نێچیرڤان بارزانی: هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە بکەینە ئەو ناوەندەی تێیدا ئافرەت تواناکانی خۆی پەرەپێبدات

(0) / زنان


Nov 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

لە هەولێر کۆنفرانسی یەکسانیی جێندەری و ستراتیژیی هێزی ژنان بەڕێوەدەچێت کە کاری هاوبەشی زانکۆکانی کوردستان - هەولێر، دهۆک، سەلاحەدین و سلێمانییە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا لە کۆنفرانسەکە ئاماژەی بەوە کرد کە باوەڕی ئەوان وایە "نابێت کۆمەڵگە بەشێوەیەک بێت کە تواناکانی ئافرەت سنووردار بکات."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "زۆر هۆکار هەن کە وایانکردووە ئافرەت ستەملێکراوبێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. لەوانە بەشوودانی زۆرەملێ، کوشتن بەبیانووی ئابڕوو، دەستدرێژیی سێکسی، تووندوتیژیی لەنێو خێزان و لە دەرەوەی خێزان، یان پەراوێزخستن و ژێردەستەخستنی."
لەبارەی هەوڵەکانیان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەگەر مافەکان بۆ هەموو تاکەکان وەک یەک بن نابێت رەگەزێک ئەوەی دیکە پەراوێز بخات، نەیخوێنێتەوە، بەشداریی پێنەکات و یان ستەمی لێبکات و لەگەڵیدا تووندوتیژ بێت." گوتیشی، "هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە بکەینە ئەو ناوەندەی تێیدا ئافرەتیش وەک پیاو ئەو ئازادییەی هەبێت و تواناکانی خۆی پەرەپێبدات. توانای پەروەردەیی، هونەری، سیاسی و پیشەیی و ئابووری."
لەبارەی هۆکارەکانی ستەملێکردن و تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد، گوتی، "بەشێک لەو هۆکارانەی ستەم لە ئافرەتان دەکرێت، جێبەجێکردنی بەهەڵەی داب و نەریتە. ئێمە کە دژی دەوەستینەوە لە یەککاتدا هەم ستەم لەسەر ئافرەت کەمدەکەینەوە هەم ناشرینییەکەش لە کولتووری خۆماندا دەسڕینەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "باوەڕی ئێمە ئەوەیە نابێت کۆمەڵگە بەشێوەیەک بێت کە تواناکانی ئافرەت سنووردار بکات. یان بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئافرەتان بکات کە ژێردەستەیان بکات."
لەبارەی پرسی یەکسانیی هەردوو رەگەز، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد کە کاری ئەوان لەسەر پرسەکە "وەڵامێکی سیاسییە بۆ کۆمەڵێک پەیکەری کۆمەڵایەتی کە نیوەی کۆمەڵگە پەراوێز دەخەن لەسەر بنەمای جیاوازیی رەگەز."
تێگەیشتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسەکە وەکو خۆی باسی کرد، بریتییە لە ئامانجی "بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا پیاو و ژن وەک یەک سوودمەند بن لە مافەکانیان، لەو دەرفەتانەی بۆیان دەڕەخسێت و، وەک یەکیش بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
 دەقی وتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز
رۆژتان باش
هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن بۆ ئەم كۆنفرانسە..
خۆشحاڵم پێكه‌وه‌ به‌شدارى له‌ كۆنفرانسی “یەکسانيی جێندەری و ستراتیژييه‌تی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستانی عيراقدا” ده‌كه‌ين کە بەشێکە لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
ده‌ستخۆشى له‌ زانکۆكانی سلێمانی، دهۆک، سەڵاحەدین و كوردستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ هاوبه‌شه‌يان كه‌ بایەخێكى تایبەتی هه‌يه‌ لە هەرێمی كوردستان. هاوكاريى نێوان چوار زانكۆ له‌سه‌ر بابه‌تێكى ئاوا، هه‌نگاوێكى گرنگ و مايه‌ى خۆشحاڵييه‌، پێويسته‌ هاريكارى و هاوبه‌شيى هەموو زانكۆكانی كوردستان لەم بوارەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ببێت. هيوادارم ئه‌نجام و ڕاسپارده‌ى زۆر باش له‌م كۆنفرانسه‌ بكه‌وێته‌وه و سووديان لێ وه‌ربگيرێت بۆ ئایندەی ئەم كارە گرنگەی كە لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە.
دەمەوێ بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانە بەڕێزانە بكەم ئەوانەی كە تەشریفیان هێناوە بێ ئەوەی ناو بهێنم بەخێرهاتنیان دەكەم و هیوادارم كاتێكی خۆشیان هەبێت لە هەولێر.
بەڕێزان،
باسی یەکسانيی نێوان نێرومێ، کوڕ و کچ و پیاو و ژن، لە بنچينەدا باسێکی سیاسییە، پەیوەستە بە مافی تاکەکەسەوە لە کۆمەڵگادا. ئەگەر مافەکان بۆ هەموو تاکەکان وەک یەک بن، کەواتە نابێ ڕەگەزێک ئەوی دی پەراوێز بخات، نەیخوێنێتەوە، بەشداری پێنەکات، یاخود ستەمی لێ بکات و لەگەڵیدا توندوتیژ بێت. زۆر هۆکار هەن کە وایانکردووە ئافرەت ستەملێکراو بێت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، لەوانە: بەشوودانی زۆرەملێ، کوشتن بە بیانووی ئابڕوو، دەستدرێژيی سێکسی، توندوتیژی لە ناوەوەی خێزان و لە دەرەوەی خێزان، یاخود پەراوێزخستن و ژێردەستەکردنی.
بەشێک لەو هۆکارانە جێبه‌جێكردنى به‌هه‌ڵه‌ى دابونەریتە. ئێمە کە دژی دەوەستینەوە، لەیەک کاتدا هەم ستەم لەسەر ئافرەت کەم دەکەینەوە، هەم ناشیرینييەکیش لە کولتووری خۆماندا دەسڕینەوە. بەشێکی دیکە لە هۆکارەکان، تێگەیشتنی هەڵەیە بۆ ئایین. ئێمە کە قەدەغەیان دەکەین، لەگەڵ ئەوەدا کە ئافرەت دەپارێزین، ئایینیش لە تێگەیشتنێكی هەڵە دەپارێزین. بەشێکی زۆریش لە هۆکارەکان لە ناڕۆشنبیريی تاکەکەسەوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە کاتێک تاکەکەس لەسەر پرسی یەکسانی و ئازادی پەروەردە دەکەین، ئافرەتیش لە توندوتیژی و ستەم و چەوساندنەوە دەپارێزین. قسەكەم ئەوەیە كە پێویستە ئەمە لە خوێندنی سەرەتایی ئەم كولتوورە لە مێشكی منداڵانی ئێمەدا جێگیر بكرێت.
باوەڕی ئێمە ئەوەیە: نابێ کۆمەڵگە بە شێوەیەک بێت کە تواناکانی ئافرەت سنووردار بکات، یان بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئافرەتدا بکات کە ژێردەستەی بکات. هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە بکەین بەو ناوەندە کە تێیدا ئافرەتیش وەک پیاو، ئەو ئازادییەی هەبێت تواناکانی خۆی پەرە پێبدات، توانای پەروەردەیی، هونەری، سیاسی، پیشەیی و ئابووری. کەواتە کاری ئێمە لە پرسی یەکسانيی هەردوو ڕەگەزدا، وەڵامێکی سیاسیيە بۆ کۆمەڵێک پەیکەرەی کۆمەڵایەتی کە نیوەی کۆمەڵگە پەراوێز دەخەن لەسەر بنەمای جیاوازيی ڕەگەز.
لێرەدا ڕاستيیەک هەیە دەمەوێ بیخەمەڕوو: زۆر باس لە یەکسانيی نێوان دوو ڕەگەز دەکرێت. دەمەوێ تێگەیشتنی خۆم بۆ یەکسانيی نێوان پیاو و ئافرەت لە یەک ئامانجی گشتگیردا بخەمەڕوو: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کۆمەڵگایەک بنیات بنێین کە تێدا پیاو و ژن وەک یەک سوودمەند بن لەو ده‌رفه‌تانه‌ى بۆیان دەرەخسێت. وەک یەک سوودمەند بن لە مافەکانیان. وەک یەک بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. بە جۆرێک کە هەردوو ڕەگەز بە یەکسانی بواریان پێبدرێت بۆ بەشداريی ئابووری، بۆ دروستکردنی بڕیار، بۆ ئەزموونکردنی ویستەکانیان و بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستیيەکانیان.
کەواتە ئەم باسە زیاترە لە یەکسانی لە بەشداریکردندا. ئەم باسە پەیوەستە بە مافی ئافرەتەوە وەک تاک، کە بە دڵنیاییەوە، چەسپاندنی هەر مافێک پێویستی بە یاسا و کاری دامەزراوەیی هەیە لە هەرێمی كوردستاندا. ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا کارمان لەسەر هەردوو بنەمای چەسپاندنی مافی ژن کردووە، ئه‌وه‌ش لە ڕێگەی هەمواری یاسای باری کەسی و لە ڕێگەی بەدامەزراوەييکردنی مافی ئافرەته‌وه‌. بەڵام یەکسانی ئامرازە و، ئازادکردنی تاک و ئازادکردنی ئافرەت، ئامانجە.
ئازادکردن بە دوو مانا دێت: ئازادکردن لە ستەم و ئازادکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک. باوەڕی ئێمە ئەوەیە کە ئەم دوو جۆرە لە ئازادی، لە بەرژەوەنديی ژناندايه‌. سەرەتا ئێمە دەبێ ئافرەت ئازاد بکەین لە کۆمەڵێک هۆکار کە تواناکانی کۆتوبەند کردووە. کە ئەوەمان کرد ئينجا ئافرەت دەتوانێ ئازاد بێ بۆ دۆزینەوه‌ى تواناکانی خۆی لە کۆمەڵگادا.
یەکەم: ئازادکردنی ژنان لە نایەکسانی، تەنها یەکێکە لە هەنگاوەکان. کۆمەڵێک هەنگاوی ديكه‌ هەن، وەک ئازادکردنیان لە توندوتیژی (لە ناو خێزاندا و لە کۆمەڵگەشدا)، ئازادکردنیان لە بێ سەرچاوەیيی داهات و هەژاری و، ئازادکردنیان لە ستەمی کۆمەڵایەتی و بێکاری لە كۆمەڵگەدا.
دووەم: ئازادکردنیان بۆ ئەنجامدانی ئەرک. ئافرەت ئەو کاتە ئازاد دەبێ بۆ ئەنجامدانی کار کە ئەرکی پێ دەسپێردرێت. تەنها کاتێک ئازادە کە وەک بکەرێکی کارا لە کۆمەڵگادا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بواری بۆ دەرەخسێنرێت تا بەپێی ویستی خۆی ئەو کایەیە هەڵبژێرێت کە لە ڕێیەوە دەتوانێت زۆرترین خزمەت بە كۆمەڵگە بکات.
ئەگەر ژن بەو واتایە ئازاد بێت، لەگەڵ ئەوەدا کە ئەرکی دایکایەتی بەجێ ده‌هێنێت، دەتوانێت شانبەشانی پیاو، خاوەن ئابووريی سەربەخۆی خۆی بێت. دەتوانێت ببێتە پزيشک، ببێتە ئەندازیار، مامۆستا، نووسەر، لێکۆڵەر، ڕەخنەگر، سیاسەتمەدار، چالاکوان، میدیاکار، پیشەوەر. تەنانەت دەتوانێت ببێتە پۆلیس و ئاشتيی کۆمەڵاتی بپارێزێت، یاخود ببێتە پێشمەرگە و پارێزەری خاک و نیشتمان بێت. ئەگەر حەزیش بكات دەتوانێت ببێتە سەرۆكیش، ئەوەش كێشەیەك نییە. بۆیە ژنان نابێ لە تواناکانیان جیا بکرێنەوە، چونکە بە پەراوێزخستنیان، کۆی کۆمەڵگه‌ی ئێمە زیانی پێدەكەوێت. ناکرێت ئافرەتان بخرێنە بەردەم جۆرێک لە بژاردەوە، ئەگەر یەکێکیان هەڵبژارد، دەستبەرداری ئەوی دیکە بن.
بۆ نموونە: لەنێوان ماڵ و کاری دەرەوه‌دا، تەنها یەکێکیان پێ ڕەوا ببینرێت! ئەمە دروست نییە، بەڵکوو دەبێ کەشی ماڵ بە شێوەیەک بێت، هاوکار بێت بۆ کاری دەرەوەیان. بە هەمان شێوە، کاری دەرەوەیان بە شێوەیەک ڕێکبخرێتەوە کە زیان بە ئەرک و پێگەیان نەگەیەنێت لە ماڵ، ئەگەر بڕیاریان دا ببن بە هاوسەر و ببن بە دایک. ئەم باوەڕە بۆ ئێمە تەنها دروشمێك نیيە، بەڵکو جیهانبينیی ئێمەیە. جیهانبینيیەک كە لای ئێمە سێ ڕەهەندی هەیە: ڕەخنەیە، دیدگایە، نەخشەڕێییە.
ڕەخنەیە، لە قۆرخکاريی کایەکانی ژیان بەتەنها لەلایەن پیاوەوە. ئەم قۆرخکارییە دەبێ ڕاست بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئافرەتیش لە کایەکانی ژیاندا بەشدار بن، دەبێت هەموو كارێك لەم ڕووەوە ئەنجام بدرێت. دیدگایە: ئێمە کۆمەڵگەیەک وێنا دەکەین کە دەوڵەمەندە بە داهێنانەکانی پیاو و ژن بە بەشــداری و کـاری هـەردوو ڕەگــەز، بۆ ئەوەی هەردوو ڕەگەز تێیدا سەربەست بن و لە جوانيیەکانی ژیان زیاد بکەن. نەخشەڕێگایە: چونکە ئێمە بە شێوەیەکی کردەیی، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بە سێ میکانیزم کارمان لەسەر کەمکردنەوەی پەراوێزخستنی ئافرەت کردووە لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیاندا:
یەکەم: لە ڕێێ هەمواری یاساکانەوە بەتایبەت یاسای کەسێتيی عیراقی. به‌ دياريكراويش یاساکانی ساڵانی ١٩٥٩ و ١٩٦٩ بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
دووەم: لە ڕێی بەدامەزراوەييکردنی یەکسانيی هەردوو ڕەگەزه‌وه‌، بەتایبەتى جێکردنەوەی ژن لە دامەزراوە فەرمیيەکان و ڕێکخستنی ئەو دامەزراوانە بە جۆرێک كه‌ پارێزگاری لە ڕۆڵ و پێگەی ژنان بكرێت.
سێیەم: لە ڕێی هاندانی ژنانه‌وه‌ بۆ بەشداريی سیاسیيان، بەتایبەتيش زیادکردنی ڕێژه‌ی کۆتا له‌ پەرلەمان لە سەدا بیست و پێنجەوە بۆ سەدا سی، بەمەبەستی زیادکردنی ئامادەیيی ئافرەتان لە دەسەڵاتی یاسادانان و دروستکردنی بڕیاردا.
بەڕێزان،
بە کورتی: کارەکانمان بۆ بەهێزکردن و پشتیوانیکردنی ژنانه‌ بۆ ئەوەی بتوانن تواناکانی خۆيان به‌جێ بكەن. بەڵێ دەتوانین بڵێن: توانیومانە خزمەتێکی بنچینەیی بە پرسی یەکسانيی پیاو و ئافرەت بکەین، بەڵام بەربەستەکان هەر ماون و پێویستە هەوڵی جددی بدرێت بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی كە لەم بوارەدا دووچاری هەرێمی كوردستان دەبنەوە. بۆ بنه‌بڕکردنیان، پێویستیمان بە هاوکاريی هەردوو ڕەگەزە. ئەم هاوکارییەش تەنها کاتێک بەرهەمدار دەبێت کە هەردوو ڕەگەز، وەک تەواوکەری یەکتر، یەکتری بخوێننەوە و ڕێزی هاوبەش و بەهای هاوبەش هەردوولایان كۆبكاتەوە.
