بافڵ تاڵەبانی: رێگەنادرێت هێزەکانی یەکێتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێندرێن

(0) / اخبار


Aug 02, 2021

قەبارەی فۆنت:

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازی لە  کۆڵۆنێل ئەشیڵ، لێپرسراوی هێزەکانی فەرەنسا لە عێراق و سووریا و کۆڵۆنێڵ فرانچ، جێگرەوەی داهاتووی کرد. باسی دۆخی نێوخۆیی حیزبەکەی کردووە و گوتوویەتی، "بەهیچ شێوەیەک رێگەنادرێت هێزەکانی یەکێتی بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێندرێن."

  بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە لە راگەیێندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی بافڵ تاڵەبانی کە لە هەژماری خۆی بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی و میوانەکانی "پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان به‌گشتی، هاوئاهەنگی و هاریکاریی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانانیان" تاوتوێکردووە.

 کۆڵۆنێل ئەشیڵ، لێپرسراوی هێزەکانی فەرەنسا لە عێراق و سووریا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە. هاوکات کۆڵۆنێڵ فرانچ، جێگرەوەی داهاتووی ناساندووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوپاسی یەکێتی کرد لە بەرامبەر هاوکاری و پشتگیری بەردەوامی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەشداریی کاریگەریان لە جەنگی سەرکەوتن بەسەر داعشدا."

بافڵ تاڵەبانی باسی دۆخی نێوخۆیی حیزبەکەی بۆ میوانەکانی کردووە، گوتوویەتی، "لەمەودوا رێڕەوی رێکخراوەیی بەڕێگایەکی تەندروستدا تێدەپەڕێت و بەهیچ شێوەیەک رێگەنادرێت هێزەکانی یەکێتی کە هێزی نیشتمانی و جێی متمانەی هەموولایەکن بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێنرێت."

 بە گوتەی بافڵ تاڵەبانی، هێزەکانی یەکێتی "دەبێت لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و رێنماییەکاندا ئەرکە سەربازییەکانیان رابپەڕێنن و کارەکانیان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا بێت. لەو چوارچێوەیەشدا هاوکاریی زیاتری هێزەکانی هاوپەیمانان دەبین لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا."