مه‌لا به‌ختیار: خەریکە بە (گوێ درێژی) سیاسی لە سەر هەڵوێستەکانمان لەناو ئەبرێین

(0) / / مقالە / مه‌لا به‌ختیار زایەڵە هێرۆ خان یەكێتی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ژه‌هر


Nov 02, 2021

قەبارەی فۆنت:

مه‌لا به‌ختیار ": روو دەکەمە هێرۆ خانی میهرەبان و پێی دەڵێم : میهرەبانیت زاڵ کرد بەسەر ژیانی حزبایەتی دا، بۆیە بەشێکی چواردەورت پاداشتێکی ناجومێرانەیان دایتەوە و لەپەنای خۆتا پیلانیان لێ ئەگێڕایت."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ڤیڤانتێس به‌هۆی ژه‌هر پێدانی چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، له‌ وتارێكدا ئاماژه‌یپێكرد، مێژووی تیرۆرکردنەکانم هەمیشە لە لایەن فاشتەکان و قاعیدەی ڕەشەکوژەوە بووە.
مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند، هەموو مرۆڤێک هەر دەمرێ، مردنیش بەگشتی تەمەنی بۆ نیە، هەموو مرۆڤایەتی هاوقەبرین، بەڵام کەسانی سیاسی، پێشمەرگە، فەرماندە و بەرپرس، دەبێ چاوەڕوانی مردنی نائاسایش بکەن.
راشیگه‌یاند، لەناو دۆخێکی ئاوای ناشەریفانە و پڕاوپڕ لەخۆپەرستی و مەزنخوازی ناڕەوادا، ململانێکانی یەکێتی لە بەرامبەر نەیارەکانیدا، بە بەرنامە، لە ژێر پەردەی هاوسەنگی دروست کردن، ململانێکانیان لەناو یەکێتی چڕ کردەوە.
گوتی: ئێستا بچمە سەر قەبری مام جەلال بڵێم چی؟ بچمە تەنگیسەر چی بە ئارام بڵێم؟ بەشیهابی شێخ نوری بڵێم ئێوە کەم ژیان و کەڵ ژیان، بەڵام ئێمە زۆرتر ژیاین کەچی خەریکە بە (گوێ درێژی) سیاسی لە سەر هەڵوێستەکانمان لەناو ئەبرێین.
ئاماژه‌یپێكرد، چی بە کاک کۆسرەت بڵێم ، کەی قەول و قەرار وابوو؟ کە بە ئەنجومەنی باڵا ڕازی بووین بۆئەوەی کێشەکانی یەکێتی لەناو کۆنگرە قوڵتر نەبێت، کەچی هەوڵی لە ناوبردنمان دەدرێت، قەت نەدەبوو ئەنجومەنی باڵا رێبدا یەکێتی بگاتە ئەم ڕۆژگارە نالەبارە، ئەگەر کێشەکانمان پێ چارەسەر نەکرایە، دەتوانرا وای بەسەرنەیەت، بەداخەوە خراپتریش بەڕێوەیە.
هه‌روه‌ها گوتی: روو دەکەمە هێرۆ خانی میهرەبان و پێی دەڵێم : میهرەبانیت زاڵ کرد بەسەر ژیانی حزبایەتی دا، بۆیە بەشێکی چواردەورت پاداشتێکی ناجومێرانەیان دایتەوە و لەپەنای خۆتا پیلانیان لێ ئەگێڕایت.
ئاماژه‌شیپێكرد، 25/10/2005 ترسناکترین هەوڵی تیرۆرکردنم جێ بەجێ کرا، هەفتەیەک لەمەوبەر یادی ئەم هەوڵەبوو کە من بڕستی ئەوەم نەبوو بەهۆی چارەسەرەوە بەراوردێکی تیرۆر کردنم لەسەر دەستی قاعیدەو ژەهرخواردکردنم لەسەر دەستی( هەڤاڵان!!! )بکەم.
