۆژنامەنوسان، چالاکوانان، خۆپێشاندەران، مامۆستایانی خۆپێشاندەر، پێشمەرگە، مامۆستایانی ئاینی و خەڵكی سڤیل وەك تیرۆرکردن، زیندانی کردن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، هەڕەشە و ترس و تۆقاندن لەهەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای مانگی یەك تا کۆتایی مانگی شەش لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراون بە جۆریك لە پارێزگای هەولێر ٥٤، سلێمانی ٩٩، دهۆك ٢١، هەروەها، کوشتن و تیرۆری سیاسی لە پارێزگای هەولێر یەك حاڵەت تۆمارکراوە".
ئەوەش هاتووە، هەردوو حزبی دەسەڵات یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد بە بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەکییان دەزانین لەم تیرۆرو ترس و تۆقاندن و پێشێلکارییانەی کە ئەنجامدەدرێن دژ بە هاونیشتیمانیان بەگشتی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەتایبەتی، هاوکات، ئامارو داتا تۆمارکراوەکانی ڕێکخراو و ناوەندەجیهانیەکان دەریدەخەن، ئازادی رادەربڕینی تاك و کاری رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی زۆر ناهەموار و ترسناکدایە.
دەقی ڕاپۆرتەکە:
لە شەش مانگی ئەمساڵ، (١٧٤) حاڵەتی پێشێلکاریی لەلایەن پارتی و یەکێتی ئەنجامدراوە
راپۆرتی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەناوەوەو دەرەوەی وڵات خۆبەخش و بێلایەن و پیشەییانە کاردەکات لەسەر تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان و بەدواداچون دەکات لەسەر تەواوی پێشێلکارییەکان و ناوەندە جیهانیەکانی لێ ئاگاداردەکاتەوە بەتایبەت تیرۆرە سیاسیەکان کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدەدرێت و هەوڵدەدات (کەس و لایەنی سیاسی) ئەنجامدەر ئاشکرابکات بۆ ڕای گشتی.
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەواوی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان پۆڵێن دەکات بۆ دووجۆر: راستەوخۆ و ناراستەوخۆ. جۆری یەکەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ دەسەڵات لێی بەرپرسەو ئەنجامی دەدات نمونەی تیرۆری سیاسی و تەقەکردن لەخۆپێشاندەران...هتد. جۆری دووەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ناراستەوخۆ بەرپرسیار دەبێت وەکو خۆکوشتن بەهۆی هەژاری و کوشتنی ژنان و گیان لەدەستدانی هاونیشتیمانیان لەڕێگەی هەندەران...هتد.
لەم راپۆرتەدا، ١٧ی شوبات تەنها جۆری یەکەمی تۆمار کردووە کە بریتین لە ( ١٧٤ ) ڕووداوی پێشێلکاریی بەرانبەر رۆژنامەنوسان، چالاکوانان، خۆپێشاندەران، مامۆستایانی خۆپێشاندەر، پێشمەرگە، مامۆستایانی ئاینی و خەڵكی سڤیل وەك تیرۆرکردن، زیندانی کردن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، هەڕەشە و ترس و تۆقاندن لەهەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای مانگی یەك تا کۆتایی مانگی شەش لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراون بە جۆریك لە پارێزگای هەولێر ٥٤، سلێمانی ٩٩، دهۆك ٢١. هەروەها، کوشتن و تیرۆری سیاسی لە پارێزگای هەولێر یەك حاڵەت تۆمارکراوە.
مانگی یەك:
٦/١ لە هەولێر، لەناو هۆڵی پارلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەندام پەرلەمانی نەوەی نوێ (سیپان ئامێدی) لەلایەن ژمارەیەک پارلەمانتاری پارتی هێرشکرایە سەری و زامدار کرا.
٧/١ لە دهۆک، مامۆستا و چالاکوان (عەبدولحەمید مەندانی) لەلایەن هێزئەمنیەکانی پارتی دەستگیرکرا و دوای چەند کاتژمێرێک ئازادکرا.
