نووسینێکی سۆران عومه‌ر سەبارەت بە بەشداریی ئێران لە پاراستنی مه‌خمور/ دوو سەربازی ئێران گیانیان بەخت کرد

(0) / / مقالە / زایەڵە سۆران عومه‌ر داعش ھەولێر


Jan 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت "ئەو شەوەی داعش لە ھەولێر نزیک بویەوەو خەڵک ھەڵدەھات مەترسی حەقیقی لەسەر دھۆک بوو".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سۆران عومه‌ر له ‌نوسینێكدا كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت "ئەو شەوەی داعش لەھەولێر نزیک بویەوەو خەڵک ھەڵدەھات مەترسی حەقیقی لەسەر دھۆک بوو، ئێمە شاندێکی پەرلەمان لەدھۆک بوین، ئێوارەکەی لەشێخان خەڵک ھەڵدەھات، سەردانی بابەشێخمان کرد لەوێ کاک جەعفەر ئیمنکی گلەیی کرد، وتی: بابەشێخ کاک مەسعودتان نیگەران کردوە کەسەردانی کردون بۆ دڵنەوایی شه‌نگال گەنجەکانتان بەردیان بەسەیارەکەیدا داوە"
سۆران عومه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، "پەکەکە بەپێ دابەزیە ناو مەخمور، پاشان ھێزەکانی یەکێتی دواتر پارتی دابەزینە ناو مەخمور، پاش چونە ناو مەخمور داعش بۆردومانی ناو مەخموری کرد، لەوێ دوو سەربازی ئێرانی بەرکەوتن و گیانیان لەدەس دا، یەکێتیش بەھەمان شێوە کەسێکیان بەر بۆردومانەکە کەوت و گیانی لەدەست دا".
ده‌قی نوسینه‌كه‌ی سۆران عومه‌ر
ئەو شەوە دھۆک زیاتر لەمەترسیدا بوو
- ئەو شەوەی داعش لەھەولێر نزیک بویەوەو خەڵک ھەڵدەھات مەترسی حەقیقی لەسەر دھۆک بوو، ئێمە شاندێکی پەرلەمان لەدھۆک بوین، ئێوارەکەی لەشێخان خەڵک ھەڵدەھات، سەردانی بابەشێخمان کرد لەوێ کاک جەعفەر ئیمنکی گلەیی کرد، وتی: بابەشێخ کاک مەسعودتان نیگەران کردوە کەسەردانی کردون بۆ دڵنەوایی شه‌نگال گەنجەکانتان بەردیان بەسەیارەکەیدا داوە!
- دواتر لەگەڵ پارێزگاری دھۆک و بەڕێوەبەری پۆلیس و ئیدارەی شێخان چوین بەناو بازاڕ بەپێ گەڕاین بۆ بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک، بەڵام مەترسی داعش جدی بوو لەسەر دھۆک، بەڵام ئێعلان نەکرا.
- لەنوسینگەی دھۆکی پەرلەمان بوین شەو کاک جەعفەر ئیمنکی وتی کاک مەسعود پەیوەندی کردوە ئەبێ بڕۆم، سەعات ٤ ی بەیانی کەمەترسیەکە لەسەر دھۆک دورخرایەوە خەڵک ھاتە سەرشەقام و ئاھەنگیان کرد، دواتر کاک جەعفەر باسیکرد؛ داعش بەتەواوی نزیک بۆتەوە لەدھۆک، بارزانی داوای لێکردوە چییان پێ ئەکرێ بیکەن ئەگەر نا خۆی دێت، وتی عەزیز وەیسی فەرماندەی زێرەڤانی لەوێ بوو پێشمەرگە شکابوون ھەڵدەھاتن پێشیان لێگرتون و وتویانە ھەرکەس ھەڵبێ ئەیکوژین تاکو ھێزەکانیان گرتۆتەوەو بەریان بەگرتنی دھۆک گرت.
- کەڕۆژ بویەوە گەڕاینەوە ھەولێر، داوایانکرد بچینە ئیسکان بەپێ بگەڕێین تا ورەی خەڵک بەرزبێتەوە.
- ڕۆژی دواتر مەخمور گیرابوو سەردانی ھێزەکانی پێشمەرگەمان کرد، لەبەرزایی پێش داخڵ بوون بەمەخمور خۆبەخشێکی زۆری لێبوو ھێزەکانی یەکێتی و پەکەکە لەلای چەپی مەخمورەوە بەراجیمە بۆردومانی ناو مەخموریان دەکرد، سەردانمان کردن.
- ھێزەکانی پارتی لەلای راستەوە بوون سەردانمان کردن برایەکی کاک عەلی حسێنی لێ بوو، لەپشتی بارەگاکەوە سەنگەر ڕوەو مەخمور لێدرابوو ئەیڕوانی بەسەر مەخموردا، کەچوین ئێرانیەکان لەوێ بوون بۆردومانی داعشیان دەکرد.
- لەوکاتەدا پەکەکە بەپێ دابەزیە ناو مەخمور، پاشان ھێزەکانی یەکێتی دواتر پارتی دابەزینە ناو مەخمور، پاش چونە ناو مەخمور داعش بۆردومانی ناو مەخموری کرد، لەوێ دوو سەربازی ئێرانی بەرکەوتن و گیانیان لەدەس دا، یەکێتیش بەھەمان شێوە کەسێکیان بەر بۆردومانەکە کەوت و گیانی لەدەست دا.
کۆتایی/.