زیاتر لە 76 هەزار گەشتیار بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ هاتوونەتە هەولێر

(0) / اقتصادی


Jan 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە 25ـی مانگەوە تاوەکو ئەمشەو 76 هەزار و 648 گەشتیار تەنیا لە شارەکانی عێراقەوە سەردانی هەولێریان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە دوایین شەوی ساڵی 2021 سەردانی شەقامی ئیسکانی کرد و دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، چونکە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی شارەکەیان کردووە.
 پارێزگاری هەولێر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، "هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵێکی پڕ خێر و خۆشی بێ بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە ساڵی 2021 ساڵێکی سەختمان بەڕێکرد."
 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "بە ئومێدی ئەوەی کە لە ساڵی 2022 بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییانمان بکەین، بە دڵنیاییشەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێنوێنیمان دەکات کە لە بابەتی خزمەتگوزاریدا چاومان لەو ناوچانە بێت کە خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە وەکو گەڕەکە هەژارنشینەکان."
 لەبارەی رەوشی هەولێر لە ساڵی نوێدا ئومێد خۆشناو رایگەیاند، "چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە حکومەتی عێراق پێکهات.. بەدڵنیاییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە مافەکانی خۆمان وەرگرین و لەو چوارچێوەیەشدا هەولێری پایتەخت لێی سوودمەند بێت"