پرد و شەقامی سەرەكی لە نێوان هەڵەبجە و كرماشان دروست دەكرێت

(0) / / اقتصادی / زایەڵە هەڵەبجە كرماشان


Nov 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو تەندەری دروستكردنی پردی پەڕینەوەی سازان لە نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرێتەوە و بەم نزیكانە دەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بۆ "خەڵك" ڕایگەیاند، هاتنی دكتۆر سەفەری، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی بازرگانیەوە گرنگە و ئەو وڵاتە دەیەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بگەیەنێتە دوو ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو، كە خۆی لە شەش ملیار دۆلاردا دەبینییەوە.

وتیشی: " لەكۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئێمە و بەرپرسانی حكومی و حزبی شاری سلێمانی باس لەتەواوی ئاستەنگییەكانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا كرا، كە بەڵێندرا مەرزی سازان بەڕووی هەڵەبجەدا بكرێتەوە، كە ئەمە بۆ ناوچەكە گرنگی خۆی دەبێت."

ڕاشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو تەندەرینی دروستكردنی جسری پەڕینەوەی سازان لەنێوان پارێزگای كرماشان و پارێزگای هەڵەبجە دەكرێتەوە و بەم نزیكانە دەدرێتە كۆمپانیای جێبەجێكار و دەست بە دروستكردنی دەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە تەندەرەكەدا چەندین شەقام و ئۆتۆبانی لەخۆگرتووە، كە ئەمە دەبێتە هۆی جموجوڵی بازرگانی لەنێوان كرماشان و هەڵەبجە، دواتر ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەردوو وڵات زیاتر دەبێت.

ئاشكراشیكرد، ئەم پڕۆژەیە بەشێكی لەسەر هەرێمی كوردستانە و بەشێكی دیكەی كۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێی دەكات.