تورکیا، رەگەزپەرستی و تیرۆریزمی دەوڵەت! /  ئارێز عەبدوڵلا

(0) / / مقالە / کۆنیا زایەڵە ئارێز عەبدوڵلا تورکیا رەگەز پەرستی


Aug 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

کوشتنی حەوت کەسی خێزانێکی کورد لە پارێزگای کۆنیا و پاساوەکانی سلێمان سۆیلۆی وەزیری ناوخۆ دوو شتمان بۆ دەردەخەن:
١- بەهۆی سیاسەتی چەوتی دەوڵەتی تورکیا تا دێ رەگەز پەرستی و دژایەتی کردنی کورد برەو دەسەنێ.
٢- ئەو هەڵوێستەی حکومەت و هەڵوێستەکانی تریشی بەرامبەر بە نەتەوەی کورد بە گشتی و باکور بە تایبەتی تیرۆریزمی دەوڵەتە.
کارکردنی دەوڵەت لەسەر تورکچێیتی و ئینکارکردنی مافی گەلانی تر ئەو وڵاتەی دابەشکردۆتە سەر دوو جەمسەر:
- جەمسەرێک لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا بەرگری لە بوون و مافەکانی خۆی دەکا.
- جەمسەرێکی دی لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی دەوڵەت و حزب و رێکخراوە رەگەزپەرستەکانی ناو کۆمەڵ بەزەبری هێز و توانای دەوڵەت ڕووبەڕووی جەمسەری یەکەم دەبێتەوە.
کوشتنی حەوت کەسی بێتاوانی بنەماڵەیەکی کورد نە یەکەم ڕووداوە و نە دوا ڕووداویش دەبێ، چونکە دەوڵەتی تورک بە درێژایی سەد ساڵ لەسەر ئەو ئایدۆلۆژیەتە دژە مرۆڤایەتیە کاری کردوە و دەیکا و حکومەتی ئاکەپە هەژمونە ئایینیەکەشی تێکەڵ کردوە، بۆیە مەترسی لەناوبردن و دەربەدەر کردنی کورد تا دێ گەورەتر دەبێ.
تورکیا بەحوکمی پێگە جیۆ - سیاسیە گرنگەکەی توانیویەتی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بە پاساوی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریزم لەبەر چاوی جیهان تیرۆریزمی دەوڵەت پەیڕەو بکا و تا ئێستاش کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لێ بێدەنگ بکا.
کاتێک ئاک پارتی دەسەڵاتی وەرگرت، ئومێدێکی زۆر گەورەی نیشانی گەلانی تورکیادا، بەوەی کە بەرێگای ئاشتی چارەسەری کێشەی کورد دەکا و بەو هۆیەشەوە تورکیا لە هەموو ئاستەکان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە دەبا، هەر ئەوەنا تەنانەت باس لەوەش دەکرا، کە نمونەی دەسەڵاتێکی مەدەنی ئیسلامی وەکو تورکیا بکرێتە مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی رۆژهەڵات، بەڵام دوای ئەوەی کە ئەو پارتە نەژاد پەرستە ئیسلامییە جێ پێی خۆی قایم کرد لە هەموو پارتە سیکولاریست و رژێمە عەسکریەکانی رابردوو و بەشێوازی جۆراوجۆر و توندتر ڕووبەڕووی خواستەکانی گەلی کورد بوەوە. کەواتە ئێستا نەک هەر هیچ چاوەڕانیەکی باش لە حکومەتی ئاک پارتی ناکرێ، بەڵکو مەترسی زاڵبوونی رێکخراو و تاقم و گروپە شۆڤینستەکان دەکرێ و ئەو کاتیش نەک هەر ماڵباتێک، بەڵکو دەیان ماڵباتی تر دەبنە قوربانی.
بەهێز بوونی تاقم و گرپە رەگەزپەرستەکان و سیاسەتە رەسمیەکانی دەوڵەتی تورک جێگای هەڵوستە لەسەر کردنن، نەک تەنیا لە ناوەخۆی تورکیا، بەڵکو لە وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت جیهانیش، چونکە تاوان و کردەوەکانی ناوەخۆ و سیاسەتە دەرەکیەکانی تورکیا بەڵگە و ئاماژەی مەترسیەکی زۆر گەورەن.