سه‌ده‌یه‌ك (1921-2021) به‌سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقدا تێده‌په‌ڕێت که پڕه له وه‌رچه‌رخانی مێژوویی جۆراوجۆر که له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه جوڵانه‌وه‌یه‌كی نیشتمانیی ئازادیخوازی به‌خۆیه‌وه بینیوه هاوشانی په‌ره‌پێدانی ئابووری و سیاسی و مه‌ده‌نی و بره‌ودان به سیسته‌می ته‌ندروستی و فێركردن و فه‌رهه‌نگی و یه‌كسانیی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی، سه‌ره‌ڕای ده‌سته‌به‌رکردنی رۆڵ و پێگه‌ی شیاو بۆ ژنان، سه‌رەنجام ئه‌م هۆکارانه وایان کرد عێراق ببێته وڵاتێكی پێشه‌نگ له ناوچه‌كه و مه‌ڵبه‌ندی په‌ره‌سه‌ندنی فیکری و شارستانی كه له مێژووی دێرینی میزۆپۆتامیا سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، به‌ڵام قۆناخه‌کانی دواتری به‌ده‌ر نه‌بوون له لێكترازان، نوشوستی، مه‌رگه‌سات، جه‌نگ، كاولكاری، چه‌وساندنه‌وه، گه‌مارۆ و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و تیرۆرستان.
ئێستا خه‌ڵکی عێراق سه‌باره‌ت به به‌رده‌وامی قه‌یرانه‌کان و ئه‌و سیسته‌مه سیاسییانه‌ی حوكمی وڵاتیان كردووه نیگه‌رانن، له ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازی له سیاسه‌ت و كوده‌تا و ده‌ستووره كاتییه‌كان و جیاكاری و سه‌ركوتكردن و مه‌رگه‌ساتی هه‌ڵمه‌تی كۆمه‌ڵكوژی و شاڵاوی ئه‌نفال و گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له هه‌ڵه‌بجه و وشككردنی هۆڕه‌کان.
گه‌وره‌ترین وانه و په‌ند که له 100 ساڵی رابردووی ده‌وڵه‌تی عێراق فێری ببین بونیادنانی حوكمڕانییه‌كی دروسته؛ چونكه سه‌رباری ده‌رامه‌تی سرووشتی و مرۆیی و پێگه جوگرافییه گرنگه‌كه‌ی، تاوەکو ئێستا ئاشتیی و ژیانێكی خۆشگوزه‌ران بۆ هاووڵاتیانی عێراق دابین نه‌کراوه.
بۆیه ئێمه له‌به‌ره‌م ئه‌رکێکی نیشتمانی گرنگداین که بریتیه له پێکهێنانی حکومه‌تێکی تازه به ئاڕاسته‌ی تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و پارێزگاری له ئاشته‌وایی کۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌سپاندنی حوکمڕانییه‌کی دروست، له‌سه‌ر بنه‌مای پێداچوونه‌وه به که‌موکورتییه‌کانی رابردوو.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ش پێویستییه‌کی مێژوویه به ئاراسته‌ی دروستکردنی کۆده‌نگییه‌کی نیشتمانی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، چونکه قۆناخی ئێستا قۆناخێکی هه‌ستیاره و پێویستی به کارکردنێکی راسته‌قینه هه‌یه بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و گرێبه‌ستێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، چونکه ئێستا که‌س له عێراق به شیعه و کورد و سوننه و سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی دیکە به‌م دۆخه رازی نین و پێیان وایه ناکرێ به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێ.
کێشه‌ی کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا کە له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق تاوەکو ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه، پێویستی به چاره‌سه‌ر و گفتوگۆیه‌کی جیددی هه‌یه له به‌غدا که زامنی شه‌راکه‌تێکی راسته‌قینه بکات له رێگەی چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی که خزمه‌تی سه‌رجه‌م عێراق بکات.
هه‌ر چه‌نده ناکرێ ده‌سکه‌وته‌کانی دوای 2003 به‌که‌م وه‌ربگرین که شه‌ش کابینه‌ی حکومه‌ت و پێنج خولی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام یه‌كێك له کۆسپه گه‌وره‌کانی به‌رده‌م حوكمڕانییه‌كی دروست، قه‌یرانی سیستەمی حوکمڕانی دوای 2003 یه، چونكه له ئاستی داخوازییه‌کانی گه‌لی عێراق نه‌بوو و پێویستی به چاكسازییه‌كی ریشه‌یی راسته‌قینه هه‌یه.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵک به سیسته‌می سیاسی و پارێزگاری له سه‌روه‌ری دەوڵەت و کۆتاییھێنان بە پێشێلکارییه‌کان دێته‌دی.