گوتیشی: مێژووی تیرۆرکردنەکانم هەمیشە لە لایەن فاشتەکان و قاعیدەی ڕەشەکوژەوە، یان لەئەنجامی شەڕی ناوخۆوە بووە. ئەوانەی لە سەنگەری دوژمنایەتی یەکێتیەوە، هەوڵی تیرۆرکردنی من و هاوسەنگەرەکانیان داوم، تەنانەت سەرۆک مام جەلال و شادڕەوان نەوشیروان و سەرکردەی تریش، هەروەها لەکاتی سەرۆک وەزیراندا کاک کۆسرەت و دکتۆر بەرهەمیش هەوڵی تیرۆرکردنیان درا، ئەوکاتە دەمانزانی بۆ هەوڵی تیرۆرکردنمان دەدرێت، چونکە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شۆڕشگێڕێتی و دیموکراسیدا بووین (دوورلەئێستا) بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی لەپەیامە مێژوییەکەی بەهۆی زاڵبوونی بەرژەوەندی خۆپەرستی و دەستەگەریەوە، بەهۆی دەستخستنە ناو بازاڕ و بازرگانی ناشەرعیەوە، یەکێتی بەڕواڵەت ئەیویست هاوسەنگی بەدی بێنێت، بەڵام بە کردەوە لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە، سەنگی پێش کۆنگرەشی لەدەست دا، لەم هەڵبژاردنەی عیراقدا 300 هەزار دەنگدەر، متمانیان لە یەکێتی سەندەوە.
جه‌ختیكرده‌وه‌، لەناو دۆخێکی ئاوای ناشەریفانە و پڕاوپڕ لەخۆپەرستی و مەزنخوازی ناڕەوادا، ململانێکانی یەکێتی لەبەرامبەر نەیارەکانیدا، بە بەرنامە، لەژێر پەردەی هاوسەنگی دروست کردن، ململانێکانیان لەناو یەکێتی چڕ کردەوە، بەچڕکردنەوەی ململانێکانی ناو یەکێتی، ئیتر ریزەکانی یەکێتی ناو یەکێتی، کۆتایی هات، بۆیە ئەبینین تەکەتولەکان بەئاشکرا ئیش ئەکەن، هێزی تایبەتی هەندێک لە سەرکردەکان بەهێزتر کراون، تەواوی ژیانی حزبایەتی پێشێل کرا، گەندەڵی و سەرانە سەندن و موڵکی حەرام دابەش کردن کەوتۆتە سەر وێردی هەموو زمانێک.
ده‌ڵێت، لە دۆخێکی وادا پێوەرە حزبیەکان و مۆڕاڵی حزبایەتی دەکرێنە پەڕۆی بێ نوێژ، ئیتر هەرچی بەهای مروڤایەتی و ئایدۆلۆجی هەیە نامێنێت، تەنانەت وای لێدێت چاودێریی کادرەکان لە فەیسبووک بکەن بزانن وێنەی بەرپرسەکانیان لە سەر تەنەکەی ماستاو دەنەخشێنن یان نا؟
جه‌ختیشیكرده‌وه‌، لەو چوارچێوەیەدا ژەهرخواردکردنمان لەناو یەکێتی ، ئەنجامێکی فاشستیانەی چاوەڕوان کراوە، زۆر جار لەمێژوودا بەشێکی چەپەکان هەڵدەگەڕێنەوە بۆ فاشیەت، پرەنسیپی بنچینەی نازیەکان ئەوەیە، یان لەگەڵمی یاخود دوژمنمی، واتە بێلایەنی سەربەخۆیی لەناو ژیانی حزبایەتی ڕەتدەکەنەوە.
ده‌شڵێت، بەدرێژایی مێژووی یەکێتی شانازیمان دەکرد کە شۆڕشگێڕین، شانازیشمان دەکرد کە دوژمنەکانمان ئەوەندە لێما ئەترسان پیلانیان لێ ئەگێڕاین. بەڵام ئێستا لەناو ململانێکانی یەکێتی، لافی چ بیروباوەڕێک لێ دەدرێ و شانازی بەکام ململانێوە بکرێت؟ چۆن ساڵانە یادی ژەهرخواردن لەناوخۆماندا بکەین؟ ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجام داوە، شەرم ئەکەن باسی بکەن.