لە ڕاستیدا، نەتەوە و کولتوور و ئایین، ئەو بڕیارەی بۆ داوین کە دوو ڕەگەزی نێرومێ، تەواوکەری یەکترن، هاوکاری یەکترن، پێکەوە ژیان بەرهەم ده‌هێنن، وەک یەک بەهایان هەیە، وەک یەک گرنگن بۆ دروستکردن و مانەوە و بەردەواميی ژیان، ئەمانە هەموویان نە كێشەیان لەگەڵ ئایین هەیە نە كولتوور، هەموویان ئەو ڕێگەیەمان پێدەدەن. گرنگ ئەوەیە ئەو دوو ڕەگەزە ستەم لە یەکتر نەکەن، هەردوولایان. بنەمای کۆتاییهێنانی ستەمیش پاراستنی مافە. بۆیە پێویستە هەردوو ڕەگەز وەک یەک مافیان هەبێت، وەک یەک ئەرکیان پێ بسپێردرێت، وەک یەک ڕێز لە جیاوازییەکانیان بگیرێت وەک یەک ده‌رفه‌تيان بۆ بڕەخسێنرێت.
هەر بۆیە کاتێک کە خۆشەویستی و ڕێزی هاوبەش لە ناوەوە و له‌ دەرەوەی خێزان، لە کایەی تایبەت و کایەی گشتی، هەردوو ڕەگەز کۆدەکاتەوە، بەرهەمەکەی سوودی هەموو کۆمەڵگه‌یە، بەرهەمەکەی، کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و ئازاد و تێگەیشتووە.
با ئەوەش بەبیر خۆمان بهێنینەوە: ئەوەی کە بۆتە بەربەست لە بەرانبەر ئافرەت، تەنها پیاو نیيە. ئەگەر پیاوێک بێت و ستەم بکات، پێویستە دەستی بگیرێت و بواری نەدرێت. بەڵام هەندێک جار ئەوەی کە ستەم لە ژن دەکات، دەکرێ ئافرەتێکی دیكه‌ بێت کە پێویستە پەروەردە بکرێت. یاخود، دەکرێ هەندێک هەڵەی دابونەریت بن کە پێویستە بنه‌بڕ بکرێن. دەکرێ هەندێک یاسا بن کە پێویستە بە هەموارکردنەوە، هەموار بكرێنەوە. دەکرێ هەندێک تێگەیشتنی ئایینی بن کە پێویستیان بە ڕاستکردنەوەیە. دەکرێ تەنانەت سیستەمێکی سیاسی بێت و پێویستی بە کرانەوەی زیاتر هەبێت بەڕووی بەشداريكردنی ژنان.
ئافرەت پێویستە ئازاد بێت. ئازاد بێت لە توندوتیژی و کۆتوبەند و چەوساندنەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە کایەی گشتیدا شانبەشانی پیاو ڕۆڵی هەبێت لە پێشخستنی بوارە جیاکان.
هەروەها دەمەوێ لێرەدا بەڕێزەوە یادی دوو خانمی كارا، خوالێخۆشبوو مەهاباد قەرەداخی و خاتوو نەمام غەفووری بكەمەوە كە خزمەتێكی زۆریان لەم بوارەدا كرد و بەداخەوە هەردووكیان بە كۆرۆنا كۆژی دواییان كرد.
هەروەها لێرەوە بەتایبەتی دەمەوێ بڵێم، هەمیشە ئێمە لەم بۆنانەدا دەبێت بە ڕێزەوە یادی زانای ناودار خوالێخۆشبوو مامۆستا مستەفا زەڵمی بكەینەوە كە بەتایبەتی بەڕێزیان لە ڕووی یاساییەوە هەوڵ و كۆشش و ماندوبوونێكی زۆری بینی و خزمەتێكی زۆری بۆ پاراستنی مافی ئافرەت و یەكسانی كرد.
هەروەها دەمەوێ سوپاسێكی تایبەتی مامۆستایانی ئایینیش بكەم كە لەو كاتەدا یارمەتییەكی یەكجار زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان دا بۆ تێگەیشتنی زیاتری كۆمەڵگە لە مافەكانی ئافرەتان، هیوادارم هەردەم بەردەوام بن، بە بەردەوامی كۆمەڵگە تێبگەیەنن لەسەر یەكسانی، مافی ئافرەت، توندوتیژی، ئەوە دەبێت ببێتە بەرنامەی ڕۆژانەتان پەنا بەخوا.
سوپاس بۆ هەمووتان، بۆ گوێگرتنتان، هیوای ڕۆژێكی باش و خۆشتان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەم كۆنفرانسە جددی بێت و كارەكانتان بە جددی وەرگرن. هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و هەر سەركەوتوو بن.
هەموولایەكتان بەخێربێن،
سوپاس.