وه‌ک ده‌زانن بۆ کۆتاییهێنان به‌م دۆخه هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌مان ئه‌نجامدا، وه‌کو به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنێک بۆ داواكارییه‌كانی شه‌قام و رێزگرتن له كۆده‌نگیی نیشتمانی و ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی بنه‌ڕه‌تی، چاوه‌ڕوانین رێوشوێنه یاساییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ته‌واوبن و به گوێره‌ی به‌ركه‌وتی ده‌ستووری حكومه‌تێكی نوێ پێكبهێنین.
سه‌رباری قه‌یران و هێرشه تیرۆرستییه‌كان و ئه‌و شه‌پۆلی تووندوتیژییه‌ی وڵاتی گرتووەته‌وه، مایه‌ی دڵخۆشییه عێراقییه‌كان له بری په‌نابردنه به‌ر جه‌نگ و ململانێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر میكانیزی ئاشتییانه‌ی هه‌ڵبژاردن، له هه‌مان كاتیش‌دا كه‌می به‌شداریی هاووڵاتییان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا نادیده ناگرین، چونكه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له خودی خۆیدا دوایین ئامانج نییه، به‌ڵكو ئامانجی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی و ئارامی و به‌شداری به‌رفراوانی عێراقییه‌كانه له پرۆسه‌كه‌دا، تاوه‌كو له‌و رێگه‌یه‌وه هاووڵاتییان بتوانن بژارده‌كانی به‌رده‌مییان زیاتر بكه‌ن و له رێگه‌ی پته‌وكردنی پایه سه‌ره‌كییه‌كانی حوكمڕانییه‌كی تەندروست، خواست و هیوا و ئاواته‌كانیان بێننه‌دی.
گه‌نده‌ڵی ئاسته‌نگێكی دیكه‌ی به‌رده‌م به‌رجه‌سته‌کردنی حوكمڕانییه‌کی دروسته، ئافاتێكی مه‌ترسیداره و په‌یوه‌سته به تووندوتیژی و تیرۆره‌وه، سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تی په‌رته‌وازه‌ییه و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه و عێراقیش ده‌خاته به‌رده‌م جیاكاری و نادادپەروەری.
ده‌بێت له رێگه‌ی دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان و چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه، كاری جددی و پێكه‌وه‌یی بكه‌ین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م گرفته، ئه‌م جه‌نگه جه‌نگێكی نیشتمانییه و بێ سه‌ركه‌وتن له‌و جه‌نگه‌دا ناتوانین له‌ئاست چاوه‌ڕوانی خه‌ڵکدا بین، ده‌بێت سه‌رچاوه‌كانی گه‌نده‌ڵی وشك بكه‌ین و پاره به‌تاڵانبراوه‌كانیش بگێڕێنه‌وه.
پێویسته له قۆناخی ئایینده‌دا كار بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ندانه‌ی ده‌ستوور بكه‌ین كه له ئه‌زموونی کارکردنه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه هۆكاری هه‌ندێ قه‌یران و ته‌نگژه‌ن و به‌ربه‌ستن له به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی، ده‌بێت شۆڕشێك له بواری یاسا ته‌شریعییه‌كاندا به‌رپا بكه‌ین كه وڵامده‌ره‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه بێت و هاوسه‌نگی كۆمه‌ڵگەش بپارێزێت، چونكه ئه‌و گۆڕانکارییه زۆرانه‌ی به‌سه‌ر عێراقدا هاتوون له چوارچێوه‌ی سیستمه یاساییه‌كانی پێشوودا هاوته‌ریب نه‌بوون له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، وه‌ك یاسای سزادانی عێراقی به نموونه.
ئه‌رکێکی دیکەمان بریتییه لە ئه‌نجامدانی په‌ره‌پێدانی ئابووری، چونکه ناكرێت چی دیكه پشت به ئابووریی به‌رخۆر ببه‌ستین كه 90%ـی له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت بێت، داتاكانیش ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه خواست له‌سه‌ر نه‌وت له كه‌مبوونه‌وه دایه و جیهان به‌ره و پشتبه‌ستن به وزه‌ی پاك هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌مه‌ش دوور و نزیك كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووریی عێراق.
له سایه‌ی رێككه‌وتننه‌كانی تایبه‌ت به ژینگه و وه‌رچه‌رخانی ئابووریی جیهان به‌ره‌و پشتبه‌ستن به وزه‌ی تازه، ده‌بێت پلانی سه‌راپاگیری پێشوه‌خته‌مان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش گرێدراوی گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه كه هه‌ڕه‌شه له ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان ده‌كات که گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و لێكه‌وته خراپه ئابوورییه‌كانییه‌تی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان.
دیارده‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و وشكه‌ساڵی و گه‌رده‌لووله لماوییه‌كان له به‌رزبوونه‌وه‌دان، زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانمان به هۆی به بیابانبوونه‌وه له مه‌ترسیدان، له ئه‌نجامی دورستکردنی به‌نداوه‌كان له‌سه‌ر لقه‌ڕژێنه‌كانی دیجله و فورات، به‌شه ئاوی عێراق كه‌می كردووه، بۆیه زۆر پێویسته وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی رووبه‌ڕووی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا ببینه‌وه، پێویسته له رێگه‌ی داڕشتنی پلانی ستراتیژییه‌وه خاکی میزۆپۆتامیا ببوژێنینه‌وه و هه‌مه‌چه‌شنی ژینگه‌كه‌ی وه‌ك باخه‌کانی خورما و زۆنگاوه‌كان و ده‌شت و چیا سەرکەشەکانی كوردستان پارێزگاری لێ بکه‌ین.
یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ی له عێراقی تازه ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه كه سودی له پێگه جوگرافییه‌كه‌ی وه‌رنه‌گرتووه كه ده‌كه‌وێته ناوجه‌رگه‌ی ناوچه‌كه‌وه، له‌گه‌ڵ دراوسێکانی كه‌وتووەته جه‌نگ و ململانێی بێهوده‌وه، ئه‌مه‌ش كۆسیسته‌می هه‌رێمی ناوچه‌كه‌ی به‌ره‌و داڕووخان بردووه، ھەر ئه‌مه‌ش بۆته هۆی په‌رته‌وازه‌یی و لێكترازان و ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی هه‌بووه بۆ سه‌ر ناوچه‌كه و عێراق.
پێویسته سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی دوور له میحوه‌ربه‌ندی و ململانێكان دابڕێژینه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ هه‌موواندا بنیات بنێین، عێراق كه پێشتر ناوه‌ندێک بووه بۆ ململانێ و ناكۆكییه‌كان، ده‌بێت بیگۆڕین بۆ پردی په‌یوه‌ندی و به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانیش دایه عێراق به رۆڵه میحوه‌رییه‌كه‌ی جارانی هه‌ستێت له ناوچه‌كه‌دا و نه‌هێڵێت خاكه‌كه‌ی ببێته گۆڕه‌پانێك بۆ ململانێ ئه‌وانی دیكه، نابێت رێگه بده‌ین ده‌وروبه‌ر كێشه‌كانیان له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌مان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، ده‌بێت به‌غدا بكه‌ینه چه‌قی به‌یه‌كگه‌یشتنی كو‌لتووره جیاوازه‌كان هه‌روه‌ك پێشتر پایته‌ختی شارستانیه‌ت و مه‌ڵبه‌ندی فره‌یی و لێبوورده‌یی بووه.
عێراق له ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنیدا رووبه‌ڕووی گه‌لیك ئاڵنگاری مه‌ترسیدار بووەته‌وه، ھەروەھا ئیستحقاقی گەورەشی لە بەردەمە، ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت و ده‌ستوور، سه‌رچاوه‌ی گرفت و كێشه جۆراوجۆره‌كانی وڵات و بگره خودی ناوچه‌كه‌شه، له ئه‌زموونی ئه‌و 100 ساڵه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه عێراقێكی سه‌قامگیری خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واو كه له‌گه‌ڵ گه‌ل و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا ئاشتییانه هه‌ڵبکات، دەوڵەتێک دەستوور رێوێنی بێت، دەوڵەتێک بێخزمەتکاری خەڵکەکەی بێت و یاسا تێدا سەروەر بێت، رێز له مافه‌كانی مرۆڤ بگرێت و بنه‌مای هاووڵاتیبوون بچه‌سپێنێت، پشتیوانی بکات لە سیستەمی فێرکردن و گەشەپێدان و پێشکەوتن، ده‌وڵه‌تێك بنیات بنێین كه شایسته‌ی ئێستا و ئاینده‌مان بێت.
نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ سەرجەم شه‌هیدانی عێراق كه له‌پێناو ئازادی و دیموكراسی و به‌رگری له نیشتمان گیانی خۆیان به‌خشی.