١١/١ لە کەلار، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکەی ئەو شارە بەناوی (ڕێبین عەبدولکەریم) دوای تێپەڕبوونی مانگێک لە زیندانیکردنی ئازادکرا.
١٣/١ لە هەولێر، دانیشتوویەکی کامپی مەخمور بەناوی (مەتین ئادوگت) لە زیندانی پارتی بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
١٩/١ لە هەولێر، هێرشکرایە سەر چالاکوان (هاوڕێ کوردی) و بە چەقۆ بریندارکرا، ئەگەرچی سکاڵای تۆماکردووە بەلام تائێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەم هێرشکردنە دەستگیرنەکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشووتر چەندین جار هەرەشەی لێدان و کوشتنی لێکرابوو،
٢٧/١ لە شیلادزێ، رۆژنامەوان (قەهرەمان شوکری) کوڕی شەهید شوکری ڕێکانی لەماڵەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی دڕندانە رفێندراو هاوکات ئەشکەنجەیەکی زۆری ئەندامانی خێزانەکەیاندا و لەکۆتایی مانگی شەش لە دادگایەکی نهێنیدا سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بێ ئەوەی بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات و بەبێ بوونی پارێزەر و ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکەی.
٢٩/١ لە هەولێر، هاوڵاتییەک بەناوی (هیوا سالار) وەک نارەزایەتییەک دژی بەحزبی کردنی وتاری هەینی چالاکیەکی نمونەیی ئەنجامدا بە راتەکاندنی بەرماڵ لەبەرانبەر ئەو ستایش و پیاهەڵدانەی کە مامۆستا ئاینیەکە بەناوی (مامۆستا رەعد) لەوتاری هەینی بۆ مسعود بارزانی و سەرانی هەرێمی کوردستان کردی. ئێوارەی هەمان رۆژ، ئەو هاوڵاتیە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی دەستگیرکرا و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدا گرتەیەکی ڤیدیۆییان پێ بڵاوکردەوە کە داوای لێبووردن بکات، دوای چەند رۆژێک ئازادکرا.
مانگی دوو:
٧/٢ لە هەولێر، ژمارەیەک لە کەسوکاری گیراوانی بادینان کە هەوڵیاندا لەبەردەم نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان گردبوونەوەی نارەزایی ئەنجام بدەن و داوای ئازادکردنی کوڕەکانیان بکەن لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی دەستگیرکران، هاوکات، ژمارەیەکی دیکە لە کەسوکاریان کە لەدەرەوەی هەولێرەوە هاتبوون لە بازگەیەکی پارتی ڕێگریان لێکرا کە برۆنە ناو شاری هەولێر.
٨/٢ لە هەولێر، کادیرێکی پارتی بەناوی (ئیسماعیل عومەر مەنتک) بەهۆی نوسینی کۆمێنتێکی ڕەخنەیی لە حکومەتی هەرێم دەستگیردەکرێت و تائێستا ئازادنەکراوە.
١٠/٢ لە سیدەکان، پارتی ڕێگریکرد لە کردنەوەی کتێبخانەیەک لە دەڤەرەکە کە لەلایەن (سیهاد یاسین حوسێن) بنیات نرابوو.
١١/٢ لە زاخۆ، ئاسایشی پارتی ئەندامێکی یەکێتی بەناوی (نەزیر بەرواری) دەستگیردەکات بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە پەکەکە.
١٠/٢ لە هەولێر، ئاسایشی پارتی ئەندامێکی هەدەپەی بەناوی (نیعمەت گونەش) دەستگیرکرد.
١٣/٢ ئەندامی تەڤگەری ئازادی ( هەڤاڵ تەحسین ) لەناو زینداندا هەوڵی ژەهرخواردنی درا کە ماوەی ٨ مانگە بەبێ دادگاییکردن لە زیندانی پارتیدایە.
