خانمە هونەرمەندێکی کورد فستیڤاڵێکی ئۆنلاین بۆ ڕێزگرتن لە کاریکاتێریستێکی کۆچکردوو بەرپا دەکات

(0) / زنان


Dec 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

فستیڤاڵی ئۆنلاینی وێنەسازی منداڵان لە لایەن خانمە هونەرمەندێکی سنەیی بۆ ڕێزگرتن کە یادی کاریکاتێریستێکی بەناوبانگ و کۆظکوردی ئێرانی بەڕێوە دەچێت

بە پێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نگین وەکیلی هونەرمەندی وێنە ساز و مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی خەونە ڕەنگییەکان لە شاری سنە، هەستاوە بە بەرپا کردنی فستیڤاڵێکی ئۆنلاینی وێنە سازی بۆ منداڵان، بە مەبەستی رێزگرتن کە کامبیز دەرەم بەخش کاریکاتێریستی بەناوبانگی ئێرانی کە ماوەیەک پێش ئێستا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

وەکیلی لەمبارەوە بە زایەڵەی وت کە بە تەنیا خۆی و بە بێ پشتیوانی و یارمەتی هیچ ناوەندێکی حکومی و ئەم فستیڤاڵە بەرپا دەکات و هەموو منداڵەکان دەتوانن بەرهەمە هونەرییەکانی خۆیان لە ئەکاونتی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دانن و هاشتاگی#عمو-کامبیز-دوستت- داریم تاگ بکەن و سە بەرهەمیش وەکوو براوە هەڵدەبژێردرێن و خەڵات دەکرێن و دوا کات بۆ دانانی بەرهەمەکانیش 10ی ڕێبەندانی داهاتووە.

ئاماژەی بەوەش دا کە کامبیز دەرەمبەخش وەکوو هونەرمەندێکی بە ناوبانگ و نێونەتەوەیی، لە ماوەکانی ڕابردوودا پشتیوانی زۆری لە فێرکاری هونەر بە منداڵان و بە تایبەت منداڵانی سنە و ئەوانەی لە خەونە ڕەنگییەکان ڕاهێنانی هونەرییان پێ دەکرێت کردووە و کەسێکی دڵسۆزی هونەری تایبەت بە منداڵان بووە و بۆیە بڕیاری داوە لەم ڕێگاوە ڕێز لە یادی بگرێت.

ئاماژەی بەوەش دا بە نیازە دواجار پیشانگایەکی ئەم بەرهەمانە لە سنە بەرپا بکات هەمووی بخاتە بەر دیدی خەڵک و ئەگەر بودجەی بۆ دابین کرا هەمووی وەکوو کتێبێکی هونەری وێنە سازی لە چاپ بدات.

وەکیلی خاوەن 20 ساڵ ئەزموونی ڕاهێنان بە مندالانە لە بواری هونەر لە شاری سنە و دەتیان منداڵی هونەرمەندی پێگەیاندووە و تا ئێستاش دەیان پیشانگای لە بەرهەمەکانی خۆی و ئە منداڵانەی ڕاهێنانی پێ کردوون، بەرپا کردووە.

کامبیز دەرەمبەخش هونەرمەند و کاریکاتێریستێکی بە ناوبانگی ئێرانی بوو کە خاوەن ناوبانگی جیهانی بوو و گرینگی زۆری ئەدایە هونەری منداڵان و یەک مانگ پێش ئێستا بە هۆی تووش بوونی بە کۆرۆنا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.