وتەکەی مام جەلال و خەونەکەی ئێمە / هیوا محەمەد

(0) / مقالە


Jan 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەو رۆژەی کە مام جەلال وتی دەوڵەتی کوردی خەونی نووسەران و شاعیرانە، زۆرێک بە وتار شیکارییمان بۆ وتەکەی کرد و لێماندایە هەڵا، پێمان وابوو کەسایەتییەکی لەو چەشنە کە دەیان ساڵی تەمەنی بەسەر برد لە خەباتی کوردایەتیدا، نابێت دروست بوونی دەوڵەتی کورد بە خەونی ئێمە بزانێت، بەڵام ئێستا و پێشتریش بە چەند ساڵێک هەرچەند لێکدانەوەی بۆ دەکەم، دەگەمە ئەو خاڵەی کە بە توانایی و دووربینیی مام جەلال، لە وتەیەکی ئاوادایە.

مام جەلال کە دژی لە سێدارەدان بوو، هەروا هەمیشە پەنای بۆ هێڵی ئاشتی دەبرد ئەگەر تروسکاییەکی تێدا بەدیبکردایە، دەیان جار وتویەتی ئێمە دەمانەوێت بە ئاشتیانە گرفتەکانمان چارەسەر بکەین و دژی ئەوەین خوێنی کەسێک بڕژێت.

کاتێک دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە درێژە پێدانی خەباتی چەکداریی و سووربوون لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی مەحاڵە لەو بارودۆخەدا و ئێستاشی لەسەر بێت، ئیتر دێت و ناڕاستەخۆ پێمان دەڵێت ئەوەی ئێوە دەیڵێن خەونە، ویستی لەو خەونە رامانچڵەکێنێت و بەرەو رێگەیەکی ئاشتیانەی خەباتمان بەرێت.

ئەو خەباتگێڕە دێرینە دەیزانی کە ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دۆخەکە ئاڵۆز دەکات و ریسەکەمان لێ دەکاتەوە بە خوری، بۆیە تا خۆی لەناو بڕیاری سیاسییدا بوو، ئارامیی و گەشەکردن بەرقەرار بوو، بەڵام کاتێک ئەو بڕیارە درا و سەپێندرا، شوێنەواری خراپی تا ئێستاش لەسەر هەرێم و خەڵکەکەی هەیە.

مام نەیویست مرۆڤەکانی کورد چی دی ببنە قوربانی ، لەپێناوی دروشمێک کە زیاتر لە 100 ساڵە بۆتە هەوێنی شۆڕش و راپەڕین و پێی دەوترێت سەربەخۆیی.

دەیتوانی وەک هەر کەسایەتییەکی دیکەی سیاسیی کورد بڵێت: بۆ پێشەوە بەرەو سەربەخۆیی، بەڵام لەبەرئەوەی هەموو کۆسپ و رێگرییەکانی دەزانی، نەیدەویست بەو دروشمە گڕدارانە لاوانی وڵات بە کوشت بدات.

مام جەلال لەگەڵ قۆناغەکاندا بیروبۆچوونی خۆی لەمەڕ دۆخە سیاسییەکان گونجاندووە، ساڵانێک پایتەختەکانی جیهانی دەکرد بۆ داکۆکی لە مافەکانی کورد و سەربەخۆ بوونی، بەڵام دواتر زوو تێگەیشت و لەکاتێکدا کە لە لووتکەی توانایی و دەسەڵاتدا بوو، وتی دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانە، لەوکاتەدا دەیتوانی بە دروشمێکی گڕداری هەرزەکارانە، دەیان هەزار کەس لە هەموو پارچەکانی کوردستان هان بدات بۆ شەڕ و شۆڕش، بەڵام زیانی ئەمەی لەسوودەکەی بەزیاتر زانی، ئەو زانی کە سەرخۆبوونی ئێمە، لە چەسپاندنی مافەکانمانە لە دەستوورێکی دان پیادانراودا و پێکەوە کارکردنە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو عیراق هەروەک ئەوەی ئێستا دەیبینین.