١٦/٢ لەدادگای ٢ی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر هەریەک لە رۆژنامەوان و چالاکوانی دیاری بادینان سەپێندرا بەناوەکانی (شێروان شیروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید، هاریوان عیسا).
٢١/٢ پەیوەست بە دۆسیەی گیراوانی بادینان، چوار رۆژنامەوان و چالاکوانی دیکەی بادینان بەناوەکانی (دیفاع هەرکی، جەلال شیلادزێ، قەیدار حسێن، ئەیهان سەعید) فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو، بەلام هەرزوو بەرەو سلێمانی دەڤەری بادینانیان جێهێشت،
٢٤/٢ ژمارەیەک هەڵسوراوی گۆڕان، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگاکانی هەولێر و دهۆک بۆ دەرچوو.
٢٦/٢ لە سلێمانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (د. غالب محەمەد) لەلایەن کادیرێکی پاراستنی پارتی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا درایە بەر چەقۆ و بەسەختی برینداربوو، ئەگەرچی کەسی تاوانبار دەستگیرکرا. بەڵام، دواتر بە فشاری پارتی ئازادکرا تائێستا تاوانباران بە ئازادانە دەسوڕێنەوە.
مانگی سێ:
١٠/٣ لە هەولێر، جارێکی تر ڕێگریکرا لە تیمی پارێزەرە خۆبەخشەکانی گیراوانی بادینان کە داوای دیداریان کردبوو لە دادگای ئەو شارە .
١٦/٣ لە هەڵەبجە، خاتوو کەلسوم چالاکوانی دیاری شارەکە، لەساڵرۆژی کیمیابارانی هەلەبجە چالاکی مەدەنی ئەنجامدا بە لابردنی فەڕشی سوری لەژێر پێی بەرپرسان و دواتر رێگری لێکراو و لەسەر ئەو چالاکیەی هەڕەشەی لێکرا.
لە هەمان رۆژ، لەناو هۆڵی پارلەمانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پارلەمانتاری یەکێتی هێرشیان کردە سەر پارلەمانتار خاتوو (شیرین کاوە گەرمیانی) لەبەرانبەر ئەو رەخنانەنی لەدانیشتنەکەی پارلەماندا ئاراستەی یەکێتی و دوو حزبی دەسەڵاتداری کرد.
١٨/٣ لە سیدەکان، ژمارەیەک رۆژنامەوان و پەیامنێری کەناڵەکانی راگەیاندن لەلایەن هێزێکی ئەمنی پارتی ڕێگریان لێکرا کە بەمەبەستی ڕوماڵکردنی ڕێگریکردنی پارتی لەکردنەوەی کتێبخانەیەکی گوندی (دەرهۆڵ) بۆ سیدەکان بەڕێکەوتبوون.
بەلام، هەریەک لە پەیامنێران (عەبدۆ روستایی لە ئێن ئاڕ تی)، (زۆسک باڵەک لە تۆڕی میدیایی ژیان)، (ئازاد ئۆمەراوەیی لە کەناڵی پەیام)، (یونس حەمەد، لە سپێدە) لەلایەن بازگەی ئاسایشی ناحیەکە ڕێگریان لێکرا.
لە هەمان رۆژ، لە شاری سلێمانی خۆپێشاندانێکی بەرفراوانی خوێندکاران بەڕێوەچوو بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی بە فیشەك وەڵامدرانەوەو ژمارەیەک خوێندکار ئەشكەنجەدراون و برینداربوون.
٢٥/٣ لە سۆران، رۆژنامەوان و پەیامنیری کەناڵی ئێن ئاڕ تی (عەبدۆ روستایی) هەڕەشەکانی سەری لەلایەن پارتی و دەسەڵاتی ناوچەکە زیاتر و جدی تربوون بۆ ڕێگریکردنی کارە رۆژنامەوانیەکانی.
مانگی چوار:
٨/٤ لە حاجی ئۆمەران، هێزی پشتیوانی یەک بەسەرپەرشتی سیهاد بارزانی لە کوێستانەکانی بۆڵیان و ناوچەکە جێگیرکراوە و ڕێگەنادەن بە جوتیاران و هاوڵاتیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکەکانیان.
