«پرۆژەى سینەما دژ بە توندوتیژیی» لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندرا

(0) / فرهنگی


Jan 08, 2022

قەبارەی فۆنت:
سینەما سالم  و ناوەندی غەزەلنووس پڕۆژەیەکی هاوبەشیان لەڕێگای نمایشکردنی فیلمی تایبەتەوە، بێ بەرامبەر بە ئامانجی ڕێگرییکردن لە بڵاوبونەوەى بیرى توندوتیژیی لەناو کۆمەڵگادا ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سینەما سالم لە  لاپەڕەى تایبەتى خۆیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، ”پرۆژەى سینەما دژ بە توندوتیژیی” پرۆژەیەکی هاوبەشی ناوەندی غەزەلنووس و سینەما سالمە، کە بریتیە لە نمایشی گشتیی و بێ بەرامبەری ئەو فیلمانەی، کە هەڵگری ئایدیای دژ بە پەڕگیریی و دژ بە تووندوتیژی ئایینیی، مەزهەبی و دژ بە مافەکانی مرۆڤن و ئایدیای سەرەکی ئەو فیلمانە نیشاندانی ئەو فەزا ترسناکەیە، کە هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی تاک ڕەهەند و دەمارگیر دەتوانێت چەندێک ژیان لە مانا ڕاستەقینەکانی دابماڵێت و چ وێرانەیەک لە سەر زەوەی بخولقێنێت.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى سینەما سالمدا هاتووە، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتى و هەستکردن بە مەترسییەکانی تەشەنەکردنی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە لە فەزای کولتوری و ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا و لە سونگەی باوەڕبوون بەوەی، کە سینەما دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاو دژ بەو شێوە بیرکردنەوە و تێڕوانین بۆ دونیا بگورێت و جۆرێکی تر لە بیرکردنەوە بەرهەم بێنیت کە دواجار لە خزمەتی گەشەی کلتورییدا بێت ئەم دوو ناوەندە ئەم پرۆژەیە ڕادەگەیەنن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا باس لەوە کراوە، لە زووترین ماوەدا کات و چۆنیەتی نمایشی فیلمەکان ڕادەگەیەنن.
پڕۆژەکە لە ڕۆژی ٣ی ئەم مانگەوە ڕاگەیەندراوە و وەک سینەما سالم ئاماژەی پێداوە، ئامانجى پرۆژەکە گەیاندنی پەیامی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئاینیی، مەزهەبی و دژی مافەکانی مرۆڤە.