پەرەپێدانی بنکەی سەربازی

(0) / / راپورت / بنکەی سەربازی حەریر ئەمەریکا هەولێر هەرێمی کوردستان


Feb 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرچاوە سەربازییەکان ڕایانگەیاند کە ئەمریکییەکان بۆ چەسپاندن و جێگیرکردنی بوونی خۆیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق سەرقاڵی پەرەپێدانی بنکەی سەربازی حەریرن لە هەولێر.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە سەرچاوە سەربازییەکانی عێراق لە بەغدا لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی العربی الجدید_دا ئاشکرایان کردووە کە هێزە ئەمریکییەکان لە بنکەی حەریر لە باکووری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان لە ئەم دوو مانگی دواییەدا چەندین هەنگاویان ناوە بۆ پەرەپێدانی ئەم بنکەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بێ وێنە بووە.

ئەم هەوڵاانە بریتین لە بەربڵاو کردنی بنکەکە جگە لەو بتەوکارییەی کە لەنێو بنکەکە ئەنجام دەدرێت ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی نوێ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کە سوورە لەسەر دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق.

بە وتەی یەکێک لە ئەفسەرانی زانیارییە سەربازییەکان لە وەزارەتی بەرگری عێراق چەندین هەنگاو بۆ دروستکردنی حەشارگە ژێر زەمینییەکان و هەمبار و جێگای نووستن لەنێو بنکەکە نراوە.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ العربی الجدید_ دا وتیشی کە بنکەی سەربازی حەریر لەم دواییەدا بووەتە ناوەندێک بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکانی باکووری سووریا کە دراوسێی هەرێمی کوردستانە.

ئەم سەرچاوە سەربازییە هەروەها وتیشی کە ئەو کۆمپانیانەی کە خەریکی پرۆسەی پەرەپێدانی ئەم بنکەیەن هەمان ئەو کۆمپایانەن کە بەرپرسیارێتی پڕۆژەی دروستکردنی کۆنسوڵخانە نوێکەیان لە ناوچەی " عەین کاوە"_یان لە ناوەندی هەولێر لەئەستۆدایە.

" مەتیۆ تولێر" باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا لە مانگی سێپتەمبەری ۲۰۲۰ باسی لەسەر هاوکارییەکانی ئەمریکای بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کرد و وتی تیمێک بۆ مەشق پێکردنی پێشمەرگە و چۆنییەتی بەکارهێنانی کەلوپەلە سەربازییە نوێکان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکەین.

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە بە العربی الجدیدی وت هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەو هێزانەی کە لە بنکەی سەربازی عین الاسددان، نیە و حکومەتی عێراق دەبێت لە چالاکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاگادار بێت.

ڕێبین سەلام یەکێک لە ئەندامانی باڵای حزبی دیموکراتی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ العربی الجدید_ دا جەختی لەوە کردەوە کە هێزە ئەمریکییەکان و نێردە دیپلۆماتیکەکانی بیانی لە بەغدا بەردەوام هێرشیان دەکرێتەسەر لە حاڵێکدا ئەم هێرشانە دژی بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئەگەری ئەوە هەیە بەپێی مادەی حەوت گەمارۆ ئاوورییەکان بەسەر عێراقدا بسەپێندرێت.

هەروەها وتیشی کە هەولێر نایەوێت ئەمە ڕووبدات بەڵام بەهۆی ئەوەی کە هەولێر ناوچەیەکی سەقامگیرە و بەراورد بە ناوچەکانی دیکە ئاسایشێکی زۆرتری هەیە وەکوو جێگرەوەیەک بۆ نێردە دیپلۆماتیکەکان سەیر دەکرێت و هێزە ئەمریکییەکان و نێردراوە بیانییەکانیش بەدووی شوێنێکن کە ئاسایشی تێدا بەرقەرار بێت.

لەلایەکی دیکەیشەوە " کاطع الرکابی" ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە وتووێژێکدا لەگەڵ العربی الجدید_ دا

ڕایگەیاند کە هەموو هەنگاوە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە کە پەیوەستە بە هێزە سەربازییەکانی بیانی و بەدیاریکراوی ئەمریکی، بەبێ ئاگاداری بەغدا ئەنجام دەدرێت.

وتیشی هێزە ئەمریکییەکان ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەقۆزنەوە بۆ پەرەپێدانی بنکەی حەریر و ئەوەش بنکەیەکە کە ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە بنکەی هەمیشەیی هێزە ئەمریکییەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە پاش پەسەند کردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هەموو هێزە بیانییەکان، دژایەتییەکی سیاسی تووند لە بەرانبەر بوونی هێزە ئەمریکییەکان لە وڵاتدا هاتووەتە ئاراوە.

وتیشی هەولێر پارێزگایەکی عێراقە و دەبێت ملکەچی بڕیاری پەرلەمان لەسەر دەرکردنی هێزە بیانییەکان بێت و حکوومەتی عێراقیش دەبێت وەک بەرپرسی دەسەڵاتدارییەتی و پاراستنی ئاسایشی وڵات لێکۆڵینەوە لەسەر پەرەپێدانی بنکەی حەریر و ئامانجەکەی بکات.

الڕەکابی ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەی ڕاستەقینەی هیزە سەربازییەکان نادیارە هەر بەو شێوەیەی کە چۆنییەتی هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ بابەتی بوونی ئەمریکییەکان لە وڵاتدا لەئارادایە و هێشتا تەنانەت خشتەیەکی دیاریکراو بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق دابین نەکراوە.

هەر لەم پەیوەندیەیشدا سرمەد البەیاتی شارەزای بابەتە ئەمنییەکانی عێراق وتی کە درێژەپێدانی جووڵەی هێزە ئەمریکییەکان لە بنکەی حەریر و عین الاسد و باکووری سووریا دەرخەری ئەوەیە کە جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بەپێچەوانەی بۆچوونی هەندێ لە شارەزایان بەنیازی چەسپاندنی بوونی هێزە ئەمریکییەکانە لە عێراق.

وتیشی کە ئەمریکییەکان گەورەترین باندیان بۆ نیشتنەوەی فڕۆکە زەبەلاحەکانی خۆیان لە حەریر و عین الاسد دروست کردووە کەواتە چالاکی سەربازی ئەمریکا لە باکوور و خۆرئاوای عێراق و باکووری سووریا درێژەی دەبێت.

البەیاتی سەبارەت بە پرۆسەی پەرەپێدانی بنکەی حەریریش وتی ئەگەری ئەوە لەئارادایە کە ئەم هەوڵە بۆ گواستنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە بنکە ڕادەستکراوەکان بە عێراق بێت.

تاکوو کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو، هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی هەشت بنکەی سەربازییان چۆڵ و ڕادەستی حکومەتی عێراقیان کردووە.