١٢/٤ لە دهۆک، چالاکوان (جاسم هاشم) دوای دووجار دادگاییکردنی سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بەڵام دواتر سزاکەی بۆ گۆڕدراو بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا.
٢١/٤ لە ڕانیە، برایەکی چالاکی سیاسی (محـەمەد شاوری) هەڕەشەی تەقاندنەوەی ماڵەکەی لێدەکرێت لەکاتێکدا شەوی ١٤ی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠ بە بۆمبی دەستی هێرشکرایە سەر ماڵی ئەو چالاکوانە سیاسیە تائێستاش هیچ کەسێک لەسەر ئەم تاوانە دەستگیرنەکراوە.
٢٣/٤ لە بادینان، ئاسایشی پارتی لە ناحیەی باتیڤای سەر بە پارێزگای دهۆک، شەش هاوڵاتی دەستگیرکرد کە دوان لەو دەستگیرکراوانە کوڕ و باوکێک بوون بەناوەکانی (ڕەمەزان عومەر) و (سامی رەمەزان) جگە لە ئەوانی دیکە دوای رۆژێك ئازادکران.
٢٥/٤ لە سلێمانی، رۆژنامەوان و پەیامنێری فورات نیوز (ڕێباز حەسەن) لەکاتی رووماڵکردنی خۆپێشاندانێک دژی داگیرکاریەکانی تورکیا لەلایەن ئاسایشی یەکێتی دەستگیرکرا و. لەهەمان کاتدا، زیاتر لە پەنجا بەشداربووی ئەو خۆپیشاندانە دەستگیرکران و دوای چەند رۆژێک ئازادکرا.
٢٧/٤ لە کۆیە، ئاسایشی یەکێتی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر پەیامنیران (هەژار ڕەشید) لە رۆژنیوز و (خالید محەمەد) لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەستگیردەکات و سوکایەتیان پێدەکات کە بۆ روماڵکردنی رووداوێکی هاتووچۆ گەیشتبوونە تۆپزاوا. وێڕای سوکایەتی پێکردنیان بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی دەستگیرکردنیان ئازادیان دەکەن.
مانگی پێنج:
٢/٥ ڕێگری لە ژمارەیەک رۆژنامەوانی دەزگاکانی راگەیاندن کرا کە روماڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بکەن.
٣/٥ لە هەولێر، دووجار هەوڵی کوشتن و تیرۆرکردنی چالاکوان و رەخنەگر (ئومێد ئەحمەد) دەدرێت و دەست و قاچی راستی بریندار دەبێت.
لەهەمان رۆژدا لە رانیە، چالاکوان و رەخنەگر (کارۆخ عوسمان) دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی هەوڵی دەستگیرکردنی دەدرێت. دواتر، خۆی دەگەیەنێتە سنوری شاری رانیە و هێزێکی یەکێتی دەستگیری دەکات.
٤/٥ لە سنوری ئیدارەی راپەرین، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو هەڵدەکوترێتە سەر ماڵی (محمد رەسول) و تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو کەیسەوە لەلایەن لایەنەپەیوەندیدارەکان رانەگەیەندراوە.
لە هەمان رۆژ و لە سلێمانی، تیمی دیبلۆماتیک مەگەزین (بەشدار بازیانی و ستافەکەی) بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەستبەسەر دەکرێن لە ئۆفیسەکەی خۆی.
١٦/٥ لە سلێمانی، سەرنوسەری دەزگای میدیایی دیبلۆماتیک مەگەزین (هێمن باقر) لەلایەن هێزەئەمنیەکان دەستگیرکرا و دواتر بەکەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازادکرا.
لە هەمان رۆژ، رۆژنامەوان ئومێد محـمد صاڵح، بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دەستبەسەر دەکرێت دوای ئەوەی لەسەر نوسینێکی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەلایەن بەرپرسێكی ئیداری سلێمانی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت.
