سەرپەرشتیاری دەروازەى نێودەوڵەتی پەروێزخان لەگەڵ بەرپرسانی بنکەکان کۆبویەوە

(0) / اقتصادی


Dec 22, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی دەوام و شێوازی ئیش و کارەکان و چۆنێتی زیادکردنی جموجۆڵی بازرگانی و داهات، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لەگەڵ بەرپرسانی بنکەکانی نێو دەروازەکەو کۆمپانیای لۆکەس ئەیجنسی بۆ پشکنین کۆبویەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بەوەکالەت باسی لەوەکرد، کەبە پاڵپشتی وەزیری دارایی و ئابووری کار بۆ ئەوە دەکەن، کە ڕایی کردنی مامەڵەو بەڕێکردنی باری شۆفێران و بازرگانان  لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە ببێتە (٢٤) کاتژمێری.
وتیشی، پێویستە بنکەکان کارئاسانی بۆ بازرگانان بکەن تا بتوانن بارەکانیان لەڕێگەی دەروازەکەوە داخل بکەن، لەهەمان کاتیشدا لەکاتی بەڕێکردنی باری خواردن و خواردنەوەو کاڵاو شتومەکدا، پێویستە ڕەچاوی لایەنی تەندروستی و مەرج و ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان بکرێت، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیان.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی بنکەکان، بۆ زیادکردنی جموجۆڵی بازرگانی کۆمەڵێک داواکاری و گرفتیان خستەڕوو، لەوانەش  دابینکردنی ڕووناکی لەشەواندا بۆ پشکنینی بارەکان، لەگەڵ دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی بنکەکان و دابینکردنی ئۆتۆمبێل بۆ هاتوچۆکردنیان، تا بتوانن (٢٤) کاتژمێر دەوام بکەن.
لەبەرامبەردا سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، جەختی لەوەکردەوە، کەبەهاوکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری داواکاری و پێداویستییەکانی بنکەکانی نێو دەروازەکە جێبەجێ دەکەن، بۆ ئەوەی دەروازەکە (٢٤) کاتژمێر بەڕووی جموجۆڵی بازرگانیدا کراوە بێت.
کامەران کەریم