١٨/٥ لە ئاکرێ، مامۆستایەکی وانەبێژ بەناوی (هەڤاڵ زێباری) لەسەر نوسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کە خەمخۆری بۆ پێشمەرگە دەربڕی بوو، دوور دەخرێتەوە و ڕێگەنادەن چیتر لە قوتابخانە وانە بڵێتەوە.
لە هەمان رۆژ، پارتی هەڕەشە لە ژمارەیەک مامۆستای وانەبێژ کرد گەر خۆپێشاندان و گردبوونەوەی نارەزایەتی بۆ مافەکانیان ئەنجام بدەن.
٢١/٥ لە سلێمانی، پاراستنی پارتی لەڕێگەی کەسێکەوە هەوڵی ژەهرخواردنی جەوهەر ئاغا و ئەندامانی ئەو ماڵباتەی دا و دواتر بکەری تاوانەکە دانی پێدانا کە لەلایەن پاراستنی پارتی راسپێردراوە.
٢٦/٥ لە سیدەکان، ئاسایشی پارتی دوو گەنج بەناوەکانی (خالید ڕەشید) و (سەلام بوڕهان) دەستگیردەکات بەتۆمەتی ئەوەی کە گومانیان لێکردوون کە پێڵاویان کڕی بێت بۆ گەریلاکانی پەکەکە لەکاتێكدا پێڵاوەکانیان بۆ دوکانی خۆیان کڕی بوو . دوای پێنج رۆژ لە زیندانیکردنیان ئازادکران.
٣١/٥ لە سلێمانی، ئاسایشی یەکێتی (دکتۆرە باخان ئازاد) دەرفێنێت لەسەر ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، دوای سێ رۆژ لە زیندانیکردنی ئازادکرا. هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ ئاشكراکردنی ئەو گەندەڵییانە دەگەڕێتەوە کە لەکەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا هەیە.
مانگی شەش:
٤/٦ لە ڕانیە، مامۆستای ئاینی (تارق شاخەوان) وتارخوێنی مزگەوتی ڕاپەڕین پێشنوێژی کردنی لێقەدەغەکراو لە وتاردان دوورخرایەوە.
٥/٦ لە سلێمانی، بەهۆی هەڕەشەکانی ئاسایشی یەکێتی (دکتۆرە باخان ئازاد) ناچارکرا سلێمانی بەرەو هەولێر جێبهێڵێت. دوای چەند هەفتەیەک گەرایەوە شاری سلێمانی.
٨/٦ لە هەولێر، گەنجێکی ١٥ساڵان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی دەکوژرێت و تائیستا روون نەبۆتەوە هۆکاری کوشتنەکەی چی بووە و راپۆرتی پزیشکی نەدراوەتەوە بە کەسوکارەکەی. هاوکات، هەڕەشە لەکەسوکارەکەی دەکەن کە نابێت لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی کوشتنەکەی بکەن.
١٠/٦ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، مستەفا عوسمان، نوێنەری پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، جیهاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوبەری دیموکراتی لە هەولێر و مستەفا عەزیز ئەندامی پەیەدە لە هەولێر، دەستگیرکران و تائێستا ئازادنەکراون.
١٢/٦ لە بادینان، ژنە ڕەخنەگر و چالاکی سیاسی (گەلاوێژ حەمزی سەلیم) هەڕەشەی لێکرا دوای ئەوەی لە چاوپێککەوتنێكیدا وەک کچی پێشمەرگەیەکی پارتی ئاماژەی بەوەکرد کە چیتر باوکی بە شەهید نازانێت کە لە شەڕی براکوژیدا گیانی لەدەستداوە.
لەهەمان رۆژدا، لە فرۆکەخانەی هەولێر، ژمارەیەک لە ئەندام پارلەمانی ئەوروپا و چالاکوانانی ناوەندەجیهانیەکان لەلایەن هێزەئەمنیەکانی پارتی ڕێگریان لێکرا بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان کە ئامانج لە هاتنیان ڕێگری بوو لە داگیرکاریەکانی تورکیا و شەڕی براکوژی.
١٤/٦ لە هەولێر، هێزە ئەمنیەکانی پارتی ڕێگریانکرد لە کۆمەڵێک چالاکوانی نێودەوڵەتی کە لەبەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان نارەزایەتی دەرببڕن دژ بە داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان.
١٥/٦ لە هەولێر، هێزە ئەمنیەکانی پارتی هێرشیانکردە سەر خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین کە گردبوونەوەیەکی نارەزایەتیان ئەنجامدابوو.
١٦/٦ سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی بەستنی کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەرکرد بۆ تیمی پارێزەرانی گیراوان و سزادراوانی بادینان.
١٧/٦ لە دهۆک، مامۆستا و چالاکوان (عەبدولحەمید مەندانی) لەلایەن ئاسایشی پارتی بانگهێشتکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا. پاش چەند کاتژمێرێک ئازادکرا.
٢١/٦ لە سلێمانی، بەهۆی پرسیارکردنی ناسنامە لە کچێکی شێخ جەعفەر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گرژی و تەقەکردن دەکەوێتە نێوان دوو هێزی یەکێتی و بەهۆیەوە ٩ کەس برینداربوون.
٢٢/٦ چالاکوان و رۆژنامەوانی بادینان (ئومێد حاجی بەروشكی)، سزای ساڵێک زیندانی و ٢٤٠هەزار دیناری عێراقی بەسەردا سەپا لەسەر سێ دۆسیە و رۆژی ٢٩ی تەموز لەگەڵ مامۆستا بەدەل بەرواری دانیشتنی دادگایی بەڕێوەدەچێت و سێ دۆسیەی دیکەی لەسەر کراوەتەوە.
٢٨/٦ لە گەرمیان، ئاسایشی یەکێتی شەش هاوڵاتی ناحیەی قۆرەتوو دەستگیردەکات بەهۆکاری ئەوەی بەشداریانکردووە لەگردبوونەوەیەکی نارەزایەتی لەبەردەم کێڵگەیەکی نەوتدا دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان.
لەهەمان رۆژ، (د. سازان ئیبراهیم) بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان سکاڵای لەسەر ٢٨ کەس تۆمارکرد کە کۆمێنت و پۆستیان لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک کردبوو لەسەر گواستنەوەی دکتۆرێكی پسپۆر لەو شارەو کەموکوڕیەکانی کەرتی تەندروستی لەوانە چالاکوان (فەرمان عەبدولڕەحمان)، (بەمۆ عەلی) و (محـمد تاهیر).
هەر لەهەمان رۆژدا، ئاسایشی پارتی لە هەولێر ڕێگری لە تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان مامۆستا بەدەل بەرواری کرد کە چاویان پێی بکەوێت.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەناویدا ، لە لیستی ڕەشدایە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەگوێرەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوری نێودەوڵەتی. و ڕیزبەندی ١٦٣مین ولاتی گرتووە لەکۆی ١٨٠ ولاتی جیهان لە خراپی رەوشی کاری رۆژنامەگەریی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. هەروەها، بەپێی ڕیزبەندی فریدەم هاوس ئازادی نیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
لەکۆتاییدا، ئێمە وەك ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنین:
هەردوو حزبی دەسەڵات یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد بە بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەکییان دەزانین لەم تیرۆرو ترس و تۆقاندن و پێشێلکارییانەی کە ئەنجامدەدرێن دژ بە هاونیشتیمانیان بەگشتی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەتایبەتی. هاوکات، ئامارو داتا تۆمارکراوەکانی ڕێکخراو و ناوەندەجیهانیەکان دەریدەخەن، ئازادی رادەربڕینی تاك و کاری رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی زۆر ناهەموار و ترسناکدایە.
١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ
١١ی ٧ی ٢٠٢١
تێبينيێك